مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات و هەردوولا جەخت لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمیی فیدراڵی و پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان و گشت پيکهاتەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەکەنەوە.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 10ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ كريستيانه‌ هۆمان باڵيۆزى نوێى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لە باڵیۆز کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و سوپاسی هاوکاریی و پشتیوانیی ئەڵمانیای لە هەرێمی کوردستان کرد”.

ئاماژە بەوەش کراوە، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمیی فیدراڵی و پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان و گشت پيکهاتەکان لە چوارچێوەی دەستووردا.

باڵیۆزی ئەڵمانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا.