کەمێک پێش ئێستا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش لە هەولێر دەستیپێکرد.
بڕیاری 1325 لە رۆژی 31ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2000 لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ناوی (ژن، ئاشتی، ئاسایش) دەرکرا، کە یەکەم بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشە لەبارەی ئافرەتان دەرکرابێت، ئەمەش پاش دەرکەوتنی کاریگەرییە نەرێنیەکانی جەنگەکان لەسەر دۆخی ژنان.
بڕیاری 1325 پاش کۆنفرانسی جیهانی تایبەت بە ژنان بوو، کە لە ساڵی 1995 لە شاری پەکین ئەنجامدرا، تێیدا ژنانی زۆرینەی وڵاتانی جیهان بەشداری ئەو کۆنفرانسە بوون، لە هەرێمی کوردستانیش پەخشان زەنگەنە بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد، کە تایبەت بوو بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگ لەسەر ژنان و بەربڵاوی توندوتیژییەکان.
بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1325 لە ساڵی 2009 لەلایەن سکرتاریەتی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڕیاری 1889 دەرکرا، کە پێکهاتووە لە چوار بنەمای سەرەکی بۆ پاراستنی ئافرەتان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، کە بریتین لە: رێگریکردن، پاراستن، بەشداریکردن، دەستپێکردنەوە.