مامۆستایەكی زانكۆ: حكومەتی عێراق هەموو سنوورە یاسایی و دەستورییەكانی بەزاندووە

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

مامۆستایەكی زانكۆی سۆران پێی وایە نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەناویاندا مووچەی مووچەخۆران پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەییە، پێویستە بەرەیەكی یەكگرتوو بۆ بەرگرتن لە حكومەتی عێراق و بڕیاردەرانی پشت حكومەتی عێراق لەوبارەیەوە، دروست بێت.

د. سانع شەریف، مامۆستای زانكۆ لە فاكەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەكان و بەڕێوە بردن، بە هەولێری راگەیاندووە پێویستە لەسەر نەناردنی شایەستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كۆمەڵگای نێودەولەتیشی لێ ئاگادار بكرێتەوە. هەرچۆنێک بێ هەڵسوكەوتی حكومەتی عێراق بەرامبەر قووتی خەڵک و برسیكردنیان هیچ ڕەوایەتییەك هەڵناگرێ، چونكە مافی بژێوییانە، كە دەچێتە چوارچێوەی پێشێلكردنی مافی مرۆڤەوە. ئەم ڕەفتارەی حكومەتی عێراق هیچ جیاوازییەكی نیە لەگەڵ سەردەمی كۆڕەوەكەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ كە رژێمی پێشووی بەعس بەرامبەر گەلی كورد دەیکرد، كە بووە هۆی ئەوەی كۆمەڵگای نێودەڵەتی دەستێوەردان بكات. ئێستا دەسیكردن بە پرسی بژێوی خەڵك لەلایەن حكومەتی عێراق كە بۆ ٣ مانگ دەچێ هەموو سنوورە یاسایی و دەستورییەكانی بەزاندووە تەنانەت هیچ دانوستانی تریش، هەڵناگرێت.
ئەم مامۆستایە گوتیشی: گرنگتر لەمەش هاتنی ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەتی ناوەند وەك قەرز دەینێرێت بۆ حكومەتی هەرێم جێگەی گومانە و نیازپاكیی لێ نابینرێت؛ بەلكو ئەمە یەكەم وەك خۆی دەڵێت قەرزە لەسەر حكومەتی هەرێم، دووەمیش بۆ ئەوەیە لە بەرامبەری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ڕووی خۆی پێ سپی و بێبەری بكات تاكو بڵێت ئەوەتا ئێمە هەموو دەستپێشخەرییەكمان كردووە بۆ حكومەتی هەرێم بەڵام حكومەتی هەرێم تێیدا كەمتەرخەمە، لە كاتێكدا روونە حكومەتی هەرێم پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە. پرسیارێكی گرنگ و سادە دێتە پێشەوە کە بۆچی حكومەتی عێراق مووچەی خەڵكی كوردستان نانێرێت مادام ئەوان پێیان وایە جیاوازی لەنێوان هاوڵاتیانی عێراقدا ناكەن بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بۆیە ئەمە جگەلە قەتیسكردنی پرسی كورد لە مووچەی فەرمانبەران و سەرگرێدانی حكومەتی هەرێم و برسیكردنی خەلكی هەرێم، هیچی تری لێ ناخوێنرێتەوە.