دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەناردەی نەوتی کوردستان تەنیا لەسەربڕیاری سیاسی وەستاوە

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا بە تەواوی ئامادەیە کە لەماوەی شەش مانگی ڕابردوو هەناردەی ئەو نەوتە وەستابوو، بەڵام هێشتا دەستیپێنەکردووەتەووە.

وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەیە هەناردەکە دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوو بەرپرسی عێراق دەڵێن؛ هیچ داوایەکمان بەدەست نەگەیشتووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکە و ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ئایا تورکیا ئامادەیە بۆ هەناردەکە یان نا ؟
عێراق دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتی ئۆپێکە، ٪85ـی نەوتەکەی لەڕێگەی بەندەرەکانەوە لە باشووری عێراق دەڕوات، بەڵام بۆڕی نەوتی کوردستان کە بەشێکی ئەو هەناردەیەی پێکدەهێنا هێشتا دەستیپێنەکردووەتەوە، ئەو بۆڕییە ٪0.5ـی نەوتی جیهان پێکدێنێت، واتە نەوتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕەی پێویستی لە جیهاندا پڕ دەکاتەوە .
ڕاوێژکارێکی وزەی باڵا، دەڵێ:” عێراق هێشتا چاوەڕێی گفتوگۆیە لەگەڵ تورکیا لەبارەی چارەسەرکردنی کێشە دارایی و تەکنیکییەکان، ئەمانە گرنگترین ئەو ئاستەنگانەن هێشتا ماون.
هەرێمی کوردستان لە 2013وە لە ڕێگەی بۆڕییەوە نەوتیی خۆی هەناردە دەکرد، لەرێگەی پێشابیرێ بەرەو سنوورەکانی تورکیا لەوێشەوە بۆ بەندەری جیهان لە تورکیا و پاشان بۆ کەناراوەکانی مەدیتەرانە، بەهۆی کێشەیەکی کۆنی نێوان تورکیا و عێراق ئەو هەناردەیە لە مانگی ئادارەوە وەستاوە، لە 25ـی ئادارەوە دوای بڕیاری دادگا ئەو هەناردەیە وەستاوە .

کێشەکان لەسەر چییە؟
لەدوای بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی پاریس، کە عێراق داوای کرد بێ گەڕانەوە بۆ سۆمۆ نەوت هەناردە نەکرێت لەکاتێکدا بەپێی یاسای نەوت و گازی کوردستان ئەو نەوتە هەناردە کرا، عێراق هەر ڕۆژە بە بیانووێک ئەو هەناردەی دواخست، تورکیاش لە بەرامبەر ئەوەدا داوای داشکاندنی ٪50ـی ئەو بڕە دەکات عێراق وەکو قەرەبوو داوای دەکات، لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بەو کەیسە یاساییە عێراق داوای ملیارێک و 500 ملیۆن قەرەبوو دەکات. بەڵام تورکیا ئامادە نییە ئەو پارە بدات، لە کەیسی دووەمی هەردوو وڵاتدا هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە کە بریتییە لەماوەی هەناردەی نەوت لەدوای 2018وە.
ئێستا هەردوو وڵات لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە لەدوای ئامادەکردنی بۆڕییەکە دەست بە هەناردە بکرێتەوە، بەڵام عێراق بێ دەنگە کەیسی یاسایی هەردوولاش لە دادگە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە، یەکێک لە پاریس و ئەوی دیکە لە ئەمریکا سکاڵای دژ بە یەکیان هەیە، بڕیاری هەناردەی نەوت پێویستی بە بڕیاری سیاسییە، ئەو بڕیارە وا چاوەڕوان دەکرێت کە لە سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغدا یەکلایی ببێتەوە، بەڵام هێشتا ئەو سەردانە کاتەکەی دیار نییە، هەرچەندە لە دووی مانگەوە وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاند کە ئامادەن بۆ هەناردەکە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، بەڵام هێشتا عێراق هیچ هەڵوێستێکی نییە .
عێراق لە مانگی ئەیلوولدا بڕی سەد و سێ ملیۆن و سەد و چل و سێ هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی هەبووە،بڕی داهاتیشی لە مانگێکدا 9 ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلار بووە، بەرمیلێک نەوتی بە 92 دۆلار فرۆشتووە، بەڵام سەرەڕای پارە و داهاتی زۆر ئامادە نییە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت و خاوی دەکات لە ناردنی، لەکاتێکدا تێكڕای بەرهەمهێنانی لە رۆژێکدا سێ ملیۆن و چوارسەد و سی و هەشت هەزار بەرمیل بووە.
ماڵپەڕی ئێس پی گڵۆبال تایبەت بە نەوت و گاز ڕایگەیاندووە:” دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و داهاتەکەی بەزۆری پشت بەو نەوتە دەبەستێت بەتایبەت لە ناردنی بۆ بازاڕەکانی دەریای ناوەڕاست، هەروەها بەپێی یاسای بودجەش دەبێت ڕۆژانە بەرهەمی هەرێمی کوردستان چوارسەد هەزار بەرمیل بێت.
بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان دوو هێڵی بۆریی 48 ئینجییە بە توانای 1.6 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، بەو بڕەی لە هەرێمی کوردستان دەنێردرا لەگەڵ نەوتی کەرکووک بێ کێشە و هیچ ئاستەنگێكی تەکنیکی ئەو ناردنە بەردەوام بوو، بەڵام ئێستا تورکیا دەڵێ ئامادەین بۆ هەناردەی نەوت و عێراقیش هیچ وەڵامێکی نییە و بێ دەنگە.