ڕائیب جادر – هەولێر
ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ تێدەپەڕێت، ئەو خیانەتەی بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگە و ھاووڵاتییانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان. جیا لەو زیانە ماددییانەی بەر ھاووڵاتییانی کورد کەوت لەو ناوچانەی کە داگیرکران، زیاتر لە دوو سەد ھەزار ھاووڵاتییش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، کە تا ئێستە بەشێکیان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و قەرەبووش نەکراونەتەوە. چاودێرانی سیاسی، دەڵێن: ئامانجی ئەو ھێزە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری نەبوو، بەڵکو پیلانەکە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ھێزی پێشمەرگە لە بەرەکانی پردێ، سحێلا و مەحموودییە توانیان بەرگرییەکی بێوێنە لە ھەرێمی کوردستان بکەن.
دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئێستەشی لەگەڵ بێت گروپە چەکدارەکان جموجۆڵیان ھەیە و ماڵی کوردانی کەرکووک دەپشکنن، ئەم کارە بۆتە دڵگرانیی دانیشتووانی شارەکە و بە ناوچەیەکی عەسکەرتاریەت ناوی دەبن.
١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، کەرکووک، شارۆچکەی خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر ڕادەستی گروپە چەکدارەکان کران، بەو ھۆیەوە دەیان ھەزار کوردی کەرکووک و دەوروبەری ئاوارەی شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بوون و بە سەدان خانووی ھاووڵاتییانی کورد لە خورماتوو و کەرکووک تاڵان کران و سوتێندران و تەقێندرانەوە، ئێستەش بارودۆخی ئەم ناوچانە لەژێر ھەڕەشە و گوشاری میلیشیاکاندایە.
دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر کورد دەیان پۆستی لە دەست دا و ھەموو پۆستەکانیش ڕادەستی عەرەب و تورکمان کران، ئێستەش کورد ھیچ پۆستێکی لە فەرمانگە حکوومییەکان بەدەستەوە نییە، ھەتا بارەگای حزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک ناتوانن ئاڵای کوردستان لەسەر بینایەکەی خۆیان بەرز بکەنەوە.
کەرکووک لە ٢٠١٤ـەوە کە سوپای عێراق ھەڵات لە ترسی داعش، پێشمەرگە بە پەلە شوێنی گرتەوە و پاراستی، لەو سێ ساڵەدا دۆخی ئەمنی بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کرا، پێشتر ڕۆژانە تەقینەوەی تیادا تۆمار دەکرا، بەڵام دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، شارەکە پێشکەشی میلیشیای عێراق کرایەوە و دۆخی ئەمنی ناجێگیرە و شەوانە تەقینەوە ڕوودەدات و قوربانیەکانیش دانیشتووانی کەرکووکن، ڕۆژانە لەو شارە ھاووڵاتییان دەڕفێندرێن و نارنجۆک دەخرێتە ماڵی کورد و ھەڕەشە لە خەڵکی کەرکووک دەکرێت.
ئەو پێشمەرگانەی فەرمانیان پێ بوو بەرەنگاری لەشکرکێشی گروپە چەکدارەکان ببنەوە، دوای شەکەتی و شەونخوونییەکی زۆر، حەسرەتیان ھەڵدەکێشا و بە بەرچاوی کامێراکانەوە بە گریانەوە دەیانگوت “کەرکووکیان فرۆشت” و خیانەتیان کرد، ئێستەش کە شەش ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوانە تێپەڕ دەبێت، ھێشتا لێکۆڵینەوەیەکی ھەمەلایەن و بێلایەنانە سەبارەت بە ڕادەستکردنی کەرکووک و پاشەکشێی ھێزی پێشمەرگە لە کەرکووک نەکراوە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لێکەوتە و شوێنەوارەکانی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر برینی گەورە لەسەر دڵی کەرکووکییەکان و کوردستان دروست دەکات، ھێشتا خەڵکی کوردستان وەڵامی ئەو پرسیارەیان دەست نەکەوتووەتەوە، کە ھەر بە ڕاست “کاڵفام و ھەرزەکار” بەسە بۆ وەسفی ئەو کارەکتەرانەی لە پشت خیانەتەکەوە بوون، یان پێویستە ئەوان ڕووبەڕووی دادگەی خەڵک بکرێنەوە و وەک خیانەتکار ناویان لە مێژووی نوێی کورد تۆمار بکرێت.
ئێستە لە ناوچە کوردستانییەکان، جگە لە تەعریب و داگیرکاری، دۆخی ئەمنیش خراپە. گروپە تیرۆریستییەکان چالاکییەکانی زیاتر کردووە. بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ئەم کێشانە چارە دەبن، بەڵام حکوومەتی عێراق ڕێگرە لە جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە، کە لە دەستووردا جێگیرکراوە.
ئێستە لە ھەموو کاتێک زیاتر خەڵکی کەرکووک، پێویستییان بە پاڵپشتی و ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ ڕزگاربوون لەدۆخی سەپێنراو و گەمارۆی سەربازی و سیاسەتی تەعریب و فەرامۆشکردنی کورد، چونکە لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا جگە لە تەعریب، کورد زیاتر لە سەد و پەنجا پۆستی ئەمنی و ئیداری لە دەست داوە.
سەرۆک بارزانی، لە وتارێکدا کە دوای ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند: پیلانی داگیرکردنی کەرکووک زۆر پێش ڕیفراندۆم داڕێژرا بوو، بەڵام ھیچ کات پێشبینیمان نەدەکرد، خیانەتمان لێ بکرێت.
یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەکەی سوودانی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا و تێیدا ئەنجامدانی چالاکی سیاسیی سەرجەم پارتە کوردستانییەکان لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالە بەشێوەیەکی ئازادانە دووپاتکراوەتەوە، ئەمەش دەبێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە ئاوارەکانی شاری کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، کە بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ناوچەکانی خۆیان چۆڵکردووە، ھەروەھا لەبارەی ڕێکخستنەوەی دۆسیەی ئەمنی کەرکووک، کارنامەکەی کابینەکەی سوودانی جەخت لەسەر چوونە دەرەوەی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی لە شاری کەرکووک کراوەتەوە لەگەڵ پێکھێنانی چەند فەوجێکی فریاکەوتن لە پۆلیسی ناوخۆیی لە دانیشتووی ڕەسەنی شارەکە بۆ لەئەستۆگرتنی دۆسیەی ئەمنی پارێزگای کەرکووک و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە سەربازی و ئەمنییەکان بۆیان، بەڵام تا ئێستە ھیچ لەو خاڵانە جێبەجێ نەکراوە.
بەگوتەی چاودێرانی سیاسی، ئامانجی سەرەکیی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر، شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان و نەھێشتنی ھەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ھێزی پێشمەرگەی کوردستان قارەمانانە دژی ئەو پیلانە شوومە وەستانەوە و لە پردێ و سحێلا ئەو پیلانەیان تێک شکاند و بۆ ھەموو لایەکیان سەلماند سەرباری بوونی ھەر چەشنە پیلان و خیانەتێک ھەرچەند بەرفراوان و گەورەش بێت، بەڵام ڕۆڵەی خاوەن ئیرادە و قارەمان و گیانلەسەردەست ھەن کە ھەمیشە دەبنە قەڵغان بۆ گەلەکەیان و ئیرادەی میللەتەکەیان بە زیندوویی دەھێڵنەوە.
شوان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: شازدەی ئۆکتۆبەر ڕۆژێکی تاڵە لە مێژووی گەلەکەمان کە تێیدا ناپاکی لە بەرانبەر خاک و گەل و پێشمەرگە و دواڕۆژی میللەتەکەمان کرا، ئێستەش کەرکووک وەکو سەربازگەیەکی گەورەی لێ ھاتووە، خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر بووە ھۆی ئەوەی زۆر لە دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لەشەڕی دژی تیرۆر لە کیس بچێت، خەڵکێکی زۆر ئاوارە ببێت و کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی تر بکەونە ژێر دەستەڵاتی میلیشیایی و خۆسەپێن و دژەکورد، دەرئەنجامەکانی ھێشتاش ھەر بەردەوامە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: پارتی ھەرگیز دەستبەرداری ماف و خاکی گەلی کوردستان نابێت و خۆی بە خاوەن و پارێزەری سەرەکیی کوردستان دەزانێت و ھەموو ھەوڵی ئەوەیە کە لە ئاسەوار و ژانەکانی ئەو خیانەتە گەورەیە کەم بکاتەوە، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، بەیاسایی کردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە کە پێشتر داوای لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان کردبوو بارەگاکەیان چۆڵ بکەن و ڕادەستی پارتی بکەنەوە، بۆیە بڕیارەکەی دادگە ھیچ ڕێگرییەک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی ناھێڵێتەوە و دەبێت ھەموو لایەنەکان ڕێز لە دەستوور، یاسا و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بگرن، ھەروەھا دەبێت ئەو تەعریبەی لە کەرکووک و گوند و ئاواییەکان ھەیە ئاسەوارەکەی نەمێنێت و بارودۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە.