مانگانه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ٤٦ ملیار دینار، بۆ ته‌رخانكردنی ئاوی خواردنه‌وه بۆ هاووڵاتیان خه‌رج ده‌كات و بەشێوەیەکی گشتیی ڕۆژانه ٢ ملیۆن و ٧٨٤ هه‌زار و ٦٠٦ مه‌تر سێجا ئاوی خاوێن به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و ده‌گه‌یه‌ندرێته هاووڵاتیان.
حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، هه‌موو هه‌وڵێكی خستووه‌ته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ڕاده‌ی پشتبه‌ستن به سامانی ئاوی ژێرزه‌وی كه‌م بكرێته‌وه و ئاوی سه‌رزه‌وی، به تایبه‌تی ڕووباره‌كان، ببنه سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می دابینكردنی ئاو.
بۆ ئەم مەبەستەش وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ٨١ پرۆژه‌ی ئاوی له‌سه‌ر ڕووباره‌كان هه‌یه و ڕۆژانه ئاوی خاوێن بۆ دانیشتووانی شاره گه‌وره‌كان و ناوچه‌كان له ڕێگه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌وه دابین ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به ئاوی ژێرزه‌وی، وه‌ك ده‌رئه‌نجامێكی نه‌بوونی سیاسه‌تی به‌كارهێنانی ئاو له ڕابردوودا، ٥ هه‌زار و ٧٨٧ بیری ئاو وه‌ك سه‌رچاوه‌ی دووه‌می دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گیرێت. به‌شێك له‌و بیرانه ئاستی ئاو تێیاندا دابه‌زیوه و حكومه‌ت ستراتیژی پشتبه‌ستن به ئاوی سه‌رزه‌وی خستووه‌ته بواری جێبه‌جێكردن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاده‌ی پشتبه‌ستن به‌و سه‌رچاوانه كه‌متر بكرێنه‌وه و پارێزگاری له سامانی ئاوی ژێرزه‌وی بكرێت.
یه‌كێكی دیكه له خزمه‌تگوزارییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، گرتنه‌به‌ری ڕێكاری به‌په‌له و پێویسته بۆ ڕێگرتن له سه‌رهه‌ڵدانی گرفتی نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه له‌و ناوچانه‌ی به هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه زیانی زۆریان به‌ر كه‌وتووه و ئاستی ئاوی ژێر زه‌وییان به ڕاده‌یه‌كی زۆر دابه‌زیوه، یان سوودمه‌ند نه‌بوونه له پرۆژه‌كانی ئاوی سه‌رزه‌وی.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، ڕۆژانه له ڕێگه‌ی ته‌نكه‌ره‌وه، سه‌دان هه‌زار لیتر ئاوی خواردنه‌وه بۆ ماڵان له ناوچه دوورەده‌سته‌كان و گونده‌كان دابین ده‌كرێت.
خه‌رجیی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتیان، مانگانه ٤٦ ملیار دیناره
پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردنی ئاو و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی ئاو، هه‌روه‌ها خه‌رجیی سووته‌مه‌نی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئاو، به گوێره‌ی خه‌مڵاندنی وه‌زاره‌ت، ده‌گاته ٤٦ ملیار دینار.
به كۆكردنه‌وه‌ی بڕی خه‌رجی و تێچووی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردنی ئاوی خاوێن بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار داتای ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌سته، كه ساڵانه زیاتر له ٥٥٠ ملیار دینار، له لایه‌ن كابینه‌ی نۆیه‌مه‌وه بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن خه‌رج ده‌كرێت.
به‌رده‌وامیی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر دابینكردنی ئه‌و خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌ی ژیانی هاووڵاتیان و خه‌رجكردنی ئه‌و بودجه‌یه، له كاتێكدایه، كه قه‌یرانێكی دارایی سه‌پێندراو به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا له ئارادایه و حكومه‌تی عێراق، به‌رپرسیارێتیی ده‌ستووری و یاسایی‌ی خۆی له خه‌رجكردنی بودجه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج نه‌كردووه.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری