هەولێر و پاریس دەیانەوێت جووڵەی ڕاستەوخۆی بازرگانیان هەبێت

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

ئەگەرچی بەدرێژایی مێژوو پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس، لە هیچ کاتێکدا نەپچڕاوە و بەردەوام قووڵتر و فراوانتر بووە، بەڵام پێدەچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا پەیوەندیەکان بگاتە قۆناغێکی نوێ و فراوانتر لەسەرجەم بوارەکان بە تایبەت لە بواری ئابوری و وەبەرهێناندا.

لەماوەی ڕابردوودا، پەیوەندییەکان لە نێوان وڵاتی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، زۆر بە باشی بەرەوپێش چوونە و هەنگاوەکانیش لە چوارچێوەی یاداشتێکدا لە نێوانیان پاریس و هەولێر وەک دەستەخوشکی یەکتر دیاری کران و لە ئیستاشدا هەوڵەکان بە ئاراستەی ئەوەن گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانی لە نێوان هەردوو شاری پاریس و هەولێردا بکرێتەوە. ئەمەش بەمەبەستی بەهێزکردنی جوڵەی بازرگانی و ئاسانکاری هاتووچۆ لەنێوان هەولێر و پاریس.
هەر لەم ساڵدا و لە ماوەکانی ڕابردوودا، لە میانی سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا، سەرۆکی حکوومەت لە بارەگای سەرەکیی دەزگای بازرگانیی فەرەنسی بۆ کۆمپانیاکان (MEDEF) لەگەڵ نوێنەری چەندین گەورە کۆمپانیا و بازرگان و خاوەنکاری فەرەنسی کۆبووەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە فەرەنسیەکانی دا کە وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان بکەن و ئامادەیی هەموو هاوکاری و هاوئاهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی لەو پێناوە دەڕبری.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان کە نوێنەری کۆمپانیا گەورەکانی فەرەنسا بوون بەتایبەتی ئەوانەی کاری وەبەرهێنان لە دەرەوە دەکەن چەندین تێبیننی و سەرنج و ڕاسپاردەیان بەئاراستەی پەرەپێدانی وەبەرهێنانی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان خستنەروو و سەرۆکی حکومەتیش وەڵامی پرسیار و تێبینی بەشداربووانی دایەوە.
بە بڕوای شارەزایەکی سیاسیی تایبەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان ئەگەر لە ڕابردوودا گرنگییەکی دبلۆماسی و سیاسی هەبووبێت، ئێستە ئەو پەیوەندییە چەندین ڕەهەنەدی دیکەی لە خۆ گرتووە و گرنگییەکەی زۆر زیاتر بووە.
شاڵاو سیانی، پسپۆڕی سیاسی لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، باس لەوە دەکات، پێدەچێت پەیوەندییە ئابوریەکانی نێوان هەولێر و پاریس لە ماوەیەکی نزیکدا فراوانی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێت بۆئەوەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ جوڵەی بازرگانی لە نێوانیاندا هەبێت. ئەمەش سوودی دوولایەنەی دەبێت و هەرێمی کوردستان کە ئێستا خەریکی پڕ بەرەهەم کردنی بازاڕی خۆیەتی بە بەرهەمی ناوخۆیی پێدەچێت فەرەنسا لەو بوارەشدا ببێتە بازاڕێکی گونجاو لە ئەوەرووپا بۆ بەرهەمی ناوخۆیی.
ئەو شارەزایە، باس لە دۆخی هەستیاری ناوچەکە و جیهان دەکات و دەڵێت؛ ئەو ئاگرەی ئێستا بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە هەڵگیرساوە، خەریکە دەگۆڕدرێت بۆ هاوکێشەیەکی ئاڵۆز و ئەمەش دەخوازێت هەموو ولاتان بەرچاو ڕوونیان هەبێت بۆ خۆپارێزی لە تێوەنەگلان و دەست وەرنەدان. دەشڵێت: فەرەنسا هاوپەیمانێکی بەهێز بووە لە تێکشکاندنی تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکشکاندنی داعش، لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە، هەر بۆیە هەمووکات بە گرنگییەوە سەیری پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات و هەمووکات پێشوازییەکانیان لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لەڕووی پرۆتۆکۆڵەوە لە ئاستێکی باڵادایە و هاوشێوەی وڵاتێکی سەربەخۆش لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.