چاوەڕوان دەکرێت مانگی داھاتوو ھەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چاوەڕوان دەکرێت مانگی داھاتوو ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، بە بڕوای شارەزایانی بواری وزە، ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان تەنیا لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو عێراقیش لێی سوودمەند دەبێت.

لە ماوەی ڕابردوودا بەھۆی ڕاگرتنی نەوتەکەیەوە، ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا تووشی دانووستانێکی سەخت و دژوار بوو، ئەمە وایکرد ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ئاستەنگی بۆ دروست بێت.
ڕۆژی سێشەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ھاوبەش ئیمزا. ئەو کات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر ئەو ڕێککەوتنەدا تێدەپەڕێت و تا ئێستە حکوومەتی عێراق جێبەجێی نەکردووە.
دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستانیان بڕی، ھەرێمی کوردستان ناچاربوو نەوت ھەناردە بکات و ڕێکارەکانی ھەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕییە نەوتییەکان بەرەو تورکیا دووپاتدەکاتەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ١٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی خولی ٧٨ـی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بلینکن داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بەردەوام بێت لە ھەماھەنگییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری و خۆڕاگری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، بلینکن پشتیوانیی ئەمەریکای بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕییە نەوتییەکان بەرەو تورکیا دووپاتکردووەتەوە.
ھەموو وڵاتان حەز دەکەن ھەرێمی کوردستان بە سەقامگیری بمێنێتەوە، ھەر ئەوەش وای کردووە بەردەوام پشتگیریی ھەرێمی کوردستان بکەن و کۆمپانیاکان بەردەوام بن لە کارکردن، چونکە ئەگەر بکشێنەوە داھاتی نەوت بۆ ڕکابەرەکانیان دەچێت، بۆیە ئەمریکا پێیخۆشە کێشەکان ھەرچی زووە چارە بکرێن.
ئەم داوای ئەمریکا لەگەڵ خواستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەک دەگرێتەوە، چونکە ھەولێر ھەمان داواکاری لە بەغدا ھەیە، ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت، لەسەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق.
وەعدی مزووری، چاودێری سیاسی، دەڵێت: ھەناردەکردنەوەی نەوت دەبێتە کارتێکی بەھێز بۆ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئەوکات دەتوانێت لەکاتی دانوستانەکان بەشێوەیەکی باشتر گفتوگۆ بکەن، چونکە بەرپرسانی عێراق دەڵێن، ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەڵام تائێستە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق دابین نەکراوە.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ھەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و ھەولێر لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز، کاریگەری ئەرێنی بەسەر ھەرێمی کوردستان و تەنانەت بەسەر عێراقیش دەبێت و خزمەت بە ھەردوولا دەکات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان ھەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیمزا کرا، ئەگەر وەکو خۆی جێبەجێ کرابایە لە بەرژەوەندی ھەر دوولا دەبوو، بەڵام بەداخەوە عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکان نییە،