ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان: پێویستە دادگەی فیدراڵی لە بەرژەوەندیی پێکهاتەکان بڕیار لە یاسای هەڵبژاردن بدات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان داوا لە دادگەی فیدراڵی دەکات ئەو سکاڵایانەی لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، ڕەتبکاتەوە و دەڵێت: ھەر بڕیارێک لە دژی پێکھاتەکان بدرێت، کاریگەریی لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوانیان دەبێت. دەشڵێ: دواخستنی دانیشتنەکانی دادگەی فیدراڵی جێگەی گومانە.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی ھەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان.
بەگوێرەی مادەی ٣٦ـی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان کراون، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئەرمەن، جگە لە تەرخانکردنی پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.
بڕیارە لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: دواخستنی دانیشتنە یەک لەدوا یەکەکانی دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکانی دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێگەی گومانە؛ پێویستە دانیشتنەکە بکرێت، ئەم پرسە یەکلابکرێتەوە و بڕیارێک بدرێت لە بەرژەوەندیی ھەموو پێکھاتەکان بێت، ئەم بابەتە تایبەتە بە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمان دەتوانێت گۆڕان لە یاسای ھەڵبژاردندا بکات. پێمانوایە ھەر بڕیارێک لە دژی پێکھاتەکان بدرێت، کاریگەریی لەسەر ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییانە دروست دەکات کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و شانازی پێوە دەکەین.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، دەڵێت: ھەندێک لایەن دەیانەوێت بابەتی ژمارەی کورسیی پێکھاتەی تورکمان تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکەن و بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان بەکاربھێنن، پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان بێ لایەنن و لە ململانێیە سیاسییەکاندا پشتگیری لە ھیچ لایەنێک ناکەن، بەشداریی پێکھاتەکان لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان زۆر گرنگە و پێویستە پشتیوانی لە بەشداریکردنیان بکرێت.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئاشکراشی کرد: پێکەوەژیانی نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکان لە ھەرێمی کوردستان بابەتێکی زۆر گرنگ و ھەستیارە و پێویستە ھەمووان بەیەکەوە کار بۆ پاراستنی ئەم پێکەوەژیانە ئاشتییانە بکەین، ئێمەی پێکھاتەکان و بەتایبەت پێکھاتەی تورکمان ھەمیشە لەگەڵ ئەوە دابووینە سەقامگیری سیاسیی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت.