هەرێمی کوردستان لە پابەندییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا پێش عێراق کەوتووە

هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ژینگەدا ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەماهەنگیدایە و لەچاو عێراق، هەنگاوی زۆر باشی ناوە و توانیویەتی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە کەم بکاتەوە.

دکتور عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند لە ١٥ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢١ بەڵگەی پشکداری نیشتمانییان پێشکەشی ڕێککەوتننامەی پاریس کردووە و پێیان گوتوون تا ساڵی ٢٠٣٠ دەتوانن بەو خاڵانە پابەند بن کە لە ڕێککەوتنەکەدا هاتوون و یەکێک لەوانەش کەمکردنەوەی گازە گەرمکارەکان و خۆگونجاندنە.
ئەو ڕوونی کردەوە لەو کاتەوە دوو ساڵ تێپەڕیوە چونکە لە ١\١٢\٢٠٢١ ەوە ئەو ڕاپۆرتە چووەتە بواری جێبەجێکردن، لەم دوو ساڵەی چالاکییەکان و دۆخی ژینگەی کوردستان لە لایەن ڕێکخراوی UNDP سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە و لەگەڵ دەستەی ژینگەی کوردستان و وەزارەتی ژینگەی عێراق بەراوردکارییەک دەکات و دەبینێت هەرێمی کوردستان لەچاو پابەندبوون بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە نێو بەڵگەنامەی پشکداری نیشتمانی لە چەند خاڵێکدا پێشی عێراق کەوتووەتەوە.
یەکەم خاڵ بە بۆچوونی سەرۆکی دەستی ژینگە بریتییە لە بواری کارەبا، بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان بە دوو شێوازە و نزیکەی ٨٠%ی ئەو کارەبایەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت پشت بە گازی شل دەبەستێت.
پێویستە بگوترێ پێشتر زۆربەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان پشتیان بە نەوتی ڕەش دەبەست کە هەم گرانتر دەوەستا و هەم بە ڕێژەیەکی زۆر دەبووە هۆی پیسکردنی ژینگەی کوردستان.
جگە لەمە لە هەرێمی کوردستان لە سێ شوێن کارەبا بەرهەم دەهێنرێت کە بە پشتبەستن بە گازی هاوەڵ کارە دەکات و سەرۆکی دەستەی ژینگە بۆ فەرمانگەی مێدیا و زانیاری دەڵێ ئەمە تا ئێستا لە عێراق نەکراوە. کاتێک نەوت دەردەهێنرێت لەگەڵیدا گازێک دەردەچێت کە دەسووتێت بە گازی هاوەڵ ناودەبرێت و لە عێراق تا ئەم ساتە ئەو گازە بەفیڕۆ دەچێت و دەسووتێت بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ وزە گۆڕدراوە.
لە عێراق قەبارەی ئەو گازەی لە کاتی دەرهێنانی نەوت دێتە دەرەوە و لە هەوادا دەسووتێنرێت زۆرە و بەهاکەی لە ساڵدا دەگاتە ملیاران دۆلار بەڵام حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بکات و بەکاری بهێنێت و بە بڕە پارەیەکی زۆر گازی شل لە ئێران دەکرێت.
لە بواری کارگەکان، کارگەی خشت لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر پشتی بە نەوتی ڕەش دەبەست ئێستا بۆ گازی شل گۆڕدراوە. لە هەمان کاتدا کارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆش و ئەو پاشەڕۆیەی فڕێ دەدرێت کۆ دەکرێتەوە و لە هەندێک لە کارگەکانی چیمەنتۆ لە هەرێمی کوردستان دەسووتێنرێت و وزەی پێ بەرهەم دەهێنرێت لە بری ئەوەی فڕێ بدرێت.
بە گوتەی دکتۆر عەبدولڕەحمان سدیق کارگەکانی ئاسن لە بری ئەوەی نەوتی ڕەش بەکار بێنن گازئۆیل بەکار دەهێنن و ئەمەش بە سێیەم هەنگاو لە پێناو کەمکردنەوەی پیسکردنی ژینگە هەژمار دەکرێت.
ئەو ئاماژەی دا لە سێ خاڵدا دان بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ژینگە نراوە، یەکەمیان ئەوەیە لێرە شتێک داهێنراوە و کراوەتە مەرج ئەویش ئەوەیە هەموو پڕۆژەیەک ٢٥%ی ڕووبەرەکەی سەوزایی بێت . خۆ ئەگەر پێشی ئەو یاسایە پڕۆژەیەک نەیتوانیبێ جێبەجێی بکات ئەوا لە شوێنێکی تر ڕووبەری سەوزایی پێ دروست دەکرێ کە ”لە بری سەوز” ناسراوە.
سەرۆکی دەستەی ژینگە ئاماژەی بەو سیتییانە کرد کە لەم ساڵانەی دواییدا لە کوردستان بنیات نراون و بە شاری گەشەپێدانی بەردوەام دەیانناسێنێت و پێی وایە لە کارەباکەیاندا هەوڵ دەدەن وزەی پشتئەستور بە خۆر زیاد بکەن کە سەرچاوەیەکی پاکە.
پڕۆژەیەکی تر کە بایەخێکی یەکجار زۆری بۆ ژینگەی هەرێمی کوردستان هەیە پەیوەندیدارە بە جایکای ژاپۆنی و لە ٢٠١٤ وەستا و ئێستا بۆی گەڕاوەتەوە و پڕۆژەکە ئەوەیە هەموو ئاوەڕۆی هەولێر دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە و ئاوەکەی دەگۆڕێت بۆ جۆرێک کە دەکرێ بۆ کشتوکاڵ سوودی لێ وەرگیرێت.