کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم دەکەنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە زۆربەی شەقامە سەرەکییەکانی هەولێر دەبینرێن و بوونی ئەو کامێرانەش کاریگەریی هەبووە لە کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەڕێژەی ٨٠% لەو شوێنانەی داندراون، هێنانی سیستەمی نوێ و بەرفراوانکردنی سیستەمەکە لە داهاتوودا کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانییان دەبێت.

کامێراکان لەگەڵ ئەوەی ژمارەکەیان زیادی کردووە، لە هەمان کاتدا سیستەمەکەشیان پێشکەوتووتر بووە و پێشتر خێرایی تەنیا لە یەک خاڵ تۆمار دەکرا و کەسەکە دوای دەربازکردنی کامێراکە پێی لەسەر گازی ئۆتۆمبێلەکە دادەگرت و بە خێراییەکی زۆر دەڕۆیشت و بەر لە گەیشتنی بە کامێرایەکی تر ئەوا دووبارە خێرایی کەم دەکردەوە بۆ ئەوەی خۆی لە سزاکەی یزگار بکات و یان بە زیگزاگ بە نێو ئۆتۆمبێەکاندا تێدەپەڕی و بەگشتی لەپڕ زیادکردنی خێرایی و لەپڕ دابەزاندنی خێرایی دەبووە هۆی ئەوەی ڕووداوی هاتوچۆ زیاد ببن.
چیتر شوفێران ناتوانن ئەو فێڵە لە کامێراکان بکەن، بەڵکو بە دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ ئەوا ئەو کاتە دەستنیشان کراوە کە دەبێت شۆفێرێک لە نێوان دوو کامێرادا بیبڕێت و بەمەش شۆفێر یان دەبێت سزا بدرێت یان دەبێت بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییەکان ئۆتۆمبێل لێخوڕێت.
هەرچەندە بەشێک لە هاووڵاتییان نیگەرانن لەو سزایەی لە لایەن کامێراکانی تیژڕەوی دیاری کراون بەڵام زۆرینەیان پێشوازییان کردووە و دەڵێن سزا ئەگەر تاڵیش بێت مادام دواجار هۆشیاریی بەدواوە دێت و پاراستنی سەر و ماڵی خەڵکی لێدەکەوێتەوە ئەوا پێشوازی لێ دەکەن.
ڕەنگە کەم خێزانی کوردستان هەبێت کەسێکی نزیکیان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ نەبووبێتە قوربانی؛ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەهەر میکانیزیم و ڕێکارێک بێت ئەوا جێی دەستخۆشییە. ساڵی ڕابردوو لە هەموو کوردستان سێ هەزار و حەوت سەد و شەش ڕووداوی هاتوچۆ قەومان و بەهۆیەوە چوار سەد و چل و پێنج کەس مردن و پتر لە حەوت هەزار کەسیش بریندار بوون، ئەمە وێڕای ئەو زیانە زۆرە مادییەی بەر ئۆتۆمبێل و شەقامەکان کەوت.
لەدواین هەنگاویدا پۆلیسی هاتوچۆ کامێرای خاڵ بۆ خاڵی لە تەواوی شەقامی خێرای ١٢٠ مەتریی هەولێر جێگیر کرد کە لە ٢٢ی مانگەوە چالاکن. فەرمانگەی مێدیا و زانیاری لە زاری فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، بڵاوی کردەوە کامێراکان دوو جۆر سەرپێچی تۆمار دەکەن، یەکەمیان ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لە خێرایی دیاریکراو تێپەڕی کردبوو، دووەمیش کاتێک تۆمار دەکرێت، لە کاتی خەمڵێندراوی نێوان دوو کامێرا، ئۆتۆمبێل بەپێی خێرایی و کاتی دیاریکراو نەگاتە خاڵی دووەمی کامێرا؛ بۆ نموونە ئەگەر دووریی نێوان دوو کامێرا دوو کیلۆمەتر بێت و پێویست بێت بە هەشتا چرکە ببڕدرێت، ئەمە یاساییە، بەڵام ئەگەر بە حەفتا چرکە بڕدرا، سەرپێچییە، چونکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە بە خێرایی زۆرتر لە ڕێگەپێدراو لە نێوان هەردوو کامێرا لێی خوڕیوە.
شەقامی ١٢٠ مەتری، سی و حەوت کیلۆمەترە، یازدە ئۆڤەرپاس و پێنج ئەندەرپاس لەخۆ دەگرێت. پانیی شەقامە سەرەکییەکە پازدە مەتر بۆ هەر سایدێکە و هەر سایدێک چوار ڕێڕەوی تێدایە و پێشتر پۆلیسی هاتوچۆ خۆی دانی بەوەدا نابوو کە کامێراکان لەو شوێنانەی کامێرایان بۆ دانراوە ڕو وداوەکانی هاتوچۆ بە ڕێژەی ٨٠% کەمی کردووە. جگە لەمە بە گوتەی حاجی، دانانی کامێراکان شەقامەکەی هێواش نەکردووەتەوە و قەرەباڵغی دروست نەکردووە، بەڵکوو شەقامەکەی زیاتر ئارام کردووە و ڕووداوەکانی کەم کردووەتەوە، چونکە ڕێ لەوە دەگرێ شوفێران لە خێرایی سەرووی سەد و دە کیلۆمەتر باژوون.
بەرفراوانکردنی ئەم سیستەمە بۆ سەرجەم شارەکان بەتایبەتی ڕێگا سەرەکییە خێراکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی زۆر باشی بۆ سەر کەمکردنەوەی ڕووداوەکان و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان دەبێت.