سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

فوئاد حوسێن دوایین زانیارییه‌كان له‌باره‌ی پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ڕوو

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق كه‌ به‌ سه‌ردانێك له‌ نیویۆركه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌ ئارامییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی سه‌ردانی سه‌رۆكی توركیان بۆ به‌غدا و عێراق به‌گشتی، ده‌شڵێت، بژارده‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان و دۆسیه‌ی بڕیاری دادگای پاریس له‌ هه‌مان باره‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 18ـی ئه‌یلوولی 2023) فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ كاره‌كانی خولی 78ـمینی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ شاری نیویۆركی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، به‌ ئارامییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی سه‌ردانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا ده‌كه‌ن بۆ به‌غدا و عێراق به‌گشتی. ده‌شڵێت، سه‌ردانی ئه‌ردۆغان بۆ عێراق په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌هێزتر ده‌كات.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، له‌ ئێستادا كێشه‌یه‌ك له‌نێوان هه‌ردوو وڵات هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ردوولا پێداگرن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی و ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی نێوانیان.

فوئاد حوسێن باسی له‌وه‌ كردووه‌، دوو خاڵی سه‌ره‌كی هه‌یه‌، یه‌كه‌میان عێراق له‌ ئێستادا ناتوانێت له‌ رێگه‌ی بۆرییه‌كانییه‌وه‌ كه‌ به‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی تێپه‌ڕ ده‌بن، به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌نارده‌ بكات. خاڵی دووه‌میش په‌یوه‌سته‌ به‌ بڕیاری دادگای پاریس، كه‌ توركیا بڕیار و پرۆسه‌كه‌ی به‌ دڵ نییه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشا، یه‌كێك له‌ بژارده‌كانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ی له‌نێوان توركیا و عێراقدا هه‌یه‌، بریتییه‌ له‌ جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو دۆسیه‌كه‌، به‌شێوه‌یه‌ك دۆسیه‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگای پاریس له‌ هێڵی بۆری به‌نده‌ری جه‌یهان جیابكرێته‌وه‌. هاوكات به‌ پێویستی زانی بۆ به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی نێوان كردنه‌وه‌ی هێڵی بۆری جه‌یهان و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌ و بڕیاری دادگای پاریس گفتوگۆكانی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌رده‌وامیان پێ بدرێت.

فوئاد حوسێن جه‌ختیشیكرده‌وه‌، داخستنی هێڵی بۆری به‌نده‌ری جه‌یهان، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ عێراق دروست كردووه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت رۆژانه‌ بڕی 400 هه‌زار به‌رمیل بۆ ده‌ره‌وه‌ هه‌نارده‌ بكات، كه‌ ئه‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره‌ی دارایی به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ ئێستادا نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023) فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و دوای کۆبوونەوەی نێوانیشیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان کرد.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە و هەردوولا هاوڕابوون لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و باسی لەوەشکرد، هەندێک جار کۆسپ بۆ پەیوەندییەکانیان دروست دەبێت بەڵام ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە بە گفتوگۆ کێشەکان و ئەو کۆسپانە چارەسەربکەن.

لەبارەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، فوئاد حوسێن رایگەیاند، کە پێشکەوتنی بەرچاو لە پەیوەندییە ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە، هەروەها 850 کۆمپانیای تورکی لە عێراقدا کاردەکەن کە زۆرینەیان لە بوارەکانی ئاوەدانکردەوە و وەبەرهێناندا کاردەکەن.

هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق روونیکردەوە، کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسیان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهان و گرێبەستەکان کردووه‌.