پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕیفراندۆم دەستکاریکردنی پۆزەتیڤانەی مێژوو

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

لە یادی شەش ساڵەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پانێڵێکی بە ناونیشانی “ڕیفراندۆم دەستکاریکردنی پۆزەتیڤانەی مێژوو” بۆ هەریەکە لە نووسەر و کۆمەڵناس د.ئیسماعیل بێشکچی و نووسەر و ڕووناکبیر ئازاد جندیانی و د.سالار عوسمان و لە پێشکەشکردنی هاودەنگ فارووق، ڕێکخست. لەبەر گرنگی پانێڵەکە لە چەند بەشێکدا سەرنج و ڕای بەشداربووانی پانێڵەکە لە سێ بەشدا خرایە ڕوو.

  • بەشی سێیەم و کۆتایی

د. سالار عوسمان:
ڕیفراندۆم شانازییەکی گەورەی بۆ ئینسانی کورد دروست کرد

  • د. سالار عوسمان: پرسی ڕیفراندۆم و ڕەهەند و لێککەوتەکانی ڕیفراندۆم، بەشێوەیەکی ئارام گفتووگۆ نەکراوە لە کوردستان، ئەوەی کراوە گفتووگۆیەکی زۆر حزبییانە و بچووک بووە لە ئاست گەورەیی ئەو ڕووداوە. کەواتە ئێمە ڕووداوێکی گەورەمان هەیە، بەڵام گفتووگۆیەکی بچووکمان هەیە، کە گفتووگۆکە پتر هەڵگری بەرژەوەندییەکانە نەوەک واقیعبینی، بۆیە ئەگەر بکرێ نوخبەی سیاسی لە کوردستان و بژاردەی بیریاران، بتوانن ئارامتر ئەو گفتووگۆیە بەڕێوەببەن، پێم وایە هەموومان بەتایبەتی نەوەی تازە لەبەردەم فاکت و ڕاستی دادەنێن کە ئێمە چیمان کرد و ئێستا پێویستە چی بکەین. بۆیە من بە ئاراستەی ئەو لۆژیکبینی و واقیعبینی و کۆکەرەوەیە هەوڵ دەدەم بە پێنج چەمک قسە لەسەر پرسی ریفراندۆم بکەم.
    چەمکی یەکەم، دەمەوێ باس لەوە بکەم ئایا کورد ڕووداو خوڵقێنە یان لەناو ڕووداو دایە، ئەگەر سەیری مێژووی کورد و کوردستان بکەین، دەبینین کورد خۆی ڕووداوی درووست کردووە، گەر سەیری شۆڕشەکانی کورد بکەین، بە نموونە شۆڕشی ئەیلوول، لەنێو شۆرشی ئەیلولدا، ڕێککەوتنامەی ١١ ئازار، کە تێگەیشتنی گۆڕی لە سیستەمی سیاسی عێڕاق و بەڵگەنامەی خستە ناو لاپەڕەکانی مێژوو، بەڵام بەشێکی ئەو مێژووەش بریتیبووە لەوەی کورد خۆی لەناو ڕووداودا بووە، بەڵام خوڵقێنەری ڕووداو نەبووە. ڕیفراندۆم ڕووداوێکی خاڵسی کوردییە، ڕووداوێکە کە دەورووبەر و نەیارانی کورد نەیانتوانی لە خاڵسییەتی زەڕەیەک کەم بکەنەوە، بە مانایەکی تر ئیرادەی کورد و کوردستانیان سەروەرییەک و ئیفتخارێکی خوڵقاند، کە پێی دەڵێن ڕۆژی سەربەخۆیی کوردستان و دەنگدان بە بەڵێ و مێژووی درووستکردنی ئەو سایکۆلۆژییە. ئەو ڕووداوە کوردییە، خاڵسە، پاک و بێگەردە، بەرهەمهێنە، پێمان دەڵێ کە کورد بەهێزەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتەدا کردووە.
    چەمکی دووەم گەر باسی بکەم ئەویش سایکۆلۆژیای شانازیی کوردییە، بە درێژایی مێژوو ئەگەر سەیری کورد بکەین، کە خاکی داگیرکراوە و کارەسات و مەرگەساتی زۆری بینیوە، ئەگەر سەیری ئەدەب و هونەر و دەق و تێکستەکانی بکەین، دەبینین زۆرێک لە بێئومێدی و بێزاری لە زاتی ئینسانی کوردیدا هەیە، شۆڕشەکان ئیرادەیان درووست کردووە، ڕاپەڕینەکان ئومێدیان چنیوەتەوە، حوکمڕانی لەدوای پڕۆسەی هەڵبژاردن و دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، جارێکی تر بڕوابەخۆبوونی قەومیانە و حوکمڕانیانەی مەدەنییانەی جێکردووە، هەموو ئەمانە بەشێکن لە شانازی، بەڵام ڕیفراندۆم شانازییەکی زۆر گەورەی بۆ ئینسانی کورد و کوردستانیان دروست کرد، ئێمە لە قۆناغێکدا دەژین پێی دەڵێن قۆناغی شانازیی کوردی کە هەموومان دەنگمان بە سەربەخۆیی دا، ئەو شانازییە بۆ میللەتی بێ دەوڵەت زۆر گرینگە، بۆ میللەتێک کە بە بەردەوامی هەڕەشەی لەسەرە و خاکی داگیرکراوە، چەمکەکانی وەکو خۆی باس نەکراوە، لەسەر پێیەکانی خۆی نییە لەزۆر بوار، وەکو ئێستا کە کێشەی قووڵمان لەگەڵ بەغداد هەیە، بۆیە ئەو شانازییە بە فریامان دەکەوێت بۆ ئەوەی باشتر باسی خۆمان بکەین و باشتر بپەڕینەوە. ئەگەر سەیر بکەن لە ٢٥ی٩ی٢٠١٧ هەموو ئینسانێکی کورد یەکپارچە بوون لە شانازی، کە ئێستایش ئەو شانازییە لای بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان ماوەتەوە.
    چەمکی سێیەم، گرنگیی ڕۆڵی سەرۆک بارزانییە وەک ڕێبەرایەتی، لە نێو ئەم تابلۆ گەورە پڕ ئیفتیخارە دیرۆکییە وەچەرخانە مێژووییە بەرهەمدارە، ناوێک هەیە زۆر گەش کە بریتییە لە سەرۆک بارزانی، ئەگەر نەوەکانی کۆماری کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول، شانازی زۆر بە خۆیان بکەن کە لە ڕووداوی زۆر گەورەی مێژوویی ژیاون، ئەوانەیشی دەنگیان بە بەڵێ دا، زۆر بە شانازییەوە دەڵێن ئێمە لە سەردەمی ڕیفراندۆم دا ژیاوین. ڕاستە ئێستا هەموومان ماندووین و گرفتی زۆر قوڵمان لەگەڵ بەغداد هەیە، ڕاستە ئێستا ئێمە لە ڕووی دارایی و لەڕووی تێگەیشتنمان بۆ ژیان، ڕەخنە و جۆرێک لە ناڕەزایەتی هەیە، وە پرسیاری قووڵمان لە ئایندە و ژیانی سیاسی خۆمان هەیە لەگەڵ بەغداد، بەڵام ئەمانە لەلایەک، لایە ڕۆشنە زەڵاڵەکە بریتییە لەوەی ئێمە گەلێک بووین لە چرکەساتێکی مێژوویی ڕیفراندۆمدا دەنگمان بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دا، دەنگمان بە ئیرادە و ئازادی دا، دەنگمان بە وەڵامگۆیەک دا بۆ خەباتی نەپساوەی گەلێک کە سەدان ساڵە خەبات دەکات. ئەم ئیفتیخارە ڕێبەرایەتییەکەی سەرۆک بارزانی بوو، بۆیە نەوەکان بە شانازییەوە دەبێ بڵێن ئێمە لە سەردەمێک ژیاین کە بارزانی و ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی تێدا بوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی ئەم بوارانە، بەم تایتڵ و بەم تێگەیشتن و هزرە ڕێکبخات. ئەم قسانە موجامەلە نین و قسەی زێدەڕۆیی نین، بەڵکو ئەمانە ڕاستین دەبێ بگوترێ، بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە باش مارکێتینگ بۆ مێژووی خۆمان و بۆ وجوودی قەومی خۆمان و خاک و جوگرافیای خۆمان بکەین، وە نەمانتوانی زۆر باش گوزارشت لەو ئیفتیخارە بکەین کە پێی دەگوترێت ڕیفراندۆم و ڕۆڵی ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی لەو پڕۆسە گەورەیەدا.
    چەمکی چوارەم هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە دەربارەی ئەو پرسە، زۆرجار ئێمە دەپرسین بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتە زلهێزەکان و نێوەندەکانی بڕیار، باش بەرسڤی پرسیارەکانی کورد و داخوازییەکانی هەرێمی کوردستانیان نەداوەتەوە، ئەمە پرسیارێکی گرینگە و پێویستە بەبەردەوامی لە خۆمانی بکەین بە تایبەتی ئەوانەی بە زمانی جیاواز دەنووسن و ئەوانەی لەگەڵ نێوەندەکانی جیهان قسە دەکەن، دەبێ بەردەوام ئەو پرسیارە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئەمریکا و بەڕیتانیا و فەرەنسا بکەن و بڵێن؛ ئێوە بە بەردەوامی باسی ئازادی و دیموکراسی دەکەن، ئەی بۆ بەرگەی وەڵامی میللەتێکتان نەگرت بۆ یەک پرسیار، کە بڵێن ئێوە لە ڕیفراندۆم دەنگ بە بەڵێ دەدەن یان نەخێر.
    بۆیە ئەوەی پێی دەڵێن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێوەندەکانی بڕیار بەدەست، دەبێ لەمەودوا مەنزوڕی قییەمی و بەهاییمان بگۆڕین بۆ مەنزوری بەرژەوەندی، چونکە دیدگای ئەوان بۆ ژیان و بوون و نەتەوە و ماف، بریتییە لە دیدگایەکی بەرژەوەندی، کەچی ئێمەی کورد و کوردستانی بە درێژایی مێژوو، ئێمە زۆر بە هەست و سۆزەوە مامەڵەمان لەگەڵ سیاسەت دا کردووە، بۆیە دەبێ ئەو هەست و سۆزە بگۆڕین بۆ مەنتق و زانست و بەرژەوەندی بینین و گرێدانی بەرژەوەندی لەگەڵ ئەوانی تر و دونیا بێنینە ناو بەرژەوەندییەکانی خۆمان.
    جارێکی تریش ڕیفراندۆم بکرێتەوە و دووبارە کە کێشەمان لەگەڵ بەغداد هەیە و درووست بێتەوە، لەگەڵ دراوسێکانیشمان گرفتمان بۆ درووست بێت، دووبارە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەچاوی بەرژەوەندی دەڕوانێتە پرس و چەمک و تێگەیشتنەکان و دانووستانەکان، بۆیە دەبێ ئەو دیدگایە بگۆڕین، دیدگای قیەمەکان و ئەخلاقیاتی سیاسی بگۆڕینەوە و میکسێک درووست بکەین لەنێوان قیەم و بەرژەوەندی.
    چەمکی پێنجەم، باس لەو دەنگە دەکەم کە دوای ٦ ساڵ لە ڕیفراندۆم، ئێستایش لە نێو کوردستان دا دەنگێکی کوردی هەیە کە دەڵێ ڕیفراندۆم هەڵە بوو و کاتی نەبوو و زیانی لە هەرێمی کوردستان دا، ئێمە دەنگی غەیرە کوردی دەزانین مانای چییە، هەموو ڕستە و پشتی ڕستەکانیشی دەخوێنینەوە، بەڵام پرسیارە ئەخلاقی و جەوهەرییە ڕیشەییەکە ئەوەیە بۆ کوردێک پێی وابوو ڕیفراندۆم هەڵە بوو، با بێین نیقاش لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتییە کوردیەش بکەین، ئێمە هاتووین نیقاش بکەین، نەهاتووین بەس گوێمان لە دەنگی خۆمان بێت، ئێمە هاتووین گوێمان لە دەنگی هەمووان بێت، بەوانەی کە ناڕازین و بە بەڵێ یان گوت نەخێر و بە ڕیفراندۆمیان گوت کاتی نەبوو، با بێین نیقاشێکی پاک و بێگەردی باڵا بکەین و بزانین بۆ ئەو تێگەیشتنەیان بۆ درووست بووە. ئەگەر ئەو دەنگە ناڕازین و جۆرێک ڕەخنەیان لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان هەیە و ئەدای حکومەتیان لە گۆشەیەک یان گۆشەیەکی تر پێ باش نییە، لێرەدا دەبێ ئێمە دووشت جیابکەینەوە، حکومەت و ئەحزاب جیاوازن لەگەڵ نیشتیمان و ماف و ئازادی و دیموکراسی، ئەوەی دژی ڕیفراندۆم ڕابوەستێ جا لە ناوخۆ یان دەرەوە بێت، ئەوا دژی ماف و ئازادی و دەنگدان و ئازادی بیروڕا و دیموکراسی و نەتەوە و دژی ئەو ئیرادە خوداییەیە کە خودا تۆی بە کورد خەڵق کرد، وەک چۆن ئەوانی بە عەرەب و تورک و فارس خەڵق کرد. ئەم فەهمە دەبێ جیابکەینەوە لەوەی کە ئێمە ڕەخنەمان هەیە لە پڕۆسەی سیاسی، بەڵام کە دێینە سەر بواری نەتەوەبوون و وجوود و خاک و جوگرافیا و ئاڵا و نیشتیمان و دەوڵەتسازی و درووستکردنی نەوەکان و پەڕینەوەی نەوەکان بۆ ئایندەیەکی باشتر، بۆیە دەبێ میللەتی خۆمان بەتایبەت گەنجەکانمان لەوە ڕابهێنین ئەو پۆلێنکارییە بکەن، تا ئەو پۆلێنکارییە نەکەین ناتوانین وێنە گەورەکە، تێگەیشتنە گەورەکە و ئەو بەرهەمدارییەش دروست بکەین کە پێویستە.