”هەژماری من” پرۆسەی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی پێشکەوتوو

دابەشکردنی مووچە لە ڕێی کارتی بانکی و لە چوارچێوەی پلاتفۆرمی ”هەژماری من” هەنگاوێکی زۆر گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و خێرایی لە دابینکردنی مووچە و گەشەپێدانی کەرتی بانکی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.

لە جیهانی ئەمڕۆی ئابووریدا، وەک چۆن سەرجەم پەیوەندییەکان و گواستنەوەی زانیاری و داتاکان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێ دراون، ئەوا هەموو جۆرە مامەڵەیەکی دارایی بە هەمان شت گرێ دراون، وڵاتانی پێشکەوتوو ئەگەر تەنیا سیستەمی بانکییان لێ بستێنیتەوە هیچ واتایەکیان نامێنێت و بە سەدان ساڵ بۆ دواوە دەگەڕێنەوە.
مامەڵە و کڕین و فرۆشتن بە دراوی کاش و بەو شێوازەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق پەیڕەو دەکرێت، نەک لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەڵکوو لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و تورکیاش باوی نەماوە و پارە و داهات بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی و کارتی بانکی دەچێتە گیرفانی خەڵک و هەر بە شێوەی ئەلیکترۆنی خەرج دەکرێ و هەر بە شێوەی ئەلیکترۆنیش سەرجەم پێداویستییەکانی پێ دابین دەکرێ و سەرجەم مامەڵەکانیشی پێ رایی دەکرێت.
ئەو سیستەمە هۆکارێکی سەرەکییە لە گەشەسەندنی وەبەرهێنان و ئابووری وڵاتان، شەفافیەتی دارایی و ئاسایشی سامان و داهات، ئەمە وێڕای کەمکردنەوەی رۆتینێکی زۆری ئیداری.
بۆ نموونە دابەشکردنی مووچە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە شێوەی کاش کۆتایی پێ هاتووە و هەموو مووچەیەک لە ڕێی بانک دابەش دەکرێت و هەر فەرمانبەرێک هەژمارێکی تایبەتی هەیە و لە کۆتایی مانگ پێویست ناکات چاوەڕوانی ئەوە بکات لە نۆرە بوەستێت بەڵکوو بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی بچێت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە ئەو پشکی پارەیە وەربگرێت کە لە ناوەندەوە بۆ فەرمانبەر و مامۆستایانی قوتابخانەکەی هاتووە و ئەویش بیگەیەنێتە دەستی تاک بە تاکی مامۆستایان و فەرمانبەران. زۆر جار لەو پڕۆسەیەدا هەندێک پارە کەم و زیاد دەکات و هەندێک جاریش بەهۆی جیاواز دەفەوتێت. لەکاتێکدا لە سیستمی پێشکەوتوو تەنیا بە کلیکێک کۆی مووچەی تەواوی فەرمانبەران دەچێتە نێو هەژماری بانکییان و هەر ئەو ساتە، بەو کارتەی لە گیرفانی فەرمانبەردایە دەتوانێت لە دووکانی سەری کۆڵان پێداویستییەکانی بکڕێت و بەو ئامێرانەی لە بازاڕەکاندا هەن پارەکەی بە خێرایی بگوازێتەوە. هەر ئەو ساتە ئەگەر قەرزی کەسێکی لابێت هەر لە ڕێی مۆبایلەکەی قەرزەکەی بداتەوە و تەنانەت پارەی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئەنتەرنێت و کارتی مۆبایلیش دابین بکات.
هەر بۆ ئەو مەبەستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان قۆڵی لێ هەڵماڵیوە دەستی بە بەدیجیتاڵکردنی پرۆسەی مووچەدان لە ڕێگای پلانێک بە ناوی ”هەژماری من” کردووە و هەنگاوی گرنگی لەم بارەیەوە ناوە. ئامانج لەم دەستپێشخەرییە، ڕێکخستنی شێوازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و پەرەپێدانی ئاسایشی دارایی و دابینکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی داراییە بۆ سودمەندان لەوانەش هەژماری پاشەکەوت.
لە ڕێگەی خزمەتگوزارییەکە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری ڕاکێشانی پارەوە کە بە (ATM) ناسراوە و بڕیارە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دابنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. لەگەڵ ئەمەدا بڕیارە سەد هەزار ئامێری خوێندنەوەی کارتی بانکی و دابەشکردنی بەسەر شوێن و ناوەندە بازرگانییەکان بۆ ئەوەی مامەڵەی کڕین بە کارتی بانکی بۆ هاووڵاتییان و بەشداربووانی پرۆژەی هەژماری بانکی ئاسان بکات.
هەروەها ئەم پڕۆژەیە ئاسانکاری دەکات تەواوی بەشداربووانی پرۆژەکە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانە قەرز، پاشەکەوت و پارەدانی دیجیتاڵی.
لە ڕێگەی هەژماری منەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، دەستیان بە خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکانی بانک دەگات، لەوانە قەرز، توانای پاشەکەوت، حەواڵەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، توانستی پارە ڕاکێشانی نێودەوڵەتی و پارەدانی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر لە کردنەوەی ئەو پڕۆژەیە ڕای گەیاندبوو کە ئامانجیان بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادکردنی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ بازرگانی لە کوردستاندا بووە.
جێی باسە لە حەوتی ئاداری ئەمساڵ بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت یەکەم هەنگاوی تاقیکاری، لە نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر، چوونە بواری جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من ڕاگەیەنرا، کە نزیکەی هەشت سەد و پەنجا مووچەخۆری ئەو نەخۆشخانەیە لە ڕێی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەرگرت و دوای سەرکەوتووبوونی تاقیکردنەوەکەش پەرەی پێ دراوە و ئامانجەکە ئەوەیە تەواوی فەرمانبەران بگرێتەوە. پرۆژەکە ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیۆن و دووسەد هەزار مووچەخۆرە، دەبنە خاوەنی هەژمای بانکی تایبەت بەخۆیان. بەهۆی ئەوەی کە سیستمەکە لە کوردستان نوێیە بەشێک لە فەرمانبەران و مووچەخۆران لێی بە گومانن و پێیان وایە پارە هەر ئەوەیە بە کاش بە دەستیان دەگات و جۆرە ترسێکیان لە سیستمەکە هەیە بەڵام دوای ئەوەی کاریان بە کارتەکانیان کرد لە نرخەکەی دەزانن و سەرئێشەیەکی زۆریان لەکۆڵ دەبێتەوە و حکوومەتیش دڵنیایی داوەتە فەرمانبەران لەوەی کە جگە لە خۆیان هیچ کەسێک ناتوانێت دەستکاری پارە و هەژماریان بکات.