هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینی بۆ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لیژنەیەکی ھاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، دوای کۆتایی ھاتنی کارەکان لیژنە ھاوبەشەکە ڕاپۆرتەکە دەدەنە ھەر دوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق، کە مانگێکیان لەبەر دەستە بۆ پێداچوونەوە بە لیست و بڕی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان. د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: دوای تەواوبوونی وردبینی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی لە لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ھیچ بیانووێک بۆ بەغدا نامێنێتەوە کە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان نەنێرێت.

ھەر چەندە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تا ئێستە حکوومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا ھاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی ھەرێمی کوردستانی ڕەوانە نەکردووە، بەردەوام ھەر جارە و بیانویەک بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەگرن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە کرد. سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە، ئەگەر نیازپاکی ھەبێت چارەکردنی سەرجەم کێشەکان سەخت نییە و دووپاتیشی کردەوە پێویستە وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی و لە چوارچێوەی دەستووردا، مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت.
شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ڕۆژی ١٤ـی مانگی ڕابردوو سەردانی بەغدای کرد و لە ١٢ کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.
دواجار ڕۆژی یەک شەممە ١٧ـی ھەمان مانگ لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردرا بە ھەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و ڕەزامەندیدان لەسەر ناردنی حەوت سەد ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمـی ئەمساڵ، ھەروەھا بڕیاردرا وردبینی لە ژمارە و بڕی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە ڕۆژی ٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی ھەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەکاتە بڕی شازدە ترلیۆن و چوار سەد و نەوەد و ھەشت ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و سێ سەد و حەوتا و پێنج ملیار دینار.
بەپێی دوایین ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەگەڵ ناردنی سێ حەوت سەد ملیار دینار، ھەر دوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەش لە جێبەجێ کردندان.
لیژنەی ھاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان، دابەشی چوار لیژنەی دیکە بوونە، لیژنەیەک پێداچوونەوە بە لیستی فەرمانبەرانی وەزارەتەکان دەکات، لیژنەیەکیش پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینان دەکات، لیژنەیەک لە بایۆمەترییە، لیژنەیەکیش ئەرکیان پێداچوونەوەیە بە لیستی ئەو مووچەخۆرانەیە کە لەسەر چاودێری کۆمەڵایەتی مووچە وەردەگرن.
ھەفتەی داھاتوو کارەکان بە کۆتا دێن و ڕاپۆرتەکە کۆتایی دێت، بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبێت لە ماوەی مانگێکدا ڕاپۆرتەکە ئامادە بکرێت، ئەوا لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان داوایان کردووە لەگەڵ بڕی مووچەکانیان، ئەو شوێنانەی ئەوان بۆی دەچن بە شەفافی داتا و زانیارییەکانیان لەبەر دەستە.
دوای پێداچوونەوە بە لیستی خەرجییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ داھاتەکانیدا ئێستە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و جۆری مووچەکانیش دەستی پێکردووە ئەمە دەیسەلمێنێت حکوومەتی ھەرێم شەفافە بە ئامانجی ئەوەی ڕێککەوتنەکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن لە پێناو بەدەستھێنانی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
ھونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: لیژنەیەکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لێرەن و دەیانەوێت وردبینی لە تەواوی ئەو داتا و زانیارییانە بکەن کە تایبەتە بە ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان، سیستەمی ژمارەی فەرمانبەرانی ئێمە تاڕادەیەکی زۆر لای بەغدا ڕوونە، ئەوەی کە ماوەتەوە ژمارەی خانەنشین و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتییە، ئەوانیش ھەموو داتاکانیان ئامادەیە و دەیخەینە بەردەستیان، دواتر ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ چاودێری دارایی عێراق دەخەینەڕوو.
گوتیشی: میلاکی فەرمانبەران زۆرجار تەفسیری جیاوازی بۆ دەکرێت و ھەواڵی ھەڵەی لەبارەوە بڵاودەکرێتەوە، چەند ساڵێکە ھەماھەنگیمان ھەیە لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق و چاودێریی دارایی ھەرێمی کوردستان، لیستی میلاکاتی ئێمە لای ئەوان پەسەندکراوە، ئێستەش لیژنەیەکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لێرەن و دەیانەوێت وردبینی لە تەواوی ئەو داتا و زانیاریانە بکەن کە تایبەتە بە ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان.
د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: دوای تەواوبوونی وردبینی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی لە لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ھیچ بیانووێک بۆ بەغدا نامێنێتەوە کە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان نەنێرێت.
بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: دیوانی چاودێری عێراق لە ساڵانی ٢٠١٨، ٢٠١٩،٢٠٢٠ و ٢٠٢١ ھاتوونە بۆ ھەرێمی کوردستان وردبینیان لە لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کردووە و ھەموو داتاکانیان لەلایە، ھەروەھا فشارێکی سیاسی لە بەغدا لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەیە، بۆیە ناتوانێت ڕاستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت.
محەممەد زراری، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ١٧ـی ١٠ ڕاپۆرتی وردبینییەکە تەواو دەبێت کە لیژنەی دیوانی چاودێری عێراق و ھەرێمی کوردستان ئیمزای لەسەر دەکەن، ھەردوولا ئەم کارە لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، وردبینی ئەمجارەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە جارانی پێشوو زۆر جیاوازە، چونکە ئەم جارە بڕیارێکی تایبەتی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ دەرچووە کە دەبێت ئەو وردبینییە بکرێت، ھەروەھا دەبێت لەماوەی مانگێک کەمتر پڕۆسەی وردبینی تەواو بێت.