بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی سۆران:عێراق هاوکاریی ئاوارەکان ناکات و زیاتر لە پێنج ساڵە نەوتی بەسەریاندا دابەش نەکردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، دەڵێت: ھێشتا نزیکەی ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە سنووری ئیدارەی سۆران ھەن. دەشڵێ: لەبەر پەکەکە ئاوارەکانی شنگال ناگەڕێنەوە، حکوومەتی عێرایش ھاوکاری ئاوارەکانی خۆی ناکات و زیاتر لە پێنج ساڵە نەوتی بەسەر ئاوارەکانی سنوورەکە دابەش نەکردووە.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، ڕایگەیاند: لە سنووری قەزاکانی ئیدارەی سۆران، نزیکەی ھەزار ئاوارە و پەنابەر ھەن و تا ئێستە نەگەڕاونەتەوە. ھەر ئاوارەیەکیش بگەڕێتەوە وەکو حکوومەتی ھەرێم ھاوکار دەبین، بەڵام ئەگەر کەسێک بە زۆری بگەڕێنینەوە ئەوە نییە و ھەر ئاوارەیەک بیەوێت بگەڕێتەوە یان لێرە بمێنێتەوە ئارەزوومەندانەیە.
عەباس ئەمیر، ڕوونیشیکردەوە: ھۆی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بەتایبەتی ئاوارەکانی شنگال، بۆ بوونی پەکەکە لە ناوچەکانی ئەوان دەگەڕێتەوە، کە وەک خۆیان دەڵێن: تا پەکەکە لە ناوچەکانی ئێمە بێت، ناگەڕێینەوە. بۆیە پێویستە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ھەروەھا نەبوونی پڕۆژەی خزمەتگوزاری ھۆیەکی دیکەیە کە ئەو ئاوارانە نەگەڕاونەتەوە، ھۆی ئاوەدان نەبوونەوەی ناوچەکانی ئەوانیش ھەر پەکەکەیە، چونکە ئەو گروپە چەکدارانە ڕێگە نادەن حکوومەت دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچانە درێژ بکات.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، ئەوەشی گوت: بە شێوەیەکی زۆر باش توانیومانە خزمەتی ئاوارەکان بکەین و ئەو کەلوپەلانەی پێویست بێت بۆیان دابین بکەین؛ لەگەڵ ئەوەی ئەوانیش لەگەڵ ئێمە ھاوکار بوونە، ھەتا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان ھاوکار بوونە. ئێستەش ھەندێک ئاوارە کە گەڕاونەتەوە پەشیمانن لەوەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، خەڵکی سۆران و دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ ئێمە زۆر ھاوکار بوونە و نەیان ھێشت ھەست بە ئاوارەیی بکەین، ئەوەش سەر بەرزییە بۆ خەڵکی ئێمە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە.
سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی ئاوارەکان، عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، زیاتر گوتی: حکوومەتی عێراق ھاوکاری ئاوارەکان ناکات و پشتی لە خەڵکی خۆی کردووە و زیاتر لە پێنج ساڵە نەوتی بەسەر ئاوارەکانی ئیدارەی سۆران دابەش نەکردووە. داوامان کردووە حکوومەتی عێراق نەوت بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەش بکات، بەڵام تا ئێستە بێ وەڵام بووە لەکاتێکدا بەرەو وەرزی سەرماو زستان دەڕۆین، لەگەڵ ئەوەش توانیومانە بە شێوەیەکی زۆر باش ھاوکاری ئاوارەکان بکەین. دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ ئێمە ھاوکار بووە و بەردەوام کەلوپەلی پێویست بەسەر ئاوارەکاندا دابەش دەکەن.