قۆناغی دووەمی دروستکردنی پشتێنەی سەوز بۆ شارۆچکەی عەنکاوە

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

لە چوارچێوەی کار و پرۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی جوانترکردنی سیمای شار و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکاندا دەست کراوە بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی دروستکردنی پشتێنەی سەوز بۆ شارۆچکەی عەنکاوە.

قایمقامی قەزای عەنکاوە، ڕامی نووری وتی: “دەمانەوێ ڕووبەری سەوزایی لە عەنکاوە زیاد بکەین، چونکە تێبینیمان کردووە، بەهۆی گەرماوە سەوزایی لەو شارۆچکەیە کەمی کردووە. بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوزی عەنکاوە. وتیشی ”لە قۆناغی یەکەمدا هەزار نەمام چێندرا؛ ئێستا لە دەستپێکی قۆناغی دووەمدا بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی مرۆییدا ٥٠٠ دار دەچێنین“.
قایمقامی عەنکاوە، گوتیشی: “پاڵپشتی کردنی ئەو رێکخراوە، دابینکردنی ئاوە بۆ دارەکان، ئامانجیش ئەوەیە پشتێنەیەکی سەوز دروست بکرێت، بە درێژایی شەقامی ١٢٠مەتری بۆ ئەو بەشەی کە لەناو سنووری شارۆچکە عەنکاوە تێدەپەڕێت”.
ئەو جۆرە دارانەی لەو پڕۆژەیەدا دەچێنرێن لە جۆری چواروەرزەن و بەرگەی سەرما و گەرما دەگرن؛ سەرەڕای دابینکردنی هەوای پاک، گەڵایان هەڵناوەرێت و ژینگەش پیس ناکەن، چاندنی ئەو دارانەش، بە ڕاوێژی بەڕێوەبەراتی ئەندازەوانیی پارکەکانی هەولێر کراوە.
ڕامی نووری ئەوەشی خستە ڕوو، ئیدارەی عەنکاوە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، توانیویەتی پێنجهەزار دار بچێنێت لە شوێنە جیاجیاکانی عەنکاوەدا، بە مەبەستی سەوزەڵانی و گرنگیدانی زیاتر بە ژینگە.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێریش دەڵێت، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەولێر و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە قەزای عەنکاوەش بەشێک بووە لە کار و پرۆژەکانی حکومەت.