راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی کۆتاییهات و راگەیەندراوێکیان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان

بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، ئەمرۆ پێنج شەممە 26/10/2023 له‌ صلاحه‌دین، بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و یەدەگەكان، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاركی شه‌هیدانی كوردستان سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌مشه‌ له‌یاد ده‌ستی پێكرد، دواتر بیروڕا ئاڵۆگۆڕكرا‌ لە سەر بابەتە هەنوكەیی و گرنگ و كاریگەره‌كانی ناوچه‌كه‌‌ و عێراق و كوردستان بەتایبەتی و، جیهان بە گشتی و، ئه‌م بابه‌ت و ته‌وه‌رانه‌ی خواره‌وه‌ بڕیاری پێویستیان بۆ وەرگیرا:

تەوەری یەكەم/ بارودۆخی سیاسیی عێراق و هه‌رێم و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی: كۆبوونه‌وه‌ ڕه‌وشی ئێستای ناوچه‌كه‌ و ڕوداوو و پێشهاته‌كان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێم و عێراق له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ خسته‌ به‌رباس و گفتوگۆكردن، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ كابینه‌ی حكومه‌ت هه‌ڵسه‌نگانی بۆ كرا و، تیشكخرایه‌ سه‌ر لێكتێگه‌یشتنه‌كانی ئه‌و دواییانه‌ی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵ، كه‌ به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هه‌نگاو ده‌نرێت. ئومێده‌وارین هه‌رچی زووتره‌ كۆتایی به‌ كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كان بهێنرێت و چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ پرسی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم و ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی دیكه‌یش بكرێت، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پرۆسه‌ی سیاسی و سه‌قامگیری وڵاتدایه‌.

ته‌وه‌ری دووه‌م/ بابه‌تی په‌یوه‌ندییه‌ نێوخۆییه‌كانی هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی: كۆبوونه‌وه‌ بڕیاریدا، وه‌كو هه‌میشه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان و به‌هێزتركردنی قه‌واره‌ی سیاسی و یاسایی هه‌رێمی كوردستان و لێكتێگه‌یشتن و هاوكاری، پارتیمان به‌رده‌وام ‌بێت له‌ دیدار و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ حكومه‌ت و ئه‌وانه‌شی كه‌ به‌شدارنین، هه‌روه‌ها به‌هێز خستنی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان و ئیداره‌دانی ئه‌و جیاوازیانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ پرنسیپه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانمان، ناكۆك نین.

ته‌وه‌ری سێیه‌م/ بابه‌تی باره‌گاكانی پارتیمان له‌ كه‌ركوك: له‌پێناو پاراستنی گیانی ته‌بایی و سه‌قامگیری شاری كه‌ركوك و، پێزانین و ڕێزگرتن له‌ خه‌ڵكی خۆڕاگر و تێكۆشه‌ری ئه‌م شاره‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خۆڕاگر و به‌رده‌وام قوربانی ده‌ربوون له‌ پێناو ئامانجه‌ ڕه‌واكانیان، كۆبوونه‌وه‌ بڕیاریدا پارتیمان باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پێشووی خۆی له‌ كه‌ركوك، پێشكه‌شی‌ زانكۆی كه‌ركوك بكرێت وه‌كو دیارییه‌ك بۆ قوتابیانی ئه‌و شاره‌ و پڕۆسه‌ی خوێندن و ڕۆشنبیری و پێشخستنی شاره‌كه‌، هاوكات كۆبوونه‌وه‌ سوپاسی به‌ڕێز محه‌مه‌ده‌ شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ده‌ركردنی بریاری ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتیمان له‌و شاره‌دا.

ته‌وه‌ری چواره‌م/ بابه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: كۆبوونه‌وه‌ وێڕای تیشكخستنه‌ سه‌ر هه‌لومه‌رج و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ و بڕیاره‌كانیدا، پشتیوانی خۆی بۆ حكومه‌ت و داموده‌زگاكانی هه‌رێم ده‌ربڕی له‌ هه‌نگاوه‌كانیاندا بۆ خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ دابینكردنی مووچه‌ و به‌رده‌وامی و په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌كاندا.

ته‌وه‌ری پێنجه‌م/ بابه‌تی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان: كۆبوونه‌وه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ پرسی كه‌سوكار و خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی خسته‌ به‌رباس و به‌ گرنگییه‌وه‌ تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌و خانه‌واده‌ قوربانیده‌رانه‌ نراون، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌نگاوانه‌شی ده‌ستنیشانكرد كه‌ پێویسته‌ به‌ ئاراسته‌ی خزمه‌تی زیاتر بنرێن.

ته‌وه‌ری شه‌شه‌م/ بابه‌تی ناوخۆی پارتیمان: كۆبوونه‌وه‌ تیشكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی ئۆڕگانه‌كان و ڕێكخستنه‌كانی پارتیمان و، ڕاپۆرتی به‌شه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی و مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارێزگاكان خوێندرانه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕه‌وتی ئیش و كاره‌كانی ناوخۆی پارتیمان كرا و گرفت و ئاڵنگارییه‌كان دیاریكران، بریاری پێویست درا سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی پارتیمان بۆ هه‌ردوو پڕۆسه‌ی گرنگی هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌ پێشمانه‌ و ڕێنمایی پێویستیش دران بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر گرفت و ئاسته‌نگه‌كان و هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان ئۆرگانه‌كان و باشتر جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیان.

كومیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان

26ی تشرینی یه‌كه‌می 2023