نێچیرڤان بارزانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی شەفافیەتەوە لەگەڵ بەغدا مامەڵەی کردووە

ئەمڕۆ سێشەممە (10ـی تشرینی یەکەمی 2023) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە دیداری مێری رایگەیاند، کێشەیەکی بنەڕەتی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە دەبێت سەرەتا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، بەپێی دەستووری عێراق، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا عێراق سیستەمێکی مەرکەزی پەیڕەو دەکات و هیچ فیدراڵییەکی تێدا نییە، بەشێوەیەک رەفتارەکانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەموو شتێکە تەنیا فیدراڵی نییە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، هەڵسوکەوت لەگەڵ عێراق نابێت لەسەر بنەمای بەهێز و لاوازی بێت، لەگەڵ بەغدا پەیوەندییەکانمان تا رادەیەک باشە و سەرباری ئەوەی هەندێک کێشەمان لەنێوان هەیە، بەڵام دەبێت ئەو کێشانەی نێوانمان چارەسەربکرێن. گوتیشی “ئێمە نەخشەرێگایەکمان داناوە لەسەر ئەو نەخشەرێگایەش بەردەوامین و ئامانجمان ئەوەیە سەقامگیری سیاسی و ئابووری لە عێراق بەرقەرار بێت و دەمانەوێت دۆخی گوزەرانی خەڵک باشتر بێت.”

نێچیرڤان بارزانی، جەخت دەکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی شافافیەتەوە مامەڵەی لەگەڵ بەغدا کردووە، دەبێت بەغداش بە جددی بێتە سەر هێڵ و کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات و نابێت بابەتی هاتنی مووچە ببێتە بابەتی گەرمی کەناڵە هەواڵییەکان و رۆژنامەکان، بەشێوەیەک پێویستە عێراق فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و وەک مووچەخۆرانی عێراق بە یەک چاو سەیر بکات، مووچە مافێکی سەرەتایی هاووڵاتییانە، پێویستە بەغدا پابەندبێت بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ هەولێر، هەروەها ئەو مامەڵەیەی عێراق لەبارەی بودجە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات لە هیچ  فیدڕاڵیەتییەکی جیهان بوونی نییە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، ئێمە دەوڵەتی نوێی عێراقمان پێکەوە لەگەڵ لایەنەکان دامەزراند، ئێمە بەشێکی سەرەکین لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێ و هەروەک بەشێکی سەرەکیش دەمێنینەوە

سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری جەیهانی تورکییەوە، نێچیرڤان بارزانی، گوتی: تورکیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە هەناردە بکرێتەوە، بەڵام دوو کێشەی گەورە بوونەتە بەربەست لەوەی نەوتەکە دووبارە هەناردەبکرێتەوە، یەکەمیان: پارەی کۆمپانیاکانە، بەپێی ئەو رێکەوتنە ئەگەر نەوت هەناردە بکرێتەوە پارەکە دێتەوە بۆ بەغدا، بەڵام چۆن پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان دەدرێت، بەپێی یاسای بودجەی عێراق خەرجی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان شەش دۆلار دانراوە کە کۆمپانیا نەوتییەکان بەوە رازی نابن، عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی ناوچەکانی خۆی لە هەندێک شوێن بۆ مەبەستی خەرجی دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوت 30 دۆلار دەداتە کۆمپانیا تورکییەکان لە هەندێک شوێنی دیکە کەمتر، بەڵام بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر بەرمیلێک شەش دۆلاری دەستنیشان کردووە کە ئەمەش کۆمپانیا تورکییەکان پێی رازی نین، بۆیە ئەمە کێشەیەکی گەورەیە دەبێت چارەسەر بکرێت.

هەروەها گوتیشی: کێشەی دووەممان لە هەناردەکردنەوەی نەوت ئەوەیە، دەبێت کۆمپانیای سۆمۆ گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە بکات کە تاوەکو ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستانیان کڕییوە، بەڵام دەبێت ئەم پرسە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، کێشەکە لە بەغدایە و لە تورکیا نییە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی پەیوەندییەکی گرنگە و دەبێت هەمووان پێکەوە هەوڵبدەین کە ئەو پەیوەندییەی نێوانیان کێشەی تێنەکەوێت، هەروەها کێشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی ئەوەندە قووڵ نین کە ئێمە نەتوانین چارەسەری بکەین.

نێچیرڤان بارزانی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، هەم یەکێتی درکی بەوە کردووە دەبێت لەگەڵ پارتی کار بکات، هەم پارتیش درکی بەوە کردووە دەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی کار بکات، چونکە ئێمە پێکەوە توانیمان زۆر دەستکەوت بەدەست بهێنین، لە لێکترازان لە کوردستان هەموو کورد و هەموو پێکاهاتەکان تەنانەت عێراقیش زیانمەند دەبێت، چونکە پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی  کوردستان بۆ عێراقیش گرنگە.

جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستای کوردستان، پارتی پێویستی بە رێکەوتنێک و تێگەشەتنێکی نوێ لەگەڵ یەکێتی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان.