شاندێکی هەرێم تایبەت بە پرسی هەڵبژاردن دەچێتە بەغدا

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەماوەی ڕابردوودا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش زۆرترین قسە و باسی لەبارەوە کرا. بە تایبەت دوای ئەوەی کێشەی سیاسیی تێکەڵ بە دانوستاندنەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بوو لەسەر یاسای هەڵبژاردن و هەموار کردنەوەی یاساکەی.

دوای کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی، پێدەچێت هیچ لەمپەرێک لەپێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی کوردستان نەمێنێت لەو وادەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە. لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی پەیوەستە بە هەڵبژاردنەوە لە ڕووی کارگێڕییەوە ئامادەکاریی تەواوی کردووە و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەی ڕاگەیاند کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی پێویست بووە کردوویەتی و دەشڵێت: شاندێکی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە پرسی هەڵبژاردن دەچێتە بەغدا، بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ کۆمەڵێک ڕێکاری کارگێری و دارایی هەیە بۆ خۆئامادەکردن لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەوەی کە پێویست بووە کردوویەتی. هەروەها هەماهەنگی کردووە لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەم دانیشتنانەش بەردەوام دەبێت.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە، لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە چاکسازییە، گشت خاڵەکان و بەرنامەی حکوومەت کاری لەسەر کراوە، یەکێک لە خاڵەکان، چارەکردنی پرسی ڕۆتینە، کە ئێستا لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، بابەتی یەک پەنجەرەیی و چارەکردنی رۆتین، کە بەشێکە لەو چاکسازییەی حکومەت، کارا کراوە.
باسی لە پرۆژەی هەژماری منیش کردووە و ڕایگەیاندووە: پرۆسەی هەژماری من و بە دیجیتاڵکردنی حکومەت بەشێکە لەکارنامەی حکومەت، کە هاووڵاتییان بتوانن بە کەمترین کات و کەمترین تێچوو خزمەتگوزارییەکانییان بەدەست بگات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشیان دەکات.
جێگای ئاماژە پێکردنە، ئێستا چەند سکاڵیەکی دژی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە داداگی فیدراڵی عێراق هەیە و چەند جارێکیش دادگاکە لەو بارەیەوە دانیشتووە و بەڵام تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لە بارەوە نەدراوە و دوایین جار دادگاکە ئەوەی ڕاگەیاند لە دانیشتنی داهاتوودا کە بڕیارە هەر لەم مانگەدا بەڕێوە بچێت چارەنووسی ئەو سکاڵایانە یەکلایی بکاتەوە.
پێشتریش، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەوەی ڕاگەیاندبوو: بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکارییەکی باش کراوە و تۆماری دەنگدەران نوێکراوەتەوە، کارتی بایۆمەتری ئامادەکراوە بۆ ئەو کەسانەی خۆیان تۆمار کردووە و زانیارییەکانیان نوێکراوەتەوە پێش ھەڵبژاردن کارتەکانیان دەگەڕێتەوە. دەشڵێ: ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥-٢-٢٠٢٤ بەو پەڕی شەفافیەت و خاوێنی دەکرێت.
بڕیار بوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ١-١٠-٢٠٢٢ بکرێت، بەڵام بەھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی شێوازی ھەڵبژاردن و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن نەتواندرا لەو ڕۆژەدا ھەڵبژاردن بکرێت، بۆیە ٩-١٠-٢٠٢٢ لە دانیشتنی پەرلەماندا بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار، تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کۆتایی ٢٠٢٣ درێژکرایەوە بۆ ئەوەی لەو ماوەیە یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە.
دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ٣-٨-٢٠٢٣، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥-٢-٢٠٢٤ی وەکو ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر