تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

سەرەڕای ئەوەی ئاڵپئارسەلان بایراکتار وەزیری وزەی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی پێشان دا لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا عێراق هیچ هەڵوێستێکی نەبووە، گرووپی کۆمپانیاکانی کارکەریش لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەن کە عێراق پەلە بکات لە تەواوکردنی ڕێکارەکانی پەیوەست بەو پرسە .

وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند: هەناردەی نەوت لە عێراقەوە لەرێگەی لوولەوە لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە، لوولەکە لە توانای دا دەبێت رۆژانە 500000بەرمیل نەوت بگوازێتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان،سەرەڕای ئەو قسانە یەکێتیی کۆمپانیا پیشەسازییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان هۆشدار دا لە بەردەوامیی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، ئەندامانی ئەپیکور یان کۆمپانیاکانی کارکەری نەوت لە ژەرێـی کوردستان رایانگەیاند ناتوانین نەوت هەناردە بکەن تا ئەوکاتەی حەقدەستەکانیان وەرنەگرن بڕی حەقدەستیشیان زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە .
ئەپیکور دەڵێ پەرۆشین بۆ کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەوان دەتوانن لە رێگەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە داهاتەکانیان زیاتر بکەن، لەو باوەڕەداین کە ئەوە دەبێت بە خێرایی و بێ هیچ ئاستەنگێک ئەو هەناردەی نەوتە دەستپێبکاتەوە بە جۆرێک وردەکاری گرێبەست و چۆنیەتی کارکردنی ئەو کۆمپانیایانە لەبەرچاو بگیرێت.
دامەزراوەی وزەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە گۆڤارێكی هەفتانەی هەیە و پرسە گرنگەکانی وزە و نەوت و گاز دەوروژێنێت لە راپۆرتێکدا دەڵێ :دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ لە بەغدا و تورکیا لەسەر هەناردەی نەوتی کوردستان،ئێستا گوشاری زۆر هەیە لە زۆر لایەنەوە لەسەر عێراق بۆ کردنەوەی لوولەی نەوتی کوردستان و عێراق، لە کۆبوونەوەکانیشدا هەموو ئەو ئاستەنگ و پرسانە تاوتوێ کراون کە لەبەردەم پرۆسەکەدان، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش خۆی لە بلۆمبێرگ رایگەیاند :کراوەین بۆ ئەوەی هەندێك پرس وەلابنێین و دەست بە هەناردەی نەوت بکەینەوە .’
بەپێی زانیارییەکان یەکێک لەو ئاستەنگانەی لەبەردەم ئەو پرسە بەشی دووەمی ئەو سکاڵایەیە کە عێراق لەسەر تورکیا تۆماری کردووە .
بەپێی گوتەی شارەزایان پرسی نەوت و هەناردەی نەوتی کوردستان هەم بە سیاسی کراوە هەم لەگەڵ پرسی دیکە تێکەڵ کراوە کە زۆر دوورە لە بابەتەکە. ئێستا لە نێوان تورکیا و عێراق هەرێمی کوردستان زیانی بەرکەوتووە بەتایبەت لەرووی داهاتی بەردەستی کە پێشتر لەبەرهەمهێنانی نەوت دەستی دەکەوت.
عێراق لە مانگی ئەیلوولدا بڕی سەد و سێ ملیۆن و سەد و چل و سێ هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی هەبووە،بڕی داهاتیشی لە مانگێکدا نۆ ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلار بووە، بەرمیلێک نەوتی بە 92 دۆلار فرۆشتووە، بەڵام سەرەڕای پارە و داهاتی زۆر ئامادە نییە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت و خاوی دەکات لە ناردنی، لەکاتێکدا تێكڕای بەرهەمهێنانی لە رۆژێکدا سێ ملیۆن و چوار سەد و سی و چوار هەزار بەرمیل بووە .
ماڵپەڕی ئێس پی گڵۆبال تایبەت بە نەوت و گاز رایگەیاندووە: دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و داهاتەکەی بەزۆری پشت بەو نەوتە دەبەستێت بەتایبەت لە ناردنی بۆ بازاڕەکانی دەریای ناوەڕاست،هەروەها بەپێی یاسای بودجەش دەبێت رۆژانە بەرهەمی هەرێمی کوردستان چوار سەد هەزار بەرمیل بێت.
بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان دوو هێڵی بۆریی 48 ئینجییە بە توانای یەک ملیارد و شەش سەد ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، بەو بڕەی لە هەرێمی کوردستان دەنێردرا لەگەڵ نەوتی کەرکووک بێ کێشە و هیچ ئاستەنگێكی تەکنیکی ئەو ناردنە بەردەوام بوو، بەڵام ئێستا تورکیا دەڵێ ئامادەین بۆ هەناردەی نەوت و عێراقیش هیچ وەڵامێکی نییە و بێ دەنگە .