بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەستیپێکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 15/10/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر دەستیپێکرد.

لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ئامادەبووان وتاریان دەبێت، دواتر چەند پانێڵێک بەڕێوەدەچن، لە پانێڵی یەکەم بەناونیشانی “رۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان” تێیدا ژمارەیەک وەزیری و بەرپرسی پەیوەندیدار وەک قسەکەر گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.

لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وتارێکدا رایگەیاند: “ماددە هۆشبەرەکان مەترسییەکی هاوبەشە و پێویستی بە بەرەنگاربوومەوەیەکی هەماهەنگسازە بۆ رەواندنەوەی مەترسییەکانی. جێگەی شانازییە کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە راسپێردراوین بە ئەرکی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاڵپشتی لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمدا، ئەم کۆنفرانسە یەکێکە لە بەرهەمە سەرەتاییەکان بۆ یەکخستنی هەماهەنگی لەم رووەوە”.

هەروەها پانێڵی دووەم بە ناونیشانی “رۆڵی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان” ژمارەیەک لە نوێنەری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراو و دامەزراوەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ قسەکەری پانێڵەکە دەبن.

لە بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لەگەڵ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادەی کۆڕبەندەکە دەبن.

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند “ئەو کۆڕبەندە هەنگاوێکە بەرەو بەرەنگاربوونەوەی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە و شیاندنەوەی قوربانییەکان، کە لە ئێستادا ژمارەی ئالودەبووانى ماددەی هۆشبەر لە زیادبووندایە. ئامانج لەم کۆڕبەندە بریتییە لە دانانی کارنامە و جەختکردنەوە لەسەر پێویستیمان بە رێوشوێن و رێکارى گشتگیر بۆ رێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی خێرای بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکەدا”.

بەگوێرەی ئاماری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، تائێستا 617 بەکارهێنەر و 480 بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، هەروەها 2 هەزار و 166 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە دەزگا ئەمنییەکان راگیراون، لەوانە 807 بازرگان و هەزار و 359 بەکارهێنەرن. کۆی گشتی سزادراوان و راگیراوان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 3 هەزار و 301 کەس.