د. بەشیر حەداد:کێشەکانی ھەرێمی کوردستان بە یەکڕیزی چارە دەبن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی هەولێر، دەڵێت: سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا بەو ئاستە بەرزە، بەو یەکگرتووییە بە ھەوڵێکی زۆر باش و ڕاست دەزانم، بۆ چارەکردنی کێشەکان ئەمەش نیشانە و ئاماژەیە بۆ نیازپاکی ھەرێمی کوردستان لە چارەکردنی کێشەکان. ھەر کاتێک بەھێزەوە بچین، ھێزەکەش یەکگرتوو بێت دەتوانین دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان بەدەست بھێنین. دەشڵێ: پێویستە بەغدا سوود لەم سەردانەی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێم وەربگرێت، بۆ ئەوەی کێشەکان نەگەنە ئاستێک کە زیان بە ھەر دوولا بکەوێت، چونکە چەند زیان بە ھەرێمی کوردستان بکەوێت دوو ئەوەندە زیان بە عێراق دەکەوێت.

جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: وەکو بینیمان شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی یەکگرتوو واتە ھەموو پێکھاتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تێدا بەشدار بوون، سەردانی بەغدای کرد بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە چەندین مانگانە عێراق شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە ناکات و پێگر نابێت بە ڕێککەوتنەکان و یاسای بودجە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر چەندین جار شاندی حکوومەتی ھەرێم سەردانی بەغدای کردووە، بەڵام بەغدا نییەتی باش نەبووە، بۆیە سەردانی ئەو شاندە بەو ئاستە بەرزە، بەو یەکگرتووییە، بە ھەوڵێکی زۆر باش و ڕاست دەزانم بۆ چارەکردنی کێشەکان ئەمەش نیشانە و ئاماژەیە بۆ نیازپاکی ھەرێمی کوردستان لە چارەکردنی کێشەکان، بەشێوەیەکی یاسایی و ئاسایی.
د.بەشیر حەداد، دەشڵێ: پێویستە بەغدا سوود لەم سەردانەی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێم وەربگرێت، بۆ ئەوەی کێشەکان نەگەنە ئاستێک کە زیان بە ھەر دوولا بکەوێت، چونکە چەند زیان بە ھەرێمی کوردستان بکەوێت دوو ئەوەندە زیان بە عێراق دەکەوێت، لەبەر ئەوە پابەند بوون بە ڕێککەوتنە سیاسییەکان زەمانەتی ئەوە دەدات کە دۆخی سیاسیی عێراق بە سەقامگیری بمێنێتەوە و حکوومەتەی سوودانی بەردەوام بێت و وەکو حکوومەتەکانی پێش خۆی لێ نەیەت. بۆیە، ھیوادارم سەردانی شاندی باڵای حکوومەت ھەنگاوێک بێت بۆ چارەکردنی کێشەکان بە دوو ئاست، ئاستی کورت خایەن، ھەمیش ئاستی درێژ خایەن، ھەر وەکو سەرۆکی حکوومەت لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی پێدا کە دوو چارەیان خستۆتەڕوو، ئۆمێدەوارم خەڵکی ھەرێم ماف و شایستە داراییەکانی خۆیان وەربگرن و ببێتە ھۆکارێک کە لەمەودوا ھەرێم بەشێوەیەکی ئاسایی پشکی خۆی لە بودجەدا بۆ بێت.
د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ڕاستییەک ھەیە و ھەموومان درکمان پێکردووە ئەویش ئەوەیە ھەر کاتێک لایەنە کوردستانییەکان یەکڕیز و ھاوھەڵوێست بن دەستکەوتی زۆر بەدەستھاتووە، ھەر کاتێکیش لێکترازابن، زەرەر و زیانی زۆر گەورە بە ھەرێمی کوردستان کەوتووە؛ ئەوەی لە پێکھاتەی شاندەکە بینیمان، ھەمیش لەو پێشوازییەی کە لە بەغدا لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکان لێکرا، شتێکی زۆر دڵخۆشکەر بوو بۆ ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان، لەھەمانکاتدا بینیمان بەغدا چەند نەرمی نواند بەرامبەر بە شاندەکەی ھەرێمی کوردستان، ئەوەش ئاماژەیە ھەر کاتێک بەھێزەوە بچین، ھێزەکەش یەکگرتوو بێت دەتوانین دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان بەدەست بھێنین. ئومێدەوارم ئەوە ڕەنگبداتەوە بۆ کاری داھاتووشمان بەتایبەتی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان لە پێشە، لە کەرکووک و مووسڵ و ناوچە کوردستانییەکان ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانمان لە پێشە، بۆیە وا پێویست دەکات ئەو یەکگرتوویی و یەکھەڵوێستییە ڕەنگ بداتەوە لەسەر کاری داھاتوومان بۆ ئەوەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لەوە زیاتر بێ تاقەت نەبن.
جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: شتێکی نامۆ نییە کە عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبێت؛ بەدرێژایی مێژوو حکوومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق بەتایبەتی لە دوای ٢٠٠٣ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەر وا بووە، عەقلیەتی ئەوان قەبووڵی ئەوە ناکات نەتەوەیەکی دیکە لە عێراق ھەبێت و شانبەشانی نەتەوەی عەرەب ئەویش ھەمان مافی ھەبێت، دوای ٢٠٠٣ عەقلیەتی ئەوان قەبووڵی سیستەمی فیدراڵی ناکات. ئێستەش زۆربەی زۆری لایەنە سیاسییەکانی عێراق قەبووڵی سیستەمی فیدراڵی ناکەن، بەڵام شتێکە بەسەریاندا ھاتووە و تازە لە دەستیان دەرچووە. ئەوان پەشیمانن لەو دەستوورەی کە ئێستە لە عێراق ھەیە، پەشیمانن لەوەی کە ڕازی بوون بە سیستەمی فیدراڵی؛ بۆیە بە ھەموو شێوەیەک دژایەتی خەڵکی کوردستان دەکەن، کەمتر لە پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن، ناوە ناوە ئاماژە بەوەش دەکەن پێویستە ئەو دەستوورە بگۆڕدرێت. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە لە عەقلیەتی ئەواندا جێگەی فیدراڵی نابێتەوە، جێگەی پێکەوەژیان نابێتەوە، کێشەی ئێمە لەگەڵ دەستوور و حکوومەتی عێراق نییە، کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەو عەقلیەتەیە کە حکوومەت بەڕێوە دەبات، کێشەمان لەگەڵ ئەو لایەنانە بووە کە ھەژموونیان بەسەر حکوومەتەوە ھەیە، ڕێگە نادات حکوومەت بڕیارەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بۆیە پێموایە ئەوەش بەردەوام دەبێت، ھێزی ئێمەش ئەوەیە یەکگرتوو بین لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووبەرووبوونەوەی ئەو عەقلیەتەی بەغدا.