سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی تشرینی یەكەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق سەرسامیی خۆی بە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە ئایینی و نەوتەوەییەكان لە كوردستان نیشان دا و، ستایشی ئەو فەرهەنگە مێژووییەی پێكەوەژیانی كرد كە لە كوردستاندا بووەتە هۆی ڕەخسانی كەشێكی لەبار بۆ بوونی ڕەنگ و فرەیی ئایینی و نەتەوەیی و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە بەرگریكردن لە مافی پێكهاتەكان و  پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنەوەی بەرز نرخاند. هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە كولتووری پێكەوەژیان لەناو خەڵكی كوردستاندا ڕەگوڕیشەی دێرین و مێژوویی هەیە و گەلی كوردستان بە ڕووی فرەیی و بیروڕای ئایینیدا هەمیشە كراوە و ئازاد بووە و ئەوە بۆ میللەتەكەمان كولتوورێكی دەوڵەمەندە و جێگەی شانازییەكی زۆرە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر قۆناغە جیاجیاكانی مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسییەكان و ئەوەی دووپاتكردەوە كە لەگەڵ حكومەتی عێراقی و سەرۆك وەزیران سوودانی هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستوور و لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە كێشەكان چارەسەر بكرێت.

لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا.