بۆ جاری سێیەم پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید دواخست

وا بڕیار بوو، دوێنی پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ پارێزگابوونی هەڵەبجە بخاتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام جارێکی دیکە ئەو بڕگەی دواخست و فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش ئەمە بە پیلانگێڕی دەزانن و باس لەوە دەکەن نییەتێک هەیە بۆ ڕێگریی لەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بە پاریزگابوونی هەڵەبجە بدات.

هەر دوێنێش، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، بەناوی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە، لەوبارەیەوە ئەوە خرایە ڕوو کە ئێمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراقمان کردووە و پێمان گوتوون پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە پاڵ هیچ قەزا و ناحییەکی دیکە، بە تایبەت ئەو قەزایانەی داوایانکردووە ببن بە پارێزگا، کاتێک ڕێکارەکانی ئیداری و یاساییان تەواو بوو ئێمە ئامادەین دەنگیان بۆ بدەین.
سەرۆکی فراسکیۆنی یەکێتی، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەدا، بەناوی سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکانەوە لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو بیانووەی ئەمڕۆ و ڕۆژانی ڕابردوو لەسەر بەپاریزگابوونی هەڵەبجە گرتییان، کارێکی چاوەڕواننەکراو بوو، هاوکات داوامانکرد بچووکترین قەرەبووی هەڵەبجە بکرێتەوە ئەویش بەپارێزگا بوونیەتی، بەهۆی ئەوەی کیمیاباران کرا و خەڵکێکی زۆری لێ شەهید کرا.
گوتیشی؛ نەدەبوو لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق ئەو دانیشتنەیان دواخستبا، دەبوو ئەوەیان لەبەرچاو بووایە کە خەڵکی هەڵەبجە بوونە قوربانی لەپێناو ئازادی عێراق، هەروەها بچووکترین ماف بە هەڵەبجەی بدەین ئەوەیش بەپارێزگا بوونییەتی.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دواخستنی دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ داواکاری ژمارەیەک پەرلەمەنتاری شیعە دەگەڕێتەوە و لەوبارەیەوە ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە؛ بەشێک لە پێکهاتەی شیعە نەهاتنە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، بەشێک کە هاتنە ژوورەوە داوایان کرد دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ ئەمڕۆ دوابخرێت، ئەمڕۆش هەر کۆبوونەوەیان نەکرد، لەناو سوننەکان بە ژمارە یەک محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان لەو بابەتە بەرپرسیارە، چونکە خۆی نە پێنجشەممەی ڕابردوو نە دوێنێش هاتە کۆبوونەوەی پەرلەمان، ئەمڕۆش کۆبوونەوەی بۆ ئەو بابەتە ڕێک نەخستووە، ئێمە ڕێزمان لە داواکەی ئەوان کرد کە گوتیان ڕۆژێک دوای بخەن، بەڵام ئێستا هیچ خشتە و بەرنامەیەک بۆ کۆبوونەوە نییە، بڕیاربوو کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانیش بکرێت لەوەشیان بێدەنگن.