ڕائیب جادر – هەولێر
لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ پێشوازی کردن لە زیارەتکارانی ئێرانی، لە دوو خولەکدا پەنجا و یەک زیارەتکار دەتوانن مامەڵەکانیان تەواو بکەن و بێنە ھەرێمی کوردستان.
لیژنەی باڵای پێشوازی دوو وێستگەی سەرەکی بۆ زیارەتکاران ئامادەکردووە یەکێک لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و ئەوەی دیکە لە ھەولێر، دوو وێستگەی لاوەکییش لە کانی ماران و شێراوە بۆ شوێنی حەوانەوەی زیارەتکاران بە ھەموو پێداویستییەکانەوە ئامادە کراون.
سەردانی زیارەتکاران لە ١٨ـی ئابەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو چلەی ئیمام حوسێن لە ٦ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری شیعە مەزھەب لە ناوچەکانی دیکەوە بە پیادە دەچنە کەربەلا بۆ ئەوەی بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بکەن. بەشێک لەو زیارەتکارانەی لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە دەچنە کەربەلا. دەڵێن: یەکەم جارە لە ھەرێمی کوردستانەوە گەشت دەکەین، خزمەتگوزاری و پێشوازی لە میوانان زۆر باشە و زۆر سوپاسی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان دەکەین. عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران، دەڵێت: ئەوەی لە توانای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت بۆ پێشوازی و بەڕێکردنیان بۆ کەربەلا درێغی ناکات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای بۆ پێشوازی کردن لە زیارەتکاران پێک ھێناوە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازییان لێ بکرێت. سیروان حوسێن، وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، گوتی: پێنج سەد ھەزار زیارەتکار لە ڕێگەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دێنە ھەرێمی کوردستان، ھەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، ژمارەی کارمەندانی پاسپۆرت زیاد کراون، ھەروەھا ھەزار و پێنج سەد پاس ئامادەکراون کە توانای ھەڵگرتنی سی ھەزار کەسییان ھەیە، لە ھەولێریش بۆ بەغدا دوو ھەزار و پێنج سەد پاس ئامادەکراون و زیارەتکاران دەگوازنەوە.