ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەیاوەری شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ھێزە سیاسییەکانی دیکەی عێراق لەسەر پرسەکانی بودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەو پرسانەی کە بە ھەڵواسراوی لەنێوان ھەردوولادا ‌ماونەتەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێناوە و بە بایەخەوە لە سەردانەکە و دەرەنجامەکانیشی دەڕوانن. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت، ھەنگاوێک دەگرینەبەر، کاریگەری لەسەر ڕەوشی سیاسی عێراق دەبێت.

ڕۆژی پێنج شەممە شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کورستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە یاوەری قوباد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد و ١٤ کۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان کرد، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەشیاندا بۆ بەغدا، شاندی حکوومەت لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر دۆزینەوەی چارەی گونجاو بۆ کێشە یاسایی و داراییەکانی نێوان ھەولێر بەغدا کردەوە بەپێی دەستوور و ڕێککەوتنەکان. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەت، لە دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردووەتەوە، نابێت شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێن و پێویستە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارە بکرێت و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان چیدیکە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن.
لە سەردانە یەک ڕۆژییەکەیاندا بۆ بەغدا، شاندی حکوومەت بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران لەگەڵ ھەریەکە لە نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسر، ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی ھاوپەیمانی سیادە، عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی ھاوپەیمانی نیشتمانی عێراق، فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی ئەھلی حەق کۆبوونەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکان جەخت لەسەر بەدەستھێنانی پاڵپشتی سیاسیی کراوەتەوە بۆ چارەکردنی کێشەکان.
شاندە باڵاکەی حکوومەتی ھەرێم، داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە مانگانە بڕی ھەشت سەد ملیار دینار بۆ ماوەی شەش مانگ بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرن، ئەم داواکارییەی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێم وەک چارەیێکی بە پەلەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، چونکە پێشنیازی ئەوەش کراوە کە دواتر یاسای بودجەی گشتیی عێراق ھەموار بکرێتەوە، بەجۆرێک مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان جیا بکرێتەوە و مسۆگەر بکرێت و تێکەڵ بە ھیچ کێشەیەکی سیاسیی و دارایی نەکرێت، بەم شێوەیە ئەگەر بۆ ھەر مانگێک حکوومەتی عێراق مانگانە ھەشت سەد ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ داھاتی ناوخۆ مانگانە دەتوانێت بەبێ ھیچ کێشەیەک مووچەی فەرمانبەران دابەشبکات، لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەڵێنی پشتیوانی پێشنیازەکەیان داوە، بۆیە ھەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر پێشنیازەکە بدرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ھەموارکردنەوەی ماددە و بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی ئەگەرێکە بۆ تێپەڕاندنی پرسە داراییە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە میانی دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ھەستی بەوە کردووە محەممەد شییاع سوودانی ئارەزووی چارەکردنی ئەو کێشەیە دەکات لەبارەی بودجە و شایستەکانی ھەرێمی کوردستانەوە دروست بووە.
مەسرور بارزانی، لەبارەی سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە سیاسییەکان، گوتی: سەردانەکە بۆ داکۆکیکردن بوو لە ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان، ھاوکات سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی کرد بۆ ئەو یەکڕیزییەی بەرامبەر بە ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان نیشانیاندا.
نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەشبینی خۆی لەبارەی کۆبوونەوەکان ڕایگەیاند، ئەوەی من دەیبینم لە ڕێککەوتنی نێوان ھەردوولا ھەموو کێشەکان چارە دەکرێن و لەو بڕوایەدا نیم کێشەیەکی وا ھەبێت کە چارەکەی مەحاڵ بێت لە نێوان ھەرێم و بەغدا.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسڕ، ڕایگەیاند: پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بە ھیچ بابەتێکی دیکەوە نەبەسترێتەوە و پێویستە خەرج بکرێت، نابێت لایەنگیری لە مووچەی فەرمانبەراندا بکرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی لەگەڵ سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆمەڵێک ھەنگاومان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەو ستەمەی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت بکەین.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد: بە سەرۆکی فراکسیۆنە جیاجیاکانی عێراقییان گوتووە، کە لە پەرلەمان دەستەوەستان ناوەستن بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش ھەنگاوی دیکەش دەگرینەبەر، ھەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێدەنگ نابن و ھەمووان ھاوڕاو و ھاودەنگن، دەستکەوت و بەرھەم لە یەکگرتوویی دایە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆڵی یەکگرتوویی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەرز دەنرخێم و ئەو یەکڕیزییە وایکرد فراکسیۆنەکانی دیکە نەتوانن وەڵامی ئەرێنییان بدەنەوە.
جەختیشیکردەوە: ئەوان لەناو پەرلەمانی عێراق ھاوشانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە جددی کار دەکەن بۆ ئەوەی چیتر مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دوانەکەوێت و ئەو بابەتە لەگەڵ بابەتەکانی دیکە تێکەڵ نەکرێت و نابێت بە ھەڵواسراوی بمێنێتەوە. فراکسیۆنە عێراقییەکان پێیان گوتوون، ئیمزاکان لەسەرووی ئەو ژمارەیە کە پێویست بوو کۆی بکەنەوە بۆ ناردن و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، ھیچ لایەنێکی عێراقی پێچەوانەی داواکارییەکانی ئەوان وەڵامیان نەبووە، بەڵکو ھەمووان بەیەکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی دەرچەیەکی یاسایی بدۆزنەوە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت و چیتر دوانەکەوێت، ئەگەر ڕەفتارەکان بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بەو شێوەیە بەردەوام بن، ھەندێک ھەنگاو دەنێن پێشبینی نەکراوە و دواجار کاریگەری لەسەر ڕەوشی سیاسی لە عێراق دەبێت.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لە چەند ڕوویەکەوە گرنگ بوو، بەتایبەت نیشاندانی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد و ھاوکات گەڕانەوەی ئومێدیش بوو بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا خاڵێکی دیکەی گرنگ لە سەردانەکەی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەوە بوو سەرۆکوەزیران پەیامێکی بە دەسەڵاتدارانی عێراق دا، کە دوای ٢٠ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەڵام ھێشتا ستەم لە کورد دەکرێت و نابێت ئەو ستەمە بەردەوام بێت، ھەروەھا ئەو سەردانە سەلماندی کە کورد لەگەڵ چارەکردنی کێشەکانە لەگەڵ عێراق و پەیامێک بوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.