فەرەنسا و هەرێمی کوردستانپەیوەندییەکی قووڵ و لەمێژینە و ستراتیجی

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

فەرەنسا و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی دۆستانەی قووڵ پێکەوەیان گرێ دەدات ،سەردان و گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا ، فەرەنسا سوپاسگوزارە بۆ بەرگریی و خۆڕاگری پێشمەرگە بەرامبەر تیرۆر و شەڕی بێ وچانی داعش لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا .

ئەو قسانە لەدوای سەردانێکی وەزیری بەرگریی فەرەنسا هات بۆ هەرێمی کوردستان، هەر ئەو سەردانەش نییە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو فەرەنسا و هەرێمی کوردستان لە ئاستە فەرهەنگی، ئابووری و سیاسییەکانیش پێشانیان داوە کە پەیوەندی نێوانیان بە جۆرێکە سوودی نەک تەنیا بۆ هەردوولا بەڵکو بۆ عێراقیش دەبێت
بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی فەرەنسا بکات و لەگەڵ ئێمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کۆببێتەوە، شەڕی تیرۆر، پەیوەندی هەردوولا دەبنە نێوەرۆکی ئەو گفتوگۆیانەی دەکرێن.
پێش ماوەیەک لە کاتی سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان وەزیری بەرگریی فەرەنسا ڕایگەیاند: فەرەنسا و کوردستان دۆستایەتی قووڵ بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە، بەردەوامیش دەبین لەلای خۆمان بۆ هاوکاری لە ئاسایش و یەکگرتوویی کوردستان و عێراق .

فەرەنسا ئەندامێکی چالاکی شەڕی دژی داعشە، هەروەها یەکێکە لەو وڵاتانەی لە نێو چاکسازییەکانی پێشمەرگەدایە، 600 سەرباز و ڕاوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، کە ئەرکی سەرەکییان مەشق و ڕاهێنانە بە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، تائێستا مەشقیان بە دە هەزار پێشمەرگە و سەربازی عێراقی کردووە، لەدوای تێکشکاندنی داعشیش، پاریس شەست ملیۆن یۆرۆی بۆ بنیاتنانەوەی ناوچە ڕزگارکراوەکان و سەقامگیرکردنیان تەرخانکردووە، لەوانەش 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ شاری موسڵ.
پەیوەندییەکانی هەردوولا بۆ زیاتر لە 4 دەیە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کاتێک لە دانیال میتران خانمی یەکەمی ئەوکاتی فەرەنسا ڕۆڵێکی دیاری هەبوو لە دروستکردنی پەیمانگەی کوردی لە پاریس، پاش چەند ساڵێک لە 1989 دانیال میتران ڕایگەیاند هەزار کەس وەکو پەنابەر لە فەرەنسا وەردەگیرێن و لەلایەن سەرۆک و حکومەتی فەرەنسا مافی مانەوەیان پێ دەدرێت، دواتر لە 1991 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەپەرلەمانی کوردستانیش لە 1992 ئامادەبوو کە یەکەم دامەزراندنی پەرلەمان بوو لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان ،لە 2011 دا جۆناسان ڕاندال رۆژنامەنووسی فەرەنسی ڕایگەیاند: دانیال میتران مەبەستییەتی پەیوەندیی باش و قووڵ لەگەل کەمینەکانی عێراق هەروەها کوردیش وەکو نەتەوەیەک لە عێراق تۆمار بکات .
قۆناغی دوای ساڵی 2012 لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان گرنگ بوو، چونکە ئەوکات و بە دروستی لە ساڵی 2014 بۆ یەکەم جار وەکو سەرۆکێکی فەرەنسا فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسا سەردانی هەولێری کرد و لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازی لێکرا، لە ماوەی ساڵانی 2013 تاوەکو 2017یش وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و بەرپرسانی دیکەی فەرەنسا بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و جەختیان لە پەیوەندی قووڵ و لەمێژینە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە .
لەبارەی هاوکارییە سەربازییەکانیش لە 2014 دا فەرەنسا بۆ هاوکاری پێشمەرگە 40 سەربازی ناردە هەرێمی کوردستان، هەمان ساڵ لە ئابی 2014 نزیکەی 20 تۆن هاوکاری نارد لەگەڵ چەک و تفاق بۆ پێشمەرگە ،تاوەکو ئێستاش بەشێکی ڕاوێژکارانی سەربازی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستانن و بەشێکن لە چاکسازییەکانی نێو پێشمەرگە کە لە چوارچێوەی دا فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان سەرپەرشتی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەدات .