هەر بڕیارێک دژی کورسیی پێکهاتەکان بدرێت، کاریگەری خراپی دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە دژی پێکھاتەکان سکاڵایەک لە دادگەی فیدراڵی تۆمار کراوە و بڕیارە ٥ی مانگی داھاتوو دادگە لەوبارەوە کۆببێتەوە. سکاڵاکە تایبەتە بە یاسای ھەڵبژاردنەکان و کورسیی کۆتای پێکھاتەکان، ئەگەر دادگە پێچەوانەی پێکھاتەکان بڕیار بدات ئەوا یاسای ھەڵبژاردن بەرکاردەبێت و کورسییەکانی پەرلەمان کەم دەکاتەوە. وەزیری ھەریم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، دەڵێت: ھەر بڕیارێک دژی کورسیی پێکھاتەکان بدرێت کاریگەری خراپی دەبێت.

ساڵی ١٩٩٢ یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، ساڵی ٢٠٠٤ یاسای ھەڵبژاردن ھەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد ھەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی ھەڵبژاردن پێک بێت لابرا و ھەرێمی کوردستان ھەمووی کرایە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.
بڕیارە لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەریم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، گوتی: چەند لایەنێک سکاڵایان کردووە بۆ ئەوەی کورسیی کۆتا دابەش بکرێت بەسەر چەند پارێزگایەک، لە بنەمادا ئەو سکاڵایە ھەڵەیە، چونکە کۆتا تایبەت بە پێکھاتەکان و بۆ نوێنەرایەتیی پێکھاتەکانە، بەڵام لە یاسای ھەرێمی کوردستان بوونی ھەیە و چەسپاوە، ئێمە قبووڵمان نییە.
ئایدن مەعروف، دەڵێ: ئێمە پێشتریش گوتمان ھەر گۆڕانێک یان ھەر پرسێک کە تایبەت بێت بە پێکھاتەکان، پێویستە بە ڕاوێژ کردن لەگەڵ نوێنەرانی پێکھاتەکان بکرێت. ئێستەش دووپاتی دەکەینەوە داواشمان کردووە کە ئەم سکاڵایە ڕەتبکاتەوە، چونکە تایبەتمەندی خۆی ھەیە کە تایبەتە بە ڕەوشی پێکھاتەکان، ئەگەر ھاتوو ھەر بڕیارێک دژی کورسیی کۆتا بدرێت، ئەوە کاریگەریی خراپی دەبێت و باش نابێت لەسەر ڕەوشی پێکھاتەکان، بۆ ئەو مەبەستە لە نزیکەوە چاودێریی بابەتەکە دەکەین، چەندین جار دانیشتنەکانمان لە دادگەی فیدراڵی دواخراوە، بەڵام دواجاریش دواخرا بۆ ٥/١١/٢٠٢٣ دانیشتنەکەش تایبەت دەبێت، بە یاسای ھەڵبژاردن و کۆتا.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەریم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ڕوونیشیکردەوە: داواکراوە لە دادگەی فیدراڵی عێراق، بە یاسای ھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ کوردستان ھەڵبژاردنی داھاتوو بکرێت، ئەو کاتە کۆتا تورکمانەکانی تێدا نابێت و تورکمان کە نەتەوەیەکی گرنگ و گەورەیە لە کوردستان، بێبەش دەبێت لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان، ئەو کاتە تەنیا کرستیانەکان ٥ کورسیی کۆتای ھەبوو، لێرەدا ئەمە نا دادپەروەرییە بۆ پێکھاتەکان و دەست تێوەردانە بۆ ئێمە وەکو پێکھاتە، دەبێت بە ھەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکرێت.
وەزیری ھەریم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، زیاتر گوتی: کورسیی کۆتا کراوە بە بابەتێکی سیاسی، ئێمە نامەنەوێت بە سیاسی بکرێت، چونکە لە ھیچ لایەنێک نین، ھەندێک لایەن دەیانەوێت گرفت دروست بکەن بۆ مەبەستی سیاسی، ئێمە لە دەرەوەی ئەو شەڕە سیاسییەن و دەمەناوێت بە پێکەوە ژیان بژین.
لەلایەکی دیکەوە عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی عێراق، ڕایگەیاند: جەخت لەسەر مافی کۆتای تورکمان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەینەوە، نەک ھەر ئەوەندەش بەڵکو داوا دەکەین ژمارەی کۆتای تورکمان زیاد بکرێت، چونکە تورکمان پێکھاتەی دووەمی ھەرێمی کوردستانە و پێکھاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانە، ھەروەھا ئێمە لە پارتی گەلی تورکمانی داوا دەکەین، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە سیستەمی یەک بازنەیی بکرێت، بۆ ئەوەی ھەموو تورکمانێک لە ھەر شوێنێکی کوردستان بێت بتوانێت دەنگی خۆی بدات و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆی ھەڵبژێرێت.
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: پارتی گەلی تورکمانی سوورە لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت، ھەروەھا دژ بە ھەموو سکاڵاکان دەوەستنەوە کە لە دادگەی فیدراڵی دژ بە کۆتای تورکمان و پێکھاتەکانی دیکە تۆمارکراون، وەک خۆی پێ دەکات، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان دەبێت کە لە ئێستەدا لە کوردستان بەرقەرارە.
عیرفان کەرکووکی، سەرنجی خستە سەر ئەوەی، لە ھەرێمی کوردستان ھەموو مافەکانیان پارێزراوە لە سایەی بەڕێوەبردنی دڵسۆزانە و زیرەکانەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی. ھاوکات باسی لەوەش کرد، ھەرگیز ھەڵوێستی مرۆڤایەتی و کوردستانییەکانی سەرۆک بارزانی لەیاد ناکات کە ھەمیشە پاڵپشت و قەڵای پۆڵایینی تورکمان بووە، سەرۆک بارزانی لە سەخترین و دژوارترین قۆناغەکانی مێژوودا بوو بە سیمبولی ئاشتی و پێکەوەژیان لە کوردستان.
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی عێراق، ھیوادارە ڕۆژێک لە ڕۆژان گەلی تورکمان پاش گەڕانەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بۆ باوەشی کوردستان، لە کەرکووکیش بتوانن دەنگی خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان بۆ پەرلەمانی کوردستان بدەن.