سەرۆک بارزانی لایەنی حزبی و حکوومی ڕاسپاردووە بۆ خزمەتکردنی زیاتری دەڤەری بادینان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بادینان چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن سەرۆک بارزانی، لە بادینان لەگەڵ چین و توێژی جیاجیا و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و پەککەوتووانی سەنگەر و تێکۆشەرانی سنوورەکە و مامۆستا و کەسایەتی ئایینی و کاسبکار و جووتیار و گەنجان و ئافرەتان کۆبووەوە و ڕایگەیاند: پێویستە خزمەتی زیاتری ھاووڵاتییان بکرێت بەبێ جیاوازی. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، دەڵێن: ھەموو داواکاری و ڕەخنە و پێشنیازەکانی ھاووڵاتییان وەرگیراون و سەردانەکە جێی ئومێدە و ئەو سەردانە دەبێتە فاکتەرێک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی دەڤەرەکە و پڕۆژەی زیاتر ئەنجام دەدرێن.

سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند، کە ھاتۆتە بادینان بۆ ئەوە ھاتووە گوێ لە ھەموو چین و توێژەکان بگرێت و داواکاری ئەوان وەربگرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی بۆ بکەن و کێشەکان چارەبکەن، خەڵکی ئێمەش زۆر بە ئازادانە گلە و گازندەیی خۆیان گەیاندە سەرۆک بارزانی.
چین و توێژەکان دیدارەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەرز دەنرخێنن، لەبەر ئەوەی سەرۆک دروشمێکی ھەبوو و ڕایگەیاند، ھاتووم گوێ لە گلەیی و داواکاری ئێوە بگرم، لە کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ چین و توێژەکان ھەمیشە دووبارەی دەکردەوە کە ھاتووم گوێ لە ئێوە بگرم ئەوەش زیاتر زەمینەی سازکرد بۆ ئەوەی ئامادەبووان گلەیی و ڕەخنە و پێشنیازی خۆیان لە ھەموو بوارێکدا بگەیەنن بە سەرۆک بارزانی.
بەگوتەی بەرپرسانی حزبی و حکوومی، ھەموو چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگە لەبەردەم سەرۆک بارزانی ئامادەبوون و بە ئازادی داواکاری و ڕەخنە و پێشنیازی خۆیان گەیاند، ھەروەھا سەرۆک بارزانی زۆرترین کاتی بۆ ھاووڵاتییان دابین کرد تا لە نزیکەوە گوێی لە داواکاری و سکاڵای ئەوان بگرێت، ھەموو داواکاریی و سکاڵای ئامادەبووانی دیدارەکەی سەرۆک بارزانی بە سینگێکی فراوان وەرگیران، سەردانەکە بەشێوەیەکی گشتی ئومێدی لای ھاووڵاتییان دروست کردووە.
ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی لە شێخان، گوتی: خەڵکی شێخان بە سەردانی سەرۆک بارزانی زۆر دڵخۆش بوون و لە نزیکەوە گلەیی و داواکارییەکانیان بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند، بەتایبەتی لەڕووی جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان، ھەروەھا سەرۆک بارزانی باسی فەرھەنگی پێکەوەژیانی کرد کە ڕێگە نەدرێت ھیچ کەسێک و لایەنێکی نامۆ و لادەر ئەو فەرھەنگە دەوڵەمەندە بشێوێنن، دواتر سەرۆک بارزانی بە درێژی باسی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری کرد، ھاووڵاتییانیش زۆر دڵخۆش بوون، کە سەرۆک بارزانی لەنزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانیان گرت.
مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی، ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی لە دوایین سەردانی بۆ پارێزگای دھۆک سەردانی قەزای بەردەڕەشی کرد و لەگەڵ نوێنەری ھەموو چین و توێژەکان کۆبووەوە و داواکاریی و گلەیی خەڵک گەیشتە لای سەرۆک بارزانی، لە قەزای بەردەڕەش خەڵک باسی لە کێشەکانی کرد، سەرۆک بارزانییش گوێی لە داواکارییەکانی خەڵک گرت و ھەموو ئەو شتانەی پێویست بوون و خەڵک داوایان دەکرد لای خۆی نووسیوە و بەڵێنی بە خەڵک دا داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات، دڵنیام ئەو سەردانە دەبێتە فاکتەرێک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی دەڤەرەکە و پڕۆژەی زیاتر ئەنجام دەدرێت، وەکو تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی لە کابینەی نۆیەم ئەنجامدراون گرنگییەکی تایبەتی ھەبووە بۆ ئەو قەزایە.
بەرپرسی لقی نۆی پارتی، گوتیشی: ئێستە بە گوژمەی سەد ملیار دینار پڕۆژە لەو ناوچەیە ئیحالە کراوە و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا جێبەجێ دەکرێن، بۆیە ئەو سەردانە دەبێتە فاکتەرێک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی قەزای بەردەڕەش.
بەرپرسی لقی نۆی پارتی، زیاتر دەڵێ: سەردانی سەرۆک بارزانی لەم قۆناغەدا بۆ ئاکرێ، و بەردەڕەش گرنگی و بایەخی زۆری ھەیە، بەتایبەت کە سەرۆک بارزانی داوای کردووە لایەنی حیزبی و حکوومی خزمەتی خەڵک بکەن و تێکەڵ بە ئێش و ئازار و داواکارییەکانیان بن.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی، دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ھەوڵیداوە خزمەتگوزاری بگەیەنێتە ھەموو ناوچەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی، ھاوکات ئاماژەی بەوەشدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی دامەزراندنی چەندین فەرمانگەی نوێ لە قەزای ئامێدی کارئاسانی زیاتری بۆ ھاووڵاتییانی دەڤەرەکە کردووە، بۆ ئەوەی بۆ لەمەودوا بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان سەردانی پارێزگای دھۆک نەکەن و ھەر لە شوێنەکەی خۆیان کارەکانیان ڕایی بکەن.
قایمقامی قەزای ئامێدی، گوتیشی: لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەد و نەوەد و حەوت پڕۆژەی ستراتیجی و مامناوەند بۆ قەزای ئامێدی جێبەجێکراون یاخود لەبواری جێبەجێکردندان.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی، دەشڵێ: سەرۆک بارزانی، جەختی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر لە کەرتە جیاوازەکان بە ھاووڵاتییان کردەوە و گوتیشی: گرنگە پەرەی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت و بکرێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی داھات و ئابووری ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا باس لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کرد و گوتی، پێویستە زیاتر خزمەتی ناوچەکە بکرێت و ئەو کێشانەی ھەن چارە بکرێن.
بەرپرسانی حیزبی و حکوومی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ڕایانگەیاند: ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێگەی دەستخۆشی و ئومێدە بۆ خەڵک، دڵنیاین ھێشتا دەستی ئاوەدانی بۆ زاخۆ زیاتر دەبێت، بەتایبەتی دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی چەندین پڕۆژەی دیکە جێبەجێ دەکرێن.