یەکەمین پێشانگای “ئەزامیل” بە بەشداری پەیکەرتاشانی کورد و عەرەب لە سەنتەری رۆشنبیری جیهان کرایەوە، تیایدا ٢٠ پەیکەری قەبارە بچووک و گەورە، کە گوزارشت بوون لە کەسایەتی و ژیان و سروشت و مێژووی بیری فەلسەفی نمایش کران.
بورهان سابیر پەیکەرتاش و سەرپەرشتیاری پێشانگاکە بۆ “هەولێر” گوتی: لە چوارچێوەی چالاکیەکانی سەنتەرەکەمان، کە هەمیشە بەردەوامه له چالاکیی رۆشنبیری و هونەری ئەم هەفتەیە میوانداری ئەو هونەرمەندە پەیکەرتاشانەمان کرد، که تەمەنێکە وەک ناوێکی دیار لە هونەری پەیکەرتاشی، خزمەت بە هونەری کوردی و عێراقی دەکەن و تا ئێستاش چەندین پێشانگای هاوشێوەی ئەم پێشانگایەیان لە دەرەوەی کوردستان کردووەتەوە، ئێمەش وەک هونەرمەندان کورد دوای گفتوگۆی چڕ بڕیارماندا پێشانگای ئەزامیل بۆ یەکەم جار بێنینە هەولێر و داهێنان و بەخششی ئەو هونەرمەندانه نیشانی ئامادەبووان بدەین، کە زۆربەی پەیکەرەکان بەبێ زمان گوزارشت لە کەسایەتی و سروشت و مێژوو دەکەن.



