بەگوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار بەردی بناغەی پڕۆژەی جووتسایدی سۆران دانرا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەگوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی جووتسایدی دێلزیان لە زانکۆی سۆران بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانرا. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: جێبەجێکردنی پڕۆژەی لەم شێوەیە دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ھاتوچۆ لە سەنتەری شاری سۆران.

بەئامادەبوونی ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرپرسانی دیکەی حکوومی و حزبی و پیاوماقولانی ناوچەکە بەردی پڕۆژەیەکی ستراتیجی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانرا.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتی: پڕۆژەکانمان بە پاڵپشتی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامیان دەبێت و بەمزوانەش بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیجی دادەنرێت، بە کردنەوەی ڕێگە سەرەکییەکان، ڕێڕەوی شار دەکەینەوە و ئاوەدانی زیاتر ڕوو لە دەڤەرەکەمان دەکات.
گوتیشی: ھەوڵدەدەین پێش ھاتنی وەرزی زستان زۆربەی ئەو پڕۆژانەی لەم ماوەیەدا دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە بەشێکی زۆریان تەواو بکرێن کە دەبنە ھۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ھاتووچۆ لە سەنتەری شاری سۆران.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشکراشی کرد: پڕۆژەی جووتسایدی سۆران بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار ئەنجام دەدرێت و وادەکات ماستەرپلانی سۆران بەشێوەیەکی باشتر جێبەجێ بکرێت، پڕۆژەکە لە لایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.