دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

تا 2025 هەرێمی كوردستان دەچێتە نێو مامەڵەی دیجیتاڵییەوە

شۆڕش غەفووری ـ هەولێر

دوێنێ، چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر، پڕۆژەی هەژماری منی ڕاگەیاند كە دوای تاقیكردنەوە سەركەوتووانەكەی ئەم پڕۆژەیە دێت.

بە گوتەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: «پڕۆژەی هەژماری من، ئاسانکارییەکی زۆر لە كڕین و مامەڵەی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا یارمەتیدەرێکی زۆریش دەبێت بۆ ڕێگریی لە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە پێدانی مووچەش لەکاتی خۆیدا.
مەبەست لە بە دیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی دروستکردنی ژێرخانێکی سەقامگیری ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان کە بانکەکان دەتوانن زۆربەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە خەڵکی لە شوێنە پێشکەوتووەکان لە خزمەتگوزارییە بانکەکان وەردەگرن لێرە لە هەرێمی کوردستانیش خەڵکی ئێمە بتوانێت سوودمەندبێت لەو خزمەتگوزارییانەی بانکەکان پێشکەشی دەکەن و بێگومان سوودی بۆ بانکەکانیش دەبێت، چونکە سەرمایەیەکی زۆر بۆ بانکەکان دەگەڕێتەوە»
تێڕوانینی گشتی:
پڕۆژەی “هەژماری من”، هۆیەکە بۆ دەستڕاگەیشتنی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بە خانەنشینان و هێزە ئەمنییەكانەوە بە مووچەكەیان لە ڕێگەی ئامێری (وەرگرتنی پارە ـ ATM) بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و بڕیار دراوە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان زیاتر لە 1000 ئەی.تی.ئێم دابنرێت.
بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکانی وەك وەرگرتنی قەرز و پاشەکەوتی پارە و مامەڵەی دیجیتاڵی، ئاسان دەبێت.
حكومەتی هەرێم زیاتر لە ملیۆنێك مووچەخۆری هەیە، بۆیە بە مامەڵەی دیجیتاڵ فەرمانبەرانی كەرتی گشتی (حكومەت) و كەرتی تایبەت، پشتبەستن بە پارەی كاش كەم دەبێتەوە و حکومەتیش لە بواری بودجە و مووچە شەفافتر دەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش ماڵپەڕێکی فەرمی کراوەتەوە: www.myaccount.gov.krd

پەرەپێدانی پڕۆژە:
پڕۆژەی “هەژماری من”، لە شوباتی 2023 وەك تاقیكردنەوە لە نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون لە هەولێر دەستی پێكرد و لەو کاتەوە تا ئێستا 841 فەرمانبەر بە شێوەی دیجیتاڵی و لە کاتی خۆی و بێ دواكەوتن مووچەیان وەرگرتووە، بەمەش سەركەوتنی پڕۆژەكە ڕاگەیێنرا.
لە مانگی ئەیلولی 2023، سەرۆکوەزیران تیمەکەی خۆی ڕاسپارد بۆ ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ هەموو فەرمانبەرانی حكوومەت (كەرتی گشتی) سوودمەند بن لە پڕۆژەكە.
بە دەستپێكی تۆماركردنەكە و دوای كەمتر لە 45 ڕۆژ، شەست و پێنج هەزار فەرمانبەر هەژماریی تایبەتیان بۆ كرایەوە كە ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە پلانەكە زۆر خێراتر لە وادەی دیاریكراو كۆتایی دێت.
ئێستا لە ٢٠ بنكەی هەولێری پایتەخت، ڕۆژانە زیاتر لە چوار هەزار فەرمانبەری حکوومەت هەژماری بانكییان لەو بانكانە (بە شێوەی دڵخواز) بۆ دەكرێتەوە كە ددانپێدانراوی بانكی ناوەندی عێراقین.
فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش (DIT) ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتی لەسەر ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندی عێراق دروست كردووە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە فەرمانبەرانی حکوومەت بەشداری دەستپێشخەریی “هەژماری من” بن و داتاكانیان لە داتاسەنتەری حكوومەت بپارێزرێت. هەر لەم چوارچێوەیەشدا فەرمانگەكە ماڵپەڕێكی زانیاری و بەكارهێنانی دروست كردووە بۆ كارئاسانی زیاتری خۆتۆماركردنەكە.
لە کۆبوونەوەی مانگی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار لەسەر خێراكردنی پڕۆژەكە و ناوتۆمارکردن لە پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆک درا و لە ساڵی ئایندەشەوە فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش بە هەمان ڕێ و شوێندا تێدەپەڕن بۆ دروستكردنی هەژماری بانكی.
هەروەها، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری داوە لە ساڵی ئایندەوە، كارتخوێن (POS) لە دووكان و ناوەندە بازرگانییەكانی سەرتاسەری کوردستان هەبێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن بە ئاسانی سوود لە كارتەكانیان وەربگرن بۆ پێدانی پارەی دیجیتاڵی.
بانكی ناوەندی عێراقیش پێشوازی و پشتگیری خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندووە، بەتایبەت لەوەی كە ساڵی ئایندە كەرتی تایبەتیش دەگرێتەوە و حكوومەتی هەرێمیش چاوەڕێی بەشداربوونی هاوبەشە بانكییەكانی دیكەیە، بەتایبەت ئەو بانکانەی لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە پەسەند دەكرێن تا هاووڵاتیان بژاردەی بانكییان زۆر بێت.

سوودەکانی ئەم پڕۆژەیە:
پرۆژەی هەژماری من چەندین سوودی دەبێت بۆ هاووڵاتیان و ئابووری حكوومەت و هەرێمی كوردستان كە لە خوارەوەدا بە خاڵ ڕوونیان دەكەینەوە:
*یەكەم بۆ هاوڵاتییان:
ـ ئاسانکاری و سەلامەتیی هەژمارەکانیان
ـ پێدانی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆی بێ نۆرە و دواكەوتن
ـ توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە هەر شوێنێک تەنیا بە بەکارهێنانی بانکی مۆبایل/ئینتەرنێت بێ سەردانكردنی لقی بانكەکان
ـ کەمکردنەوەی مەترسیی (ونكردنی مووچە) و (بوونی پاشەکەوت).

*دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمە داراییەکان
ـ دروستکردنی داهاتی زیادە و بوونی پاشەکەوتی تایبەت
ـ دەستڕاگەیشتن بە قەرزی بەكاربەر
ـ باشتربوونی ڕۆشنبیری دارایی

*دەستڕاگەیشتن بە پارەدانی دیجیتاڵی
ـ پارەدان بۆ کاڵا و خزمەتگووزارییە ئۆنلاینییەکان بە بەکارهێنانی کارتی بانکی.
ـ توانای هەناردەكردن لە نێوان بانك و هەژمارە جیاوازەکان لەڕێی بانکی مۆبایل\ئینتەرنێتەوە.
ـ وەرگرتنی هەناردەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێویست بە سەردانی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکات.

*ئابووری هەرێمی کوردستان
ـ دروستبوونی سەقامگیری ئابووری و دراویی نێوخۆ و نەهێشتنی سپیكردنەوەی پارە و پارەی كاش.
ـ بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە کەرتی بانکی، هۆیەکە بۆ زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی.
ـ زیادبوونی خەرجییەکانی بەکاربەران بەهۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی.
ـ ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی بانکی، لەپێناو ڕاییکردنی مامەڵە و پێداویستی فەرمانبەر و كارئاسانیی هاووڵاتیان.
ـ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مامەڵەی کاش.
ـ زیادکردنی (کارایی حکوومەت) و (شەفافیەت).
ـ دروستبوونی پارەدانی دیجیتاڵی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان.