هەوڵێک بۆ کۆبوونەوەی فراوانی حزبەکانی کوردستان هەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی ھەوڵ دەدات ھەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکان لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە، چونکە پێیوایە بەو شێوەیە دەتوانن بەرامبەر بە ھەموو ئەو تەحەدایانە بوەستنەوە کە ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان دەبنەوە. چاودێرانی سیاسی و حیزب و لایەنەکان دەڵێن: ئەگەر ئەو یەکڕیزییە نەبێت قەوارەی ھەرێمی کوردستان لە مەترسییدا دەبێت، پارتییش ھەستی بەو مەترسییە کردووە، بۆیە داوای ئەو یەکڕیزییە دەکات و دەبێت بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی ھەڕەشەکان ببینەوە.

بەھۆی گەورەبوونی مەترسییەکان لەسەر ھەرێمی کوردستان، ھەولێک بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێک ھەیە، پێشنیازیش بۆ کۆبوونەوە دراوە بە لایەنەکان و ئەوانیش پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکە کردووە.
سەرۆک بارزانی و پارتی، بەردەوام تەئکید لەوە دەکەنەوە کە دەبێت لایەنە کوردستانییەکان ھەموویان بە یەک تیم بچنە بەغدا، بۆ ئەوەی بتوانن دەستکەوتەکان بپارێزن و دەستکەوتی زیاتریش بەدەست بھێنن. ڕۆژی پێنج شەممە، ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و ئەندامانی کۆمیتەکە کۆبووەوە و دواتر ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەدات وەکو ھەمیشە لەپێناو بەرژەوەندی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و بەھێزترکردنی قەوارەی سیاسی و یاسایی ھەرێمی کوردستان و لێکتێگەیشتن و ھاوکاری، پارتیمان بەردەوام ‌بێت لە دیدار و گفتوگۆکردن لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکوومەت و ئەوانەشی کە بەشدار نین، ھەروەھا بەھێز خستنی خاڵە ھاوبەشەکان و ئیدارەدانی ئەو جیاوازیانەی کە لەگەڵ پرنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانماندا ناکۆک نین.
ھەرێمی کوردستان خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان ئامادە دەکات، ھەوڵێک بۆ زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوەی فراوان دەستی پێکردووە و دەیانەوێت کۆبوونەوەکە ئەنجامی ھەبێت. لایەنە ساسییەکان پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکە کردووە. گەورەبوونی مەترسییەکان لەسەر ھەرێمی کوردستان لایەنەکان بەخۆ کەوتوونە و بەشێک لە کۆبوونەوەی پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەیە، پشتگیری لایەنە سیاسییەکان لە حکوومەت بەشێک لە مەترسییەکان کەم دەکاتەوە.
د. ئازاد ئیبراھیم، چاودێری سیاسی، دەڵێت: ھەولێک لە بەغدا بۆ لاوازکردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ھەیە، یەکدەنگی و یەکڕیزیی باشترین فاکتەرە بۆ پاراستنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان و بە دەستھێنانی دەستکەوتی زیاتر، ئەگەر خۆمان یەکگرتوو بین و ھاوھەڵوێست بین دەتوانین بە شێوەیەکی وا مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوانە بکەین کە ھەمیشە کارتی بەھێزمان بە دەستەوە بێت.
د. ئازاد ئیبراھیم، دەشڵێ: مەترسییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان چەند گەورەبن بە یەکگرتووی لایەنەکان ڕووبەڕووبوونەوەیان ئاسانە، ئەو مەترسییانەشی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەن ھەڕەشەن بۆ ھەموو لایەک.
د. نەوزاد حەمید، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: دەبێت ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، ھەروەھا ئەو ھەڕەشانەی کە لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە بە خۆڕادەستکردن چارە نابێت، دوورخستنەوەی ئەم ھەڕەشانەی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان پێویستی بە دیالۆگێکی نیشتمانی ھەیە.
ئەو مامۆستایە، گوتیشی: دەبێت ھەموو لایەنەکان پێکەوە بانگەشە بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بکەن، بانگەشەی ھەموو لایەنەکانیش بۆ ئەوە بێت کە قەوارەی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، چونکە بە نەمانی ھەرێمی کوردستان نەک لایەنێک، بەڵکو ھەموو لایەنەکان زەرەر دەکەن و ئەو دەستکەوتانەی بە دەست ھاتوونە لە دەست دەچن. بۆیە، پێویستە ھەموو حیزبە سیاسییەکان لەپێناو ئاییندەی ھەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکان یەکدەنگ و یەک ھەڵوێست بن، ھەروەھا دەبێت بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی ھەڕەشەکان ببنەوە.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، دەڵێت: تا ئێستە زۆر بابەت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ماون و چارە نەکراون، بۆ نموونە بابەتی ماددەی ١٤٠، پێشمەرگە، بودجە و مووچە و چەندین بابەتی دیکە، بۆیە دەبێت لایەنە کوردستانییەکان ‌لە بەغدا ھەوڵی یەکڕیزی نێوماڵی کورد بدەن و کار بکەن بۆ لێکگەیشتن لە نێوان لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان، بۆ ئەوەی بزانن ئەوەی لە دەستووری عێراقدا ھاتووە مافی گەلی کوردە و دەبێ جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەو عەقڵیەتە شۆڤینیەی تا ئێستە بە نەفەسی پێشوو دژی کورد کار دەکات دەبێ گۆڕانکاری بەسەر بیر و ھزریان بێت و بگەنە ئەو ڕاستییەی گەلی کورد زوڵمی لێ کراوە و مافی خۆیەتی قەوارەی سیاسیی خۆی ھەبێت.
ئەو چالاکوانە، ئاشکراشی کرد: زیاتر لە ٥٥ ماددەی دەستووری لەلایەن بەغداوە بەرانبەر ھەرێمی کوردستان پێشێل کراون، بۆیە یەکێک لە ئەرکەکانی ئەندامانی کورد دەبێت کارکردن بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستووریانە و دابینکردنی بەشە بودجەی خەڵک و ھێزی پێشمەرگە، چونکە ئەمانە مافی خەڵکی کوردستانن، پێویستە کاری بۆ بکەن لە بەغدا، نەک دژی یەکدی بوەستنەوە و کێشە ناوخۆییەکان بۆ بەغدا بگوازنەوە، چونکە ئەگەر کورد لە بەغدا یەک نەبوو ئەوەی بە دەستی ھێناوە ئەویش لە دەست دەدا. ئەگەر ھەر حکوومەتی عێراق ماف و داخوازییەکانی گەلی کورد لەبەرچاو نەگرێت و کورد لە حوکمڕانی شەریکێکی ڕاستەقینە نەبێت، پێویست کورد دوا ھەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت.
محەممەد سەعید، چالاکوانی سیاسی، دەڵێت: دەبێت کورد خیتابێکی یەکگرتووی ھەبێت، پارتی وەکو لایەنێکی سیاسی خەمی یەکڕیزی و بە دەستھێنانی ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردە کە لە دەستووری عێراقدا ھاتووە، بەڵام بەداخەوە ھەندێک لایەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بۆ بە دەستھێنانی پۆستێک لە بەغدا داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانی پشتگوێ خستووە، ئەوەش وا دەکات کە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا خەڵکی کوردستان ئەو لایەنانە سزا بدەن و دەنگ بەو لایەنە بدەن کە شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن.

ھەواڵی زیاتر