ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق:لەڕووی دەستوورییەوە عێراق ناتوانێت ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بدات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ھەموو شێوەیەک دژی ھەوڵی چەند پەرلەمانتارێک دەوەستێتەوە کە دەیانەوێت حکوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ڕاستەوخۆ دابەش بکات. ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، دەڵێن: ئەو پڕۆژەی ھەندێک فراکسیۆنی کوردستانی لەگەڵ ھەندێک کەس و فراکسیۆنی دیکە پێشکەشیان کردووە مەترسیدارە و ڕێگری لێ دەکەین. چونکە ئەوە جێبەجێ کردنی ئەجێندای دەرەکییە. ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: بەپێی دەستوور، حکوومەتی عێراق ناتوانێت ڕاستەوخۆ مووچە، یان ھەر خەرجییەکی دیکە بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکات. دەبێت ھەموو مامەڵەیەکی نێوان ھەرێم و بەغدا لە ڕێگەی دامودەزگا فەرمییەکانی ھەردوولاوە بێت.

ھەرچەندە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستە حکوومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا ھاتووە، جێبەجێ کردووە، پشکی ھەرێمی کوردستانی ڕەوانە نەکردووە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوا دەکات لە بەرانبەر پابەندییەکانی ھەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەکاتە بڕی شازدە ترلیۆن و چوار سەد و نەوەد و ھەشت ملیار دینار، کە مانگانە بەگوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و سێ سەد و حەوتا و پێنج ملیار دینار.
یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ لە حەفتا و ھەشت ماددە پێکھاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە سەد و نەوەد و ھەشت ترلیۆن و نۆ سەد و دە ملیار و سێ سەد و چل و سێ ملیۆن و پێنج سەد و نەوەد ھەزار دینار بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٣ خەمڵێندراوە، کە داھاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە سەد و سی و چوار ترلیۆن و پێنج سەد و پەنجا و دوو ملیار و نۆ سەد و نۆزدە ملیۆن و شەست و سێ ھەزار دینار دانراوە، کە شەست و چوار ترلیۆن و سێ سەد و پەنجا و حەوت ملیار و چوار سەد و بیست و چوار ملیۆن و پێنج سەد و بیست و حەوت ھەزار دینار کورتھێنان لە بودجەدا ھەیە.
ئەوەی تایبەتیش بێت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، بە ڕێژەی ١٢.٦٧ جێگیرکراوە و لە ماددەکانی ١١، ١٢ و ١٣ جەخت لەسەر ھەناردەکردنی چوار سەد ھەزار بەرمیل لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا کراوەتەوە، ئەگەر ھەناردەش نەکرا بە ھەر ھۆکارێک، ئەوا لە ناوخۆ ئەو بڕە نەوتە بەکاردەھێندرێت.
دواجار ڕۆژی یەک شەممە ١٧ی مانگی ٩ لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردرا بە ھەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و ڕەزامەندیدان لەسەر ناردنی حەوت سەد ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمـی ئەمساڵ.
دوای ئەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکێتی بە پاڵپشتی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاری عەرەب ئیمزایان کۆکردووەتەوە کە مووچە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بنێردرێت و ئەو پەرلەمانتارە عەرەبانەشی پشتگیری ئەم پڕۆژەی یەکێتی دەکەن بە دژە کورد و کیانی سیاسیی ھەرێم ناسراون، ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی ھەڵوێستیان نواند و دەڵێن، دژی ئەم پڕۆژەیە دەوەستین لەبەر ئەوەی مەترسییە بۆ سەر کیانی ھەرێمی کوردستان و مووچەخۆران.
شوان محەممەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەم پڕۆژەی ھەندێک فراکسیۆن و کەس و لایەن زۆر مەترسیدارە و وەکو فراکسیۆنی پارتی بەھیچ شێوەیەک لەگەڵی نین و ڕێگری لێ دەکەین، لەبەر ئەوەی بە پێدانی ڕاستەوخۆی مووچە لەلایەن بەغداوە بە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، مەترسی دەکەوێتە سەر مووچەی فەرمانبەران، بەمەش ھەر مووچەخۆرێک دوای ساڵی ٢٠٠٧ دامەزرابێت، مووچەکەی دەبڕدرێت.
دەشڵێ: ئەوە پیلانی ھەندێک لایەنە و پێویستە فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئاگاداری مەترسییەکانی پشت ئەم بابەتە بن، چونکە ئەم کارە بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە.
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: دەبێت لە ٧ـی مانگ تا ١٣ـی ئەم مانگە، حکوومەتی فیدراڵی مووچەی مانگی ١٠ بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، لە ھەمانکاتیشدا لە مانگی ١١ ھەمان سیناریۆ جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بە تەواوی بۆ ھەرێمی کوردستان بنێردرێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: حکوومەتی فیدراڵی پارەی دوو مانگ قەرزدارە جگە لەو سێ قەرزەی کە دەنێرێت، ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەر دوو حکوومەت بەو شێوەیە بەردەوام بێ قەرزێکی دیکە پەسەند دەکرێت کە دوو ترلیۆن و سەد ملیار دینارە بۆ سێ مانگی داھاتوو بۆ ئەوەی پێدانی مووچە لەمساڵ تەواو بێت، بە دڵنیاییەوە ئەم ڕێکەوتنە بۆ ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت.
لەبارەی ھەوڵی ڕاستەوخۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە ڕێگەی حکوومەتی فیدراڵییەوە، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گوتی: حکوومەتی عێراق ناتوانێت لە ڕووی دەستوورییەوە ئەم کارە بکات، چونکە ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی فیدراڵی و دەستوورییە، بۆیە ناکرێت مووچەکانیان ڕاستەوخۆ بە مووچەی فیدراڵی ببەسترێتەوە، ئەو کەسانەشی کە ئیمزایان کردبوو لەسەر ھەوڵی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە ھەر ئەو پەرلەمانتارانە بوون کە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دژی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بوون لە بودجەدا، ئەوانە ئەو کەسانەن کە ئاستەنگیان لەبەرامبەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە دروستکردووە، بۆیە ھەر پڕۆژە یاسایەک لە دژی ھەرێمی کوردستان بێت، دژی دەوەستینەوە و ڕێ پێ نادەین، چونکە ئەوەی ھەندێک فراکسیۆن دەیکەن جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکییە.
مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، ڕایگەیاند: بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، دەبێت حکوومەتی فیدراڵی مانگانە حەوت سەد و حەوتاو پێنج ملیار دینار مووچە بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکات لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەر بابەتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، یاریکردنە بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق ناتوانێت جێبەجێ بکات، چونکە پێچەوانەی ماددەکانی ١١٧ و ١٢١ـی دەستووری عێراقە.