پڕۆفیسۆر د. چەتۆ حەمەدەمین:كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە خزمەتی ئەو دەڤەرە دەكات

دیمانە: هێمن خەلیل – هه‌ولێر

كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە لە شەش بەشی بەیانیانەی زانستی و دوو بەشی ئێوارانەی زانستی پێک هاتووە، كۆلێژەكە دەكەوێتە سەنتەری قەزای شەقڵاوە، بۆ لەنزیكەوەئاگاداربوون لێی دیدارێكمان لەگەڵ (پڕۆفیسۆر د. چەتۆ حەمەدەمین ڕاگری كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە)دا كرد.

سەرەتا پڕۆفیسۆر د. چەتۆ حەمەدەمین باسی لە مێژووی دامەزراندنی كۆلێژەكە و بەشەكان كرد و گوتی: “مێژووی دامەزراندنی ئەم كۆلێژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013-2014، بەیانیان لە شەش بەشی زانستی پێک هاتووە كە بەشەكانی: زمانی كوردی، زمانی عەرەبی، زمانی ئینگلیزی، فیزیك، بایلۆجی، پەروەردەی وەرزشی، هەروەها ئێواران لە دوو بەشی زانستی پێک هاتوو كەبەشەكانی زمانی كوردی، زمانی عەرەبییە.”
لەبارەی بەرزترین بەشی كۆنمرەی وەرگرتنی قوتابیان ڕاگری كۆلێژ دەڵێ: “كۆنمرە بەپێی ساڵ گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەڵام بەرزترین كۆنمرە لە كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە بەشی زمانی ئینگلیزییە، كە خواست بۆ ئەم بەشە زۆرە لەلایەن دەرچووانی پۆلی دوازدەوە، ساڵی ڕابردوو بەشی زمانی ئینگلیزی 79 بووە، بەشەكانی تریش كۆنمرەی كەمتری وەرگرتووە.”
تایبەت بەوەی ئەم كۆلێژە تاچەند خزمەتی بەو دەڤەرە كردووە، دکتۆر چەتۆ ئاماژەی دا: “بەو پێیەی كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە لە قەزای شەقڵاوەدایە، خزمەتی زۆری ئەو دەڤەری كردووە؛ هەروەها دەرچووانی پۆلی دوازدە خواستێكی زۆریان لەسەر بەشەكانی ئەم كۆلێژە هەیە، بەشێكی زۆر لە قوتابیانی پیرمام و شەقڵاوە و هەریر و خەلیفان تا سنووری كۆیە و ناحیە و گوندەكان دەخوێنن لەم كۆلێژە، واتە خزمەتی زۆربەی شار و شارۆچكەكان دەكات و نزیكەی 350 قوتابی لە بەشی ناوخۆییدا نیشتەجێن.”
بەو پێیەی ماوەی چوار مانگە دکتۆر چەتۆ دەست بەكار بووە، بۆیە باسی پلانی ساڵانی داهاتوو دەكات و دەڵێ: “نزیكە چوار مانگە دەست بەكار بوومە، پلانمان ئەوەیە ئەو كۆلێژە بەرەوپێشەوەتر ببەین لەڕووی زانستیەوە؛ بەشەكان بەپێی خواستی بازاڕ زیاد دەكەین، كار لەسەر ئەوە دەكەین كە پارچە زەویەک لە شەقڵاوە دەستنیشان بكرێ تا كۆلێژەكەی لەسەر دروست بكرێت؛ هەنگاوی باشمان ناوە لەم ڕووەوە كە شایستە بێت بە قوتابیە خۆشەویستەكان، ئەوە پلانی سەرەكیمانە، پلانی لاوەكی زیاتر بەشەكان بەرەوپێشەوە ببەین، بەتایبەتی بەشی پەروەردەی وەرزشی، كاری زۆری بۆ دەكەین تا لە ئایندەیەكی نزیك ئەو بەشە ببێت بە كۆلێژێكی سەربەخۆ.”
سەبارەت بە بەشەكان و بازاڕی كار تا چەند دەرچووان هەلی كاریان دەست دەكەوێت، لەم بارەوە ڕاگر گوتی: “بەشەكانی كۆلێژ ئەو بەشانەن كە پێداویستی ناوچەكە پڕ دەكەنەوە لە كەمی ژمارەی مامۆستا لە قوتابخانەكان، جا قوتابخانەی حكومی بێت یان ناحكومی، چەند ساڵێكە دەرچووانی بەشەكانی ئەم كۆلێژە توانیویانە میلاكی كەمی ژمارەی مامۆستایان پڕ بكەنەوە؛ قوتابخانەكانی ئەو دەڤەرە پێویستی زۆریان بە مامۆستای زمانی ئینگلیزی و بایلۆجی و فیزیا و بابەتەكانی تر هەیە، بۆیە دەرچووانی ئەو بەشانە دەتوانن ببنە مامۆستا لەو قوتابخانانەی كە پێویستیان پێیانە.”
تایبەت بە بەشە ناوخۆییەكان پڕۆفیسۆر دکتۆر چەتۆ ئاماژەی دا: “بەخۆشحاڵیەوە سەرۆكایەتیی زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر لەژێر فەرمانی بەڕێز سەرۆكی زانكۆ لێژنەكان هاتن حەوت باڵەخانەیان وەكو بەشی ناوخۆیی بەكرێ گرت كە مەرجەكانی پاكوخاوێنییان تێدایە، هەروەها گەرمكەرەوە و ساردكەرەوەیان هەیە و، پێداویستیەكانی قوتابیانی تێدا دابین كردووە، قوتابیان بێ كێشەوگرفت لەم بەشە ناوخۆییانە دەخوێنن.”
سەبارەت بە ژمارەی هۆڵەكان و تاقیگەكان دكتۆر چەتۆ دەڵێ: “هۆڵەكانی كۆلێژ 19 هۆڵمان هەیە سێ تاقیگەمان لە بەشی فیزیا و سێ تاقیگەمان لە بەشی بایلۆجی هەیە، دوو تاقیگەی كۆمپیوتەرمان هەیە، هەموو تاقیگەكان كاری خۆیان دەكەن و بەردەوام لە نوێبوونەوە (ئەپدەیت)دان، ئێمە هەوڵمان داوە پێداویستی زیاتر بۆ كۆلێژەكەمان دابین بكەین، ئامێری داتاشۆ لە هەموو هۆڵەكان هەیە، لەهەوڵداین ساڵی ئایندە سمارتبۆرد بۆ هۆڵەكان دابین بكەین، هیچ جۆرە گرفتێكمان نییە، زانكۆی سەلاحەدین ـ هەولێر پاڵپشتی زۆرمان دەكات، پلانی نۆژەنكردنەوەمان هەیە، بەڕێز سەرۆكی زانكۆ پاڵپشتی زۆرمان دەكات بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەچوونی كۆلێژەكەمان، بە سپاسەوە ئێمەش لەگەڵ مامۆستایان و ستافی كۆلێژ خزمەتی قوتابیانی خۆشەویست دەكەین.”