فەرهاد تۆفیق، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان: بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بەرامبەر هەرێمی کوردستان سیاسین، نەک دەستووری و قانونی

مەزهەر كەریم – سلێمانی

فەرهاد تۆفیق، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، دەڵێت “ئەو كەس و فراكسیۆنە كوردییانەی دژی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كاردەكەن، دوو گروپن و بە ئاشكرا دیارە لە بەرژەوەندیی لایەنێكی سیاسی مەزهەبی و ئیقلیمی كار دەكەن”.

_ عێراق سەرکەوتوو بووە لەوەی ئازادانە و دوور لە دەستتێوەردان بڕیار بدات؟

  • دەوڵەتی عێراق سەربەخۆیی ئابوری و سیاسی و سەربازی نییە، هەر ئەوەندە سەربەخۆ و ئازادە تا لە سنوور و هەژموونی ئەو دەوڵەتانە دەرنەچێت كە هەیمەنەیان هەیە بەسەر عێراقدا. كاتێك هاووڵاتیانی كورد لەماوەكانی پێشوودا لەكەركوك هاتنە سەر شەقام و داوای مافی خۆیان کرد، بەف گوللە وەڵام درانەوە، لەناو ماڵەكانی خۆیاندا دەگیرێن و زیندانی دەكرێن ئایا ئەمەیە ئازادی لەعێراقدا؟ بێگومان نەخێر ئەمە ئازادی نییە.

_ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی چۆن دەبینیت؟

  • دادگای فیدراڵی عێراق پێش دەستووری عێراق دانراوە ئەو حاكمانەی لەو دادگایە كاردەكەن تەواو حیزبین لەسەر ئەساسی زۆرینە بڕیار دەدەن، بڕیارەكانیان تەواو سیاسین بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان، قانونی نین.
    _ عێراق چۆن دەڕوانێتە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان؟
  • حكوومەت و تاكی عێراقی بە شیعە و سوننەوە پێیان وایە داهاتی عێراق ڕەوانەی كوردستان دەكرێت، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، داهاتی عێراق لە ساڵی 2014ەوە بۆ هەرێم نەهاتووە، داهاتی عێراق لە ناوخۆدا لە لایەن بەرپرسانی عێراقیەوە دەبرێت و تەخشان و پەخشان دەكرێت لەڕێگەی گەندەڵیەوە بە هەدەری دەدەن، خەڵكی شارەكانی عێراقیان وەها تێگەیەندراون كە پێشكەوتنی كوردستان، كە تا ئێستاش پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی بۆ هاووڵاتیان لەشارەكانی هەرێم بەردەوامیان هەیە وادەزانن لەسەر حسابی تاكی عێراقییە، كە ئەمە ڕاست نییە و چەواشەكارییە بەرامبەر هاووڵاتیانی عێراق دەكرێت.

_ شەقامی عێراقی لەچەواشەکارییەكانی سیاسییەکانی عێراق بەخەبەربێنەوە ئەو كات چی دەبێت؟

  • ئەگەر هاووڵاتیانی عێراقی دڵنیا ببنەوە لەچەواشەكاریەكانی دەوڵەت و كاربەدەستانی عێراقی بەرامبەر هەرێمی كوردستان ئەوە ئەوكات دەبێت كاربەدەستانی عێراق، عێراق بەجێبهێڵن هاووڵاتیانیان داوا دەكەن كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان بچن و حوكمیان بكەن لەبەر ئەوەیە دەیانەوێت پێشكەوتن و خزمەتگوزارییەكانی هەرێمی كوردستان لەبەرژەوەندی خۆیان بشێوێنن تا خۆیان درێژە بە گەندەڵیەكانیان بدەن.

_ پشتگوێ خستنی دەستوور کە باس دەکرێت لە عێراقدا، ئەم بابەتە بەڕاستی هەیە ؟

  • حكوومەتی هەرێم لەماوەكانی پێشوودا هەژماریی كردبوو كە 53 مادەی دەستووری، كە تایبەتن بە خەڵكی هەرێمی كوردستان، دەوڵەتی عێراق بەرامبەر خەڵك و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پێشێلی كردووە و جێبەجێی ناكات. بەدڵننیایەوە دەستووری عێراق بەرامبەر هەرێم پێشێلكراوە لەلایەن كاربەدەستانی عێراقەوە.

_ ئەو كەسانە كێن لە بەغدا و لەفراكسیۆنە كوردیەكان دژیی كوردستان قسە دەكەن؟

*ئەو كەس و فراكسیۆنە كوردیانەی لەبەغدا دژی هەرێمی كوردستان كاردەكەن دوو گروپن گروپێكیان بە ئاشكرا دیارە و هەستی پێدەكرێت ئەم كەسانە لەبەرژەوەندیی لایەنێكی سیاسی مەزهەبی عێراقی و ئیقلیمی كاردەكەن لە بەغدا دژی هەرێمی كوردستان. گروپی دووەمیان لە خۆلادان بێت لە ڕاستییەكە یان نەزانیی بێت خزمەتی لایەنی دژبەری هەرێم دەكەن.

  • پێتانوایە حكوومەتی عێراق هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە هاوولاتی عێراق بزانێت؟

*بێگومان هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە هاووڵاتی عێراقی نازانن، ئەگەر بیزانیایە ئەوە نی یە ماوەی چەند مانگێكە نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە هێزی عێراقی لە خاڵە سنووریەكانی هەرێم هەیە دەزانن داهاتی ناوخۆ چەندە ئەی بۆچی سەرەتاییترین مافی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان نادات كە پێدانی موچەی فەرەمانبەرانە.