شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆبوونەوەدان

کەمێک پێش ئێستا، کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق دەستیپێکرد.

کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ و لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا لە کۆبوونەوەدان.

شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران.

گفتوگۆکانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق  لە کاتژمێر 11ـەوە دەستیپێکردووە و بە گوێرەی زانیارییەکان 10 کۆبوونەوەی پشتڕاستکراوە لە خشتەی چالاکییەکاندا هەن و تا نیوەی شەو دەخایەنێت.

هەر ئەمڕۆش، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان”.