بەمنزیکانە دەروازەی سیدەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێتەوە

دوای سەردانیان بۆ پاریزگای هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، دوێنێ، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیان بەست.

پارێزگاری ورمێ ئاماژەی بە فراوانبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرد و ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و ھەرێمی كوردستان كراوە.
ئەوەشی خستەڕوو دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران گونجاوە و لەماوەی یەكساڵی رابردوودا لەڕێگەی ئەو دەروازە نێودەوڵەتییەوە بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و ھەرێمی كوردستان كراوە.
باسیشی لە کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ کرد لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران و گوتی: كردنەوەی دەروازەی سنووری سیدەكان ڕێككەوتنی لەسەركراوە و لەم نزیكانە دەكرێتەوە.
پارێزگارەکەی ورمێ، ڕاشیگەیاند: لەگەڵ هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتنمان لەبارەی زیارەتکاران هەیە و ئەوان هاوکاریی باشی زیارەتکاران دەکەن و پێداویستی و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکەن.
دواتر، ئومێد خۆشناو، باسی لەوە کرد لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و پارێزگاری ورمێ شاندێک لە هەردوولا بەڕێوەچوو.
ئومێد خۆشناو ئەوەشی ئاشکرا کرد، یەکێک لەو تەوەرانەی لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی دەربارەوە کرا، ئامادەکاری ئەمساڵە بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە دەروازەی حاجی ئۆمەران – تەمەرچینەوە، کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، ئامادەکاری تەواو کراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی ساڵی رابردوو، کە یەکەمساڵ بوو لەم دەروازەیەوە زیارەتکاران هاتووچۆ بکەن، ئاسانکاری زۆر باش بۆ زیاترەتکارانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق کراوە.