لە دهۆک ئامادەکردنی خواردن لە پرسەدا قەدەغە دەکرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023، لقی دهۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڕیاری “نەهێشتنی دیاردەی ئامادەکردنی خواردن لە مەراسیمی پرسەدا” راگەیاند.

لە راگەیەندراوەکەدا کە واژووی جیهاد دۆسکی، سەرۆکی یەکێتییەکەی لەسەرە، ئاماژە بەوەشدراوە، “ئامانج لەم بڕیارە کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی کەسوکار و خاوەن پرسەکانە کە لەو مەراسیمەدا زۆرجار ناچار دەبن، خواردن بۆ ئامادەبووانی پرسەکە ئامادە بکەن”.

لقی دهۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان باسی لەوەشکردووە، لە دەرکردنی ئەم بڕیارەدا راوێژ بە لایەنە ئیداری و پەیوەندیدار کراوە.

 ئامادەکردنی خواردن لەکاتی پرسەدا وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، “لە لایەنی ئابووریەوە دەبێتە هۆی زیادەڕۆیی و لەلایەنی تەندروستییەوە، دەبێتە هۆکارێک بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی”.

لقی دهۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داواش لە هاووڵاتیان دەکات، کاتێک دەچنە پرسەی کەسێک، بۆ نانخواردن نەمێننەوە.

هەروەها داواش لە مامۆستایانی ئایینی دەکات لە گوتاری رۆژی هەینی داهاتوودا، بەمەبەستی نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، باسی ئەم بڕیارە بکەن و هاووڵاتییانی لێ ئاگادار بکەنەوە.