ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی بڕیاری کۆتایی لەسەر چەند سکاڵایەک دەربارەی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان دەدات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بڕیارە لە ٢٥ی شوباتی ساڵی داهاتوو گەڕێکی تری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام هێشتا بە وردی دیار نییە ئەو هەڵبژاردنە لە سەر بنەمای کام یاسای هەڵبژاردن دەکرێت و کۆمەڵێک سکاڵایش ئاراستەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کراون و ئەگەر ئەو سکاڵایانە بڕیاری جیاوازیان لەسەر بدرێ ئەگەری ئەوە هەیە کار بە یەکەم یاسای هەڵبژاردن بکرێ کە لە کوردستان پەسند کراوە و لەو کاتەشدا مافی بەشێک لە پێکهاتەکان دەفەوتێت.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کراون و هەفتەی ڕابردوو دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەبارەی ژمارەیەک لەو سکاڵایانە کۆ بووەوە. دواتر، کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی تشرینی یەکەم هەڵگیرا و ئەمڕۆ بڕیاری پێویستی لەبارەیەوە دەدرێت.
پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و یەکێکیان تایبەتە بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دووەمیان تایبەتە بە پرسی یەک بازنەیی یان فرەبازنەیی لە هەڵبژاردن و خاڵێکی تریش پەیوەستە بە ژمارەی کورسیی کۆتاکان.
ئەگەر پرسی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و کورسیی کۆتاکان بەو شێوە کە لە یاسای هەڵبژاردنی هەمووارکراوی کوردستان هاتووە، لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵی هەڵبوەشێتەوە، ئەوا یاسا نوێیەکان کاریان پێ ناکرێت و ناچار دەبن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکەم یاسای هەڵبژاردن بگەڕێنەوە کە لە هەرێمی کوردستان پەسند کراوە.
دوێنێ شەممە ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە پشكی توركمانەكان بە نوێنەرایەتی سێ پارتی توركمانی ئیرادەی میللی توركمانی، توركمان ئیلی و بەرەی توركمانی عێراقی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دژایەتی توركمانەكان بۆ ئەو سكاڵایەی ڕاگەیاند. ئەو داوای لە دادگای فیدراڵی کرد سكاڵاكەی یەكێتیی ڕەت بكاتەوە و ڕەچاوی ڕەوشی پێكهاتەكان بكات.
یەکێک لە ترسەکانی ئەو نوێنەرەی پێکهاتەی تورکمانەکان ئەوەیە ئەگەر هەڵبژاردن بە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ بکرێت، پێکهاتەی تورکمان هیچ کورسییەکی لە پەرلەمان نابێت و لە هەڵبژاردنەکە بێبەش دەبێت، چونکە لە یاساکەدا، هەر پێنج کورسییەکەی کۆتاکان بەسەر پێکهاتەکانی کلدانی، سریانی و ئاشووری دابەش کراون و لە هەڵبژاردنی یەکەمدا تورکمانەکان هیچ مافێکیان پێ نەبڕاوە.
ئەو، پێی وایە پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان زیاتر پەیوەستە بە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمان دەتوانێت گۆڕان لە یاسای هەڵبژاردندا بکات و ئەگەر بڕیارێک لە دژی پێکهاتەکان بدرێت، کاریگەری لەسەر ئەو پێکەوە ژیانە ئاشتییە دروست دەکات کە لە هەرێمی کوردستان هەیە وهەمووان شانازی پێوە دەکەن.
ئایدن مەعرووف ڕەتی کردەوە لە ململانێیە ناوخۆیی سیاسییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لایەنگیر بووبن و پشتگیرییان لە لایەنێک کردبێت و ئەوەی لای ئەوان گرنگە مافی پێکهاتەکان نەبێتە قوربانیی ململانێی ناوخۆیی لایەنە سیاسییەکان.
پێویستە بگوترێ یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ بەڕێوەچوو و لەوەتەی هەرێمی کوردستان دامەزراوە یەکەم جارە کۆمسیۆنەکەی و پەرلەمانەکەی بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی هەڵدەوەوەشێنەوە و تووشی بۆشایی یاسایی کۆمسیۆن و پەرلەمان دەبێت. ماوەی ڕابردوو دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشی هەڵوەشاندەوە و لە دوای ئازادیی عێراقەوە تەنیا دوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کوردستان ئەنجام دراون.
بەپێی یاساکانی عێراق کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکات و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی ئەگەر سکاڵاکان یەکلایی بکرێنەوە ئەوا کۆمسیۆنەکەش بەرچاوی ڕوونتر دەبێ بە چ شێوەیەک هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەرێوە ببات.