لە شەش مانگدا عێراق کەمتر لە یەک تریلیۆن دیناری وەک شایستەی دارایی بۆ هەرێم ناردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەپێی خشتەیەکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆی خەرجی و داهاتەکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی هەرێم، جگە لەوەی کە خەرجییەکانی لە داهات زیاتر بووە و کورتهێنان ڕوویداوە لە هەمان کاتدا بەشێک لە داهاتەکانی هەرێم وەک قەرز لە لایەن بەغداوە دابین کراوە و حکوومەتی عێراق بڕێکی کەم لە شایستە داراییەکانی کوردستانی ڕەوانە کردووە کە لە نیو ساڵدا کەمتر بووە لە یەک تریلیۆن دینار.

کۆی داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بریتی بووە لە حەوت تریلیۆن و نۆ سەد و هەژدە ملیار و پێنج سەد و یەک ملیۆن و بیست و سێ هەزار دینار کە پەیوەندیدار بووە بە داهاتی نەوت و ناوخۆیی و بەشێکی شایستەی دارایی و ئەو قەرزەی لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە.
وەک ئاشکرایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا توانیویەتی نەوتەکەی بفرۆشێت و لە ٢٥ی ئادار دوای حوکمی دادگای ناوبژیوانیی فەرەنسی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان وەستاوە.

داهاتی نەوت
کۆی داهاتی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا بریتی بووە لە دوو تریلیۆن و نۆ سەد و سی و پێنج ملیار و نۆ سەد و سی و پێنج ملیۆن و حەفتا و دوو هەزار دینار.
جگە لەو نەوتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا هەناردەی کردووە بڕێکیشی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی خستووەتە بازاڕەوە و داهاتی ئەو بەشەش لە نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە سێ سەد و نۆ ملیار و نۆ سەد و شەست و حەوت ملیۆن و سێ سەد و چل و هەشت هەزار دینار.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدەر لە پرۆسەی فرۆشتنی نەوت داهاتی دووەمی بریتی بووە لە داهاتی ناوخۆ یان نانەوتی و لەم سەرچاوەیەشەوە بە شەش مانگ دوو تریلیۆن و حەفتا و چوار ملیار و پێنج سەد و نەوەد و حەوت ملیۆن و شەش سەد و سێ هەزار دیناری دەست کەوتووە کە بە تێکڕا بۆ هەر مانگێکی دەکاتە سەرووی سێسەد و چل و پێنج ملیار دینار.

ئەو داهاتەی لە بەغداوە دابین کراوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دوو جۆر پارەی بەدەست گەیشتووە یەکەمیان لە لایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی بووە کە وەک شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان نێردراوە و دووەمیش وەک قەرز لە لایەن بانکەکانی ڕافیدەین، ڕەشید و بانکی بازرگانیی عێراقی نێردراوە.
قەبارەی ئەو بڕە پارەیەی وەک شایستەی دارایی نێردراوە بریتی بووە لە نۆ سەد و نەوەد و هەشت ملیار دینار و ئەو پارەیەی بە ناوی قەرز نێردراوە بریتییە لە تریلیۆنێک و شەش سەد ملیار دینار.
بەگشتی حکوومەتی بە هەموو ئەو سەرچاوانەی داهات، حەوت تریلیۆن و نۆ سەد و هەژدە ملیار و پێنج سەد و یەک ملیۆن و بیست و سێ هەزار دیناری دەست کەوتووە.

خەرجییەکانی حکوومەت لە ماوەی شەش مانگدا
حکوومەت لە چوارچێوەی شەفافیەتی دارایی لەگەڵ هەموو ئەو داهاتانەی دەستی کەوتووە، خەرجییەکانیشی بە وردی خستووەتە ڕوو و دەردەکەوێت داهاتەکان بە تەواوی بەشی خەرجییەکانیان نەکردووە و سەرووی چوار سەد و حەفتاو حەوت ملیار دینارکورتهێنانی هەبووە.
سەرەکیترین خەرجیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە بووە و لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا حکوومەت پێنج تریلیۆن و شەش سەد و چل و شەش ملیار و پێنج سەد و حەفتا و دوو ملیۆن و هەشت سەد و هەشتا هەزار دیناری بۆ مووچە دابین کردووە.
دووەم پشکی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان پێوەندیدار بووە بە پێدانی بەشێک لە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان کە بریتی بووە لە تریلیۆنێک و شەش سەد ملیار و سەد و چل و شەش ملیۆن و پێنجسەد و حەفتا و یەک هەزار دینار.
جگە لەو خەرجییانە حکوومەت سەرووی سەد و بیست و نۆ ملیار و هەشت سەد و پازدە ملیۆن دیناری بۆ تێچووی بەشێکی کڕینەوەی وزەی کارەبا لە وێستگەکانی کەرتی تایبەت تەرخان کردووە.

خەرجیی وەبەرهێنان
خەرجیی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی هەرێمەکان سێ سەد و حەفتاو یەک ملیار و نۆسەد و شەست و نۆ ملیۆن و حەوتسەد و بیست و سێ هەزار دینار بووە. لەگەڵ ئەمانە خەرجییەکانی تری بەکاربردنیش شەش سەد و چل و شەش ملیار و نۆسەد و نەوەد و حەوت ملیۆن و دوو سەد و هەشتا و پێنج هەزار دینار بووە.
بەگشتی کۆی خەرجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەی ژمارە یەکی داهات و خەرجیی ڕاستەقینە کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە هەشت تریلیۆن و سێ سەد و نەوەد و پێنج ملیار و پێنج سەد و یەک ملیۆن و پێنج سەد و دوو هەزار دینار.
بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە ئەگەر لە لایەک بە هەنگاوێکی گرنگی شەفافیەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێت ئەوا لە لایەکی تر دەیسەلمێنێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕوویەکەوە ستەمی دارایی لێ کراوە لە لایەک دەستی لە هەناردەکردنی نەوت بەستراوە و لە لایەکی تر بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراق شایستە داراییەکانی بۆ دابین نەکراوە و تەنیا لە چوارچێوەی قەرز بەشێک لە پێداویستییە داراییەکانی بۆ دابین کراوە.