نایف سەیدۆ:گرووپە چەکدارە نایاساییەکان دەیانەوێت بارودۆخی شنگال هەروا بە خراپی بمێنێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، لە دیمانەیەکدا بۆ ھەولێر دەڵێت: حکوومەتی عێراق ڕێگرە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و دەیەوێت دۆخی شارەکە ھەروا بە خراپی بمێنێتەوە، تەنانەت ھیچ ھاوکارییەکی خوێندنی کوردی لە شارەکە ناکات. دەشڵێ: بە دەیان گرووپی چەکدار لە شنگال ھەن، کە کەس نازانێت کێ لەو شارە باڵا دەستە، ھەر یەکەو ناوچەیەکی بە دەستەوەیە و شارەکەیان بە سەربازگە کردووە. دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، شنگال کەوتە ژێر کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی و چەکدارانی پەکەکە، ڕۆژانە خەڵک لەو شارە ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە و شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێز و لایەنەکاندا ڕوو دەدات و لە ترسی زۆریی ھێزەکان خەڵکی شارەکە وەکو پێویست ناگەڕێنەوە. حکوومەتی عێراق ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال جێبەجێ نەکردووە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە. چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێڕشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە کۆمەڵکوژیی دانیشوانی شارۆچکەکە، نزیکەی شەش ھەزار ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکران، شنگالی لە داعش ڕزگار کرد، دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر چەند ھێزێکی دەرەکی و حەشدی شەعبی ناوچەکەیان داگیر کرد، نەبوونی سەقامگیری و ئاوەدانی لە شارەکە ھۆکارە بۆ نەگەڕانەوەی خەڵکی ئەو شارە. خەڵکی شنگال، داوا دەکەن ناوچەکەیان ئاوەدان بکرێتەوە و ھەموو ئەو ھێزانەی لە شنگالن نەمێنن، تەنیا ھێزێک بمێنێتەوە بۆ پاراستنی ئەوان، ئەو ھێزەش سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت، ئاوارەکانیش گلەیی لە حکوومەتی عێراق دەکەن و دەڵێن: بەغدا لە بەرامبەر ئێمە و ئەو کارەساتەی بەسەر شنگالدا ھاتووە کەمتەرخەم بووە. نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، ڕایگەیاند: چەکدارانی پەکەکە و لقەکانی سەر بەو ڕێکخراوە میلیشیاکان ھۆی سەرەکی تێکچوونی دۆخی ئەمنی سنوورەکەن، ئەمڕۆ بە دەیان گروپی چەکدار لە شنگال ھەن، کە کەس نازانێت کێ لەو شارە باڵا دەستە، ھەر یەکەو ناوچەیەکی بە دەستەوەیە و شارەکەیان بە سەربازگە کردووە. قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، دەشڵێ: چەندین جار داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە ڕێگە نەدات بە بوونی گرووپی چەکداری نادەستووری و ناشەرعی، کەچی حکوومەتی عێراق جگە لە بەڵێن، ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی لەم بوارە نەناوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھاوکار نییە بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو شارە. نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، ئاشکراشی کرد: حکوومەتی ھەرێم بەردەوام ھاوکاری خەڵکی شنگالی کردووە، ئەوەی پێویست بووە کردووە، خەڵکی شارەکەی لە باوەش گرتووە، ھێزی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی شارەکەیان لە داعش پاک کردەوە. قایمقامی شنگال بە وەکالەت، گوتیشی: داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەگەر دەیانەوێت بارودۆخی شارەکە ئاسایی ببێتەوە و خەڵک بگەڕێتەوە، ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھەیە جێبەجێ بکەن، ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە، بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئەمنیەتی ئەو شارە بپارێزن، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە لەژیانی ژێر خێمەکان ڕزگار بێت و دووبارە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەنەوە. لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ئێمە لەڕووی ماددی و مەعنەوەی ھاوکاری بکرێن، چونکە تا ئێستە یەک کەس لەو شارە قەرەبوو نەکراوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ھەندێک خەڵکی دیکە لە دەوروبەری شارەکە کە دەستیان لەگەڵ داعش ھەبوو، گەڕاونەتەوە و قەرەبوو کراونەتەوە. زیاتر دەڵێ: ھەرێمی کوردستان بەردەوام داوای جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکات، بەڵام حکوومەتی عێراق نایەوێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت و دەیەوێت ڕەوشی شنگال ھەروا بە خراپی بمێنێتەوە چارەنووسی شارەکە بە نادیاری بمێنێتەوە. سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەکان لە کەمپەکان، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، ڕایگەیاند: ڕەوشی ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکان وەکو پێویست نییە، ئەوەی ھاوکاری ئاوارەکان دەکات تەنیا حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، ئەگەرنا حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوەکان پشتییان لە ئاوارەکان کردووە و ھاوکاری ناکەن. قایمقامی شنگال بەوەکالەت، ڕوونیشیکردەوە: ئەمساڵ لەگەڵ دەستپێکردنی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان، خوێندنی کوردی لە شنگال دەستی پێکرد، زیاتر لە بیست و نۆ ھەزار قوتابی و زیاتر لە سێ ھەزار مامۆستامان ھەیە و مووچە و شایستەکانیان ھەرێمی کوردستان دابین دەکات و ھەر شتێک بۆ قوتابخانەکانی خۆی بکات، بۆ قوتابخانەکانی شنگال دەکات، پێداویستییەکانی قوتابخانە وەکو پەرتووکی قوتابییان و پێداویستییەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستانەوە دەنێردرێن و لەوەش حکوومەتی عێراق ھاوکاری ئێمە ناکات.