سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بچووکترین ماف بە هەڵەبجە بدرێت، ئەوەیە بکرێت بە پارێزگا، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، هیچ رێگرییەکی دەستووری و یاسایی نییە لەبەردەم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و تەنیا بە بیانووی سیاسی دەنگدانیان لەسەر ئەو پرسە دواخست.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بەناوی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی بەغدا، رایگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمان دەنگ بدرێت بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، بەڵام بەداخەوە کوتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی بەغدا بڕگەی دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیان دواخست.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، هەروەها راشیگەیاند، “ئێمە لە رۆژانی رابردوودا وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراقمان کردووە و پێمان گوتون پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە پاڵ هیچ قەزا و ناحییەکی دیکە، بە تایبەت ئەو قەزایانەی داوایانکردووە ببن بە پارێزگا، کاتێک رێکارەکانی ئیداری و یاساییان تەواو بوو ئێمە ئامادەین دەنگیان بۆ بدەین”.
هەرێم کەمال ئاغا، ئاشکراشیکرد، ئەو بیانووەی ئەمڕۆ و رۆژانی رابردوو لەسەر بەپاریزگابوونی هەڵەبجە گرتییان، کارێکی چاوەڕواننەکراو بوو، هاوکات داوامانکرد ئەوڕۆ بچووکترین قەرەبووی هەڵەبجە بکرێتەوە ئەویش بەپارێزگا بوونیەتی، بەهۆی ئەوەی کیمیابرانکرا و خەڵکێکی زۆری لێ شەهید کرا.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ رێگرییەکی دەستووری و یاسایی نییە ببنە بەربەست لەبەردەم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
هەرێم کەمال ئاغا، دەڵیت: نەدەبوو کوتلە سیاسییەکانی عێراق ئەو دانیشتنەیان دواخستبا، دەبوو ئەوەیان لەبەرچاو بوایە کە خەڵکی هەڵەبجە بوونە قوربانی لەپێناو ئازادی عێراقدا، هەروەها بچووکترین ماف بە هەڵەبجەی بدەین ئەوەیش بەپارێزگا بوونییەتی.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ئەگەر لە دەرفەتێکی دیکە رێگری بکرێت لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستی دیکەمان دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە (18ـی ئەیلوولی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی بۆ سبەی سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023 دواخست.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بڕیاری دواخستنی دەنگدانەکە لەسەر داوای ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعییەکان بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، (18ـی ئەیلوولی 2023)، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 14ـی ئەیلوولی 2023، لەگەڵ زۆرینەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان نزیکەی 100 پەرلەمانتارە، گفتوگۆیان کردووە و بەڵێنی ئەوەی پێداون بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بکەن و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدەن.
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، “پێموانییە هیچ لایەنێکی سیاسی بوێری ئەوەی هەبێت بڵێت، ئێمە لەگەڵ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نین. خۆمان پرسیارمان کرد، کێ لەگەڵ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نییە، با بە ئاشکرا بیڵێت؟ بەڵام هەموویان گوتیان، ئێمە ناتوانین وا بڵێین، هەڵەبجە بریندارە و شایەنی زیاترە. کە هاتە قۆناغی دەنگدان، پێموانییە هیچ لایەنێک دەنگ لە دژی هەڵەبجە بدات. هەر کاتێک دانیشتنەکە کرا، دڵنیام پڕۆژەیاساکە تێدەپەڕێت”.