بێخزمەتی خەڵکی ناوەڕاست و باشووری بێهیوا کردووە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

ئێراق، ئەو وڵاتەی لەسەر نەوتە بەڵام هیچ خێروبێرێکی بۆ دانیشتوانەکەی نییە، چونکە گەندەڵی سەرجەم پایەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتی لەق کردووە و، خەریکە لە ناوەوە ئەو وڵاتە دەخوا. هاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری ئێراقیش بەدەست کەمیی خزمەتگوزاری و گەندەڵییەوە دەناڵێنن و هەژاری و بێکاری و قەیرانی زۆر، تەواو هەراسانی کردوونە.

سەرەڕای تێپەڕینی ٢٠ ساڵ بەسەر ئازادیی ئێراقدا، کەچی هێشتا هاوڵاتیانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن و بەرپرسانی وڵاتیش بەردەوام بەڵێنی خوشگوزەرانی بە هاوڵاتیان دەدەن کەچی کاتێک دێنە سەر دەسەڵات دەردەکەوێت تەنها قسەیە و، ئەمەش جۆرێک لە بێمتمانەییی لای هاوڵاتیان دروست کردووە و هاوڵاتیان نیگەرانن لەوەی کە داهاتی وڵات هیچ نەبووەتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی.
لایەنە سیاسییەکانی ئێراق لەبەر ململانێی کورسی و پۆست و دەسەڵات ئاگایان لە هاوڵاتیان و جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکانیان نەماوە و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق لە هەموو ڕویەکەوە فەرامۆش کراون و کەمئاوی و بێکارەبایی و جادەوبانی ناڕێک، هاوڵاتیانی بێزار کردووە و سەرەڕای ئەوەی کە ئێراق لەسەر دەریایەک نەوتە، کەچی لە زۆرینەی شارەکان تەنانەت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیشیان نییە و لە کۆی ٤٢ملیۆن کەس، سێهەک (یەک لە سێ)ـی دانیشتوانی وڵاتەکە، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ڕێژەیەکی زۆر لە لاوان بێکارن.
هۆکاری ئەم ناڕێکییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پاش ٢٠ ساڵ لە ئازادكرانی ئێراق، لایەنەكانی ئەو وڵاتە هێشتا نەیتوانیوە لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیاندا كێشە سیاسی و ململانێیەکانیان وەلاوە بنێن. ئەندامێكی پەرلەمانی ئێراق دەڵێ: بێمتمانەیی لەنێوان لایەنەكان زیانی زۆری بە پرۆسەی سیاسی و خزمەتگوزاری لە ئێراق گەیاندووە.
جێی داخە کە سەیری شارەکانی ئێراق دەکەیت لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە هێشتا لە ڕابردوودا دەژین. شارێکی وەکو بەغدا کە سەردەمانێک هێمای پێشکەوتن و شارستانییەت بوو و گەشتیاران لە وڵاتانی جیهانەوە دەهاتن بۆ سەردانی، بەڵام ئێستاکە ئێستا بووەتە وێرانە و خەڵکە خۆجێییەکەی، لێی ڕادەکات؛ کاتێک دەڕوانیتە بەغدای پایتەختدا، غەمبار دەبیت، چونکە زۆرێک لە شەقامەکانی شارەکە تەنها وەک ناو ماونەتەوە و جگە لەوەش هیچ پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکی نوێی وەهای لێ بەدی ناکرێت کە شایانی باسکردن بێت، هەڵبەت ئەمە بۆ زۆربەی شارەکانی دیکەش ڕاستە. هاوکات ئەمە لەکاتێکدایە کە داھاتی مانگانەی ئێراق نزیکەی ١١ملیار دۆلارە لە فرۆشتنی نەوت، بەڵام سەرجەم بوارەکانی وەک ئاستی ژیان و داھاتی تاک و بواری ئابووری و گەشەی کۆمەڵایەتی و کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بواری خوێندن و تەنانەت ئاستی گەشتوگوزاریش، لە ڕیزبەندی خراپترین وڵاتەکانی جیهاندایە.
بەدەر لە داهاتی نەوت، تەواوی داهاتی ئێراق بە سەرجەم سێکتەرە نەوتی و نانەوتییەکانەوە دەگاتە نزیکەی ٢٠ملیار دۆلار مانگانە، بەڵام زۆرینەی دەچێتە خزمەتی گروپە چەکدارەکان یان بۆ پڕۆژەی ساختە خەرج دەکرێت و خەڵک سوودی لێ نابین بۆیە سەرەڕای ئەم داهاتە زۆرەش، پشکی خەڵک لە بێکاری، هەژاری و بێبەشی لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لەزیادبوونە و وەزارەتی کاری ئێراق هۆشداری داوە لەوەی دۆخی نالەباری دارایی و خزمەتگوزاری لە ئێراق وای کردووە توندوتیژی خێزانی پەرە بستێنێت و ١١ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا بژین.
. بەپێی ئامارە جیهانییەکان ئێستاکە لە ڕووی گەندەڵییەوە ئێراق لە نێوان ١٨٠ وڵات، لەڕیزبەندی ١٥٧ەم دایە ، واتە لە خراپترینەكانە، گەندەڵی لە ئێراقدا لە دیاردەی تاكەكەسیەوە دەرچووە و بووەتە دیاردەیەكی گشتی، کە زۆربەی لایەنەکان تێوە گلاون.
بەفیرۆدانی سامانی نیشتمانی لە ئێراق بە هۆی گەندەڵییەوە ، لە ئاستێكی بەرزدایە، بە جۆرێک ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا بەسەدان ملیار دۆلار بەفیڕۆ دراوە. بەپێی ڕاپۆرتێك لە ساڵی ٢٠٢١دا كە لەلایەن لیژنەی دەستپاكییەوە دەرچووە، نزیكەی ٥٢ وەزیر و پلە باڵا، یاداشتی ئاگاداركردنەوەیان بۆ دەرچووە، هەروەها نزیكەی ٤٩١ ئاگاداركردنەوە دەركراوە لە دژی ٣٢٩ لە گەورە بەرپرسان و پلە تایبەتەكان. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە گەندەڵی لە ئێراق بەردەوامە و سەرەڕای بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانەکەی، نەبوونی خزمەتگوزاری و بێمتمانەداکەوتنی دەسەڵات بووەتە ناسنامەی وڵاتەکە.

ھەواڵی زیاتر