کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی: پارتی لەگەڵ یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەرۆک بارزانی و پارتی، ھەمیشە جەخت لە تەبایی، یەکڕیزیی و ھاوکاریی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەنەوە بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.

شرۆڤەکارانی سیاسی، پێیانوایە تاکە ڕێگە لە بەردەم لایەنە کوردستانییەکان بۆ دەستخستنی مافەکانی گەلی کوردستان یەکڕیزیی لایەنەکانە. کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، ڕایگەیاند: پارتی لەگەڵ یەکڕیزییە. ھێزی کورد لە یەکڕیزیدایە پێویستە لە ھەرێمی کوردستان و لە بەغداش پارێزگاری لێ بکرێت، ئەگەر بۆچوونی جیاوازیش ھەبێت پێویستە لە پرسە نیشتمانییەکاندا ھەموومان یەکڕیز و یەکگرتووبین.
ھاووڵاتییان لە ھەرێمی کوردستان دڵخۆشن بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان و پێیان وایە، ھەر کاتێک نێو ماڵی کورد یەک نەبێت، دوژمنانی کورد بە ئاسانی توانیویانە درز بخەنە نێو ڕیزەکانی کورد، بەڵام ھەر کاتێک کورد یەک بێت ھەنگاوی گەورەی ناوە و کوردستان سەقامگیر بووە.
د. سیھاد موسا، شرۆڤەکاری سیاسی، دەڵێت: سەرۆک بارزانی و پارتی لەگەڵ یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکانن؛ بۆ ئەو مەبەستە پارتی قوربانی زۆری داوە، چونکە دەزانێت ئەگەر یەکڕیز بن، ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت بەرامبەر بە کوردستان بوەستێتەوە. دەتوانن دەستکەوتەکان بپارێزن و دەستکەوتی زیاتریش بە دەست بھێنن.
دەشڵێ: کردەوەکانی بەغدا دیارە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ گەلی کوردستان دەکات، وەکو ھاوبەش مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە نەکردووە، بۆیە تاکە ڕێگە لە بەردەم لایەنەکان بۆ بەدەستخستنی مافەکان لە بەغدا ئەوەیە یەکڕیز بن. نابێت ھەر کەسە و بۆخۆی بچێتە بەغدا و دانوستاندن بکات، چونکە ئەوەی ھەمانە ئەویش لە دەست دەدەین. بۆیە ھیچ ڕێگەیەکمان لە بەردەمدا نییە، جگە لە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی، ئەو یەکڕیزییەش بەوە دروست دەبێت، کە نێو ماڵی خۆمان ڕێکبخەین و ناکۆکییەکان نەھێڵین.
ئازاد حوسێن، چاودێری سیاسی، ئاشکرای کرد: یەکڕیزیی لایەنەکان، مەرجی سەرکەوتنی گەلی کوردستانە بەسەر کۆسپ و تەگەرەکاندا و گەیشتنی گەلی کوردە بە مافە ڕەواکانی خۆی، چونکە باشترین چارە ڕێکخستنەوە و یەکڕیزی نێو ماڵی کوردە، دەبێت لایەنە سیاسییەکان گوێ بۆ یەکدی بگرن و سازش لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن بۆ گەیشتن بە سەرکەوتنی یەکجارەکی.
حوسێن، زیاتر دەڵێ: سەرۆکی ھەرێم ھەمیشە دەستپێشخەری دەکات بۆ چارەکردنی دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، ئێستە زۆر گرنگە لایەنە سیاسییەکان بیر لە کێشەکان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان نەکەنەوە، چونکە لەو گۆڕانانەی دەکرێن، کوردستان پشکی شێری بەر دەکەوێت.
د. شاھین عەلی، چالاکوانی سیاسی، ڕایگەیاند: دەبێت کورد یەکگرتوو بێت، وتارێکی یەکگرتووی ھەبێت، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت لایەنەکان بۆ یەکڕیزی و گوتارێکی یەکگرتوو دەستبەرداری بەشێک لە داخوازییەکانی خۆیان بن. نابێت کورد لە بەغدا پەرتەوازە بێت، ئەگەر پەرتەوازە بێت، ئەوەی بە دەستی ھێناوە ئەویش لەدەست دەدات، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو بێت، دەتوانێت دەستکەوتەکان بپارێزێت و دەستکەوتی زیاتریش بە دەستبھێنێت. داوا لە ھەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم، بە دەنگ بانگەوازییەکانی سەرۆک بارزانی بێن و بیر لە دەنگی خەڵک بکەنەوە و ناڕەزاییەکان وەلاوە بنێن و نێو ماڵی خۆیان یەک بخەن، نابێت ھەر لایەنێک بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی بکەوێت و پشت لە خەڵکی کوردستان بکات.
ئەو چالاکوانە، ئاشکراشی کرد: زیاتر لە پەنجا و پێنج ماددەی دەستووری لەلایەن بەغداوە بەرانبەر ھەرێمی کوردستان پێشێل کراون، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەندامانی کورد دەبێت کارکردن بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستووریانە و دابینکردنی بەشە بودجەی خەڵک و ھێزی پێشمەرگە، چونکە ئەمانە مافی خەڵکی کوردستانن، پێویستە کاری بۆ بکەن لە بەغدا، نەک دژی یەکدی بوەستنەوە و کێشە ناوخۆییەکان بۆ بەغدا بگوازنەوە.
ھۆزان خۆرشید، چالاکوانی سیاسی، ڕوونیکردەوە: عێراق لەسەر بنەمای تەوافق، تەوازن و شەراکەت دامەزراوە، بەڵام بەداخەوە ئێستە ئەو ھەر سێ بنەمایە لە عێراق نەماون، لایەنە عێراقییەکان پێگری بەو بنەمایانە ناکەن، ھەر ئەوەش بوو وای کرد کە کورد ڕیفراندۆم بکات، ئەگەر حکوومەتی عێراق ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لەبەرچاو نەگرێت و کورد لە حوکمڕانی شەریکی ڕاستەقینە نەبێت، پێویستە کار بە ئەنجامی ڕیفراندۆم بکرێت.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، دەڵێت: پارتی بەردەوام پەیوەندیی لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ھەیە، ئەگەر نێوان لایەنەکان باشبێت و بەھێزبێت کاریگەری لەسەر ڕەوشی ھەرێمی کوردستان دەبێت، دەستکەوتەکانیشمان زیاتر پارێزراو دەبن.
بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، دەشڵێ: ھێزی کورد لە یەکڕیزیدایە، ئەو یەکڕیزییە پێویستە لە ھەرێمی کوردستان و لە بەغداش پارێزگاری لێ بکرێت بەرامبەر بە وڵاتان و حکوومەتی فیدراڵی. یەک لە کارە بەھێزەکانی کورد یەکڕیزییە، بە پێچەوانەوە یەکێک لە کارە ھەرە لاوازەکانمان پەرتەوازەیی کوردە، چونکە یەکێک لەو ھۆکارانەی دەبێتە ئازاردانی گەلی کوردستان ناتەبایی ئێمەیە. جگە لەوەی لە سەردانەکەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر سەرکەوتووبوون، ئەوەی دڵی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانی زیاتر خۆشکرد ئەو یەکڕیزییەی کوردبوو لە بەغدا. ھیچ کەسێک ناتوانێت ڕێز لەو ھەنگاوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم نەگرێت کە ھەموو لایەکی دڵخۆش کرد بەو ھەنگاوە مەزنە، ھیوادارین ئەمە دەستپێک بێت بۆ یەکڕیزی و پێکەوەکارکردنی لایەنەکان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.
کرمانج عەبدوڵڵا، زیاتر دەڵێ: وەکو پارتی ھەمیشە لەگەڵ یەکڕیزییداین، بەڵام ھەندێک جار کێشە دروست بووە بەشێک لە کێشەکان دەرەکی بوونە و بەشێکی دیکەی لاملیی ھەندێ لایەنی کوردی بووە بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە، ھەر بۆچوونێکی جیاوازمان ھەبێت ئاساییە، بەڵام نابێت کەسمان لەگەڵ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی میللەتەکەمان نەبین. ئەرکی ھەموومانە کەمتەرخەمی نەنوێنین، ئێمە پارت و ڕێکخراوی سیاسین ھەریەکە و دیدگای خۆمان ھەیە بۆ پرسەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی ھەموو لایەنەکانە لە پرسە نیشتمانییەکان یەکگرتووبن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان.