مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا: ملکەچی هیچ لایەنێک نابین

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، “خەڵکی کوردستان ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانە نابێت، کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری”. دەشڵێت، “بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستوور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێلدەکرێن”.

ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار تۆم کیمج کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی کەنەدای کردووە بۆ هاریکاری و پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش.

لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی عێراق، وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی دەکات، هەرێمی کوردستان، “هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە، بەڵام جێی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە، کە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستوور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکرێن”.

بە گوتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوانی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق و ئەجێندای حکومەتیش ناگیرێت کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا .”

مەسرور بارزانی دووپاتیدەکاتەوە، خەڵکی کوردستان “بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت، کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان.”