یاسای نەوت و گاز، یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی و دادگەی فیدراڵی پەسەند دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەڕانەوە ھەولێر، لیژنەی چاودێریی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی و نەوتیش ھەرچییان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوا کردووە خراوەتە بەردەستیان. سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ھیچ بیانۆیەک بە دەست بەغداوە نەماوە و ئەم مانگە حکوومەتی عێراق تەواوی پشکی ھەرێمی کوردستان، کە لە یاسای بودجە جێگیرکراوە، دەنێرێت.

سەرۆک بارزانی لە سەڵاحەددین لەگەڵ وەزیر و ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و بەرپرسانی پارتی لە بەغدا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی و دوایین پێشھاتەکان تاوتوێ کران.
بارەگای بارزانی، ڕایگەیاند: لەم دیدارەدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی تێڕوانینێکی گشتییان لەبارەی ئامادەکاریی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و گرنگترین ئەو یاسایانەی خستەڕوو کە لەم وەرزەی پەرلەمانی عێراق تاوتوێ دەکرێن، لەوانەش یاسای نەوت و گاز، یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی و یاسای دادگەی فیدراڵی.
سەرۆک بارزانی، لە وتەیەکدا دووپاتیکردەوە: ئێمە خاوەنی پرسێکی ڕەواین، لە ھەموو قۆناغەکانیشدا لە پڕۆسەی سیاسیدا ھەمیشە پابەندین بە ھەر سێ بنەمای تەوافوق و شەراکەت و ھاوسەنگی. پێویستە مافە دەستوورییەکانی قەوارەی یاسایی و دەستووریی کوردستان و گەلەکەی پارێزراو بێت، چونکە ئەم ھەرێمە بەرھەمی خەباتێکی دوور و درێژە لە پێناوی ئازادی.
سەرەتای ھەفتەی ڕابردوو شاندێکی باڵای دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و چەندین کۆبوونەوەیان بە مەبەستی وردبینی لە داھات و خەرجی نەوت و نانەوتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری، گومرگ، باج، بودجە و چەندین بەڕێوبەرایەتی و وەزارەتی حکوومەتی ھەرێم کرد. ئەو تیمە ئێستە گەڕاوەتەوە بەغدا، وەزارەتی دارایی ھەرێم بە ھیوایە بە زووترین کات ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک وەزیران و وەزارەتی دارایی بکەن، بۆ ئەوەی بسەلمێنن کە ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ھیچ ڕێگەیەک لەبەردەم حکوومەتی عێراق نەماوە و دەبێت شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، پێشتر بیانووی بەوە دەگرت حکوومەتی ھەرێم نەوت دەفرۆشێت، بەڵام ئێستە ئەوەش نەماوە، لەگەڵ ئەوەی ڕێککەوتن کراوە و لە پەرلەمانیش دەنگ لەسەر بودجە دراوە و بۆتە یاسا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پابەندی ھەموو ڕێککەوتنەکان بووە، بۆیە ھیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان نەماوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: لیژنەکانی وردبینی زۆریان نەماوە کاری خۆیان تەواو بکەن، بەوەش ئەم مانگە حکوومەتی عێراق، تەواوی پشکی ھەرێمی کوردستان، کە لە یاسای بودجەی گشتیدا جێگیرکراوە، کە نزیکەی ترلیۆنێک و دوو سەد و پەنجا ملیار دینارە دەنێرێت.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: وەکو ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ھیچ کاتێک لەسەر مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان سازش ناکەین و کار دەکەین بۆ ئەوەی بودجەی کوردستان بەبێ کێشە ڕەوانە بکرێت.