قاھیرە‌ بە‌ ھونە‌ری كوردی ئاشنادە‌بێت

شێرکۆ حەبیب ـ قاهیرە‌

بۆ ساڵی دووەمە ھونەر و میوزیکی کوردی دەبێتە میوانی پایتەختی ھونەری عەرەبی قاھیرە کە دووەم ساڵە لە ڕێگای مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە میوانداریی ھونەرمەندانی کورد لەخۆ دەگرێت. جێگای شانازییە کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، پار توانیمان تیپی میوزیکی کوردی داوەتی قاھیرە بکەین بۆ یادێکی پڕ لە شکۆ و سەروەری ئەویش ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەمساڵیش ھونەرمەند کاک کەریم گوڵانی و فەخرەدین ھەولێری توانییان بە دەنگ و پەنجە بەسۆز و ڕەنگینەکەیان جۆش و خرۆش و خۆشی لە شەوێکی گەرم و شێداری مانگی ئاب بخەنە دڵی کۆمەڵێک ھاووڵاتی میسری کە ئامادەی ئاھەنگی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی بوون و ماندبوونی ڕۆژگاری سەختی پر لە کاریان لە یاد بردنەوە. ھەر چەندە لە وشەکانی گۆرانیەکان نەدەگەیشتن، بەڵام وەک دەڵێن (میوزیک زمانی گەلانە) لە ئاوازی گۆرانییەکان و دەنگی ھونەرمەند گوڵانی و میوزیکی ھەولێری ھەستێکی دیکەی پێ دابوون و شایی و ھەڵپەرکێ لە شەوێکی کوردەواری. ئاھەنگەکە بووە جێگای خۆشحاڵی ئامادەبووان و سەرسوڕمانی خۆیان بۆ میوزیکی کوردی دەربڕی و ھەستیان بە جوانی ئاواز و ناسکیی وشەکان دەکرد.
گرنگە زیاتر بایەخ بەم بوارە بدرێت و پەیوەندییدکان توندوتۆڵتر بکرێن و گۆڕینەوەی سەردانی شاندی ھەردوو لا بۆ ئەوەی زیاتر میسرییەکان ئاشنای ھونەری کوردی بن.
ھەروەھا کۆمەڵێک گۆرانیی عەرەبییان پێشکەش کرا کە ئەوەش میسرییەکانی سەرسام کرد کوردێک بەو شێوازە بتوانێ گۆرانیی عەرەبی بچڕێت، ھەروەک گوڵانی خۆی گوتی ئەگەر عەرەبیەکەم باش نەبوو ئەوا من کوردی عەمارەم. شەوێکی ئارام و خۆش بوو ساتێک گۆرانیبیژی میسری ئەحمەد جەوھەر کە دۆستی کوردە ئاھەنگەکەی زیاتر ڕازاندەوە بە چەند گۆرانیەک.