دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سۆران،ناوچە هەمیشە گەشتیارییەکەی کوردستان

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

سۆران بە یەکێک لە چالاکترین ناوچەی گەشتیاری کوردستان دادەنرێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٤٦ پرۆژەی گەشتیاری لە سنوورەکە هەیە، پرۆژەکان ١٢٠٠ هەلی کاریان ڕەخساندووە و ساڵانە نزیکەی. هەشت سەد هەزار گەشتیار دێنە ناوچەکە. پلان وایە پرۆژەکان گۆڕان بەسەر وەرزی گەشتیاریی باشووری کوردستان بهێنن و لە هەر چوار وەرزی ساڵدا گەشتیار ڕابکێشن.

د. فەیسەڵ سادق بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزاری سۆران باس لە گرنگی ئیدارەی سۆران لە ڕووی گەشتیارییەوە دەكات و دەڵێ: سۆران بە چالاكترین ناوچەی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان دادەندرێت و لە داهاتوودا بنكەی گەشت و گوزار لە قەزاكانی خەلیفان و سیدەكان دەكەینەوە، هەروەها هانی وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت و خەڵكی ناوچەكە دەدەین پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجام بدەن.
سنووری ئیدارەی سۆران، لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە بەیەكێك لە چالاكترین ناوچە گەشتیاریەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت بەپێی هەڵكەوتەی جوگرافی و بوونی ناوچەی دڵڕفێن و كەش و هەوای گونجاوی چوار وەرزەی . هەر بۆیە ناوچەكە دابەشی سەر چەند زۆنێكی گەشتیاری بووە كە توانراوە بۆ هەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیار بۆ خۆی پەلكێش بكات بۆ نموونە لە وەرزی هاوین هاوینەهەوارەكانی گەلیی عەلی بەگ و بێخاڵ و جوندیان و سەكران و وەرتێ و ڕووباری چامە و گەلی زرارا و ڕووباری ڕێزان و چیای حەسەن بەگ و حاجی ئۆمەران و بناری چیای هەڵگۆرد بە هەزاران گەشتیاری بۆ دەچن، لەلایەكی بۆ وەرزی زستان چیای كۆڕەك و چیای حسن بەگ و حاجی ئۆمەران وێستگەی سەدان هەزار گەشتیارە لە وەرزی بەهاریش سەیرانگاكانی بێڕۆیان و ئاكۆیان و فەقیان لە ڕواندز و مەیدانۆكا و بلێ و بارزان ڕووگەیەكی خواستراوی گەشتیاریە . بۆیە دەتوانین بڵێن ناوچە گەشتیاریەكانی سۆران هەمەچەشنە و هەمە وەرزین .
بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزاری سۆران ئاماژەی پێ دەدات و دەڵێ: كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار لە سۆران بێگومان گۆڕانی دروست كردووە لە فراوان بوونی پەیكەری كارگێری بەوەی بەرێوەبەرایەتی لە سنووری ڕەواندز و مێرگەسۆر هاتنە كایەوە وێڕای بەرێوەبەرایەتیی چۆمان و لە پلانماندایە بنكەی گەشتوگوزار لە قەزاكانی سیدەكان و خەلیفانیش بكەینەوە. لەلایەكی ترەوە چاودێری و پۆلین و پشكنین و سەرپەرشتیاریی ناوچە گەشتیاریەكان زیاتر بووە و توانراوە بەماوەیەكی كەم زۆربەی چالاكیە گەشتیارییەكان لەژێر ڕێنمای و چاودێریی گەشتوگوزار كار بكەن و پابەندی مۆڵەتی پیشەیی گەشتیاری كراون؛ هاوكات كاری جدی دەكەین لەسەر نوێ کردنەوەی ماستەر پلانی گەشتیاری لە چوارچێوەی نەخشە ڕێگای هەشت ساڵەی دەستەی گەشتوگوزار، لەلایەكی تر توانرا لە ڕێگای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی جەنابی وەزیر بەشێك لە ڕێنماییەكان هەموار بكرێنەوە لە بەرژەوەندی پەرەپێدان بە كەرتی گەشتوگوزار لە ناوچەكە و كوردستان بە گشتی. هەر ئەمەش وای كردووە ژمارەیەك پڕۆژەی گەشتیاری نوێ بێنە ئاراوە لەسەر ئاستی زیاد كردنی فۆرمی نوێی چاڵاكی گەشتیاری .
د . فەیسەڵ سادق بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، زیاتر ئاماژەی پێدا و دەڵێ: پلانی ئێمە ئەوەیە كە ناوچەی گەشتیاری نوێ وەبەرهێنانی تێدا بكرێت، بەو ئومێدەی بتوانین لە سنووری قەزای سیدەكان و مێرگەسۆر و چۆمان پەرەپێدانی زیاتر بە كەرتی گەشتیاری بدرێت، لەم پێناوەشدا لەوانەی تیشكی زیاتر بخەینە سەر قەزای سیدەكان و هانی وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت و خەڵكی ناوچەكە و یەكە ئیداریەكان بدەین كە كار بۆ كرانەوە بەڕووی گەشتوگوزارەوە بكەن و چونكە دەرئەنجام ناوچەكە بە بوونی بنەمای باشی گەشتیاری دەتوانێ سوودی زۆر بە گەنجانی ناوچە بگەێنێت دەرفەتی كارو پڕۆژە زیاد دەكات و كاریگەری زۆر باشە لە بووژانەوەی ئابووری ناوچەكە دەكات.